نوچە-رادیو فردا
حەسەن روحانی،سەرۆککۆماری ئێران وێڕای ئاماژەدان بە ئاماری تیرۆر وتوندوتیژیەکان لە جیهان دەڵێت:بەداخەوە ٨٤%ی توندوتیژی، تیرۆر و مرۆڤ کوشتنەکان لە جیهانی ئیسلام، لە باکووری ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و رۆژئاوای ئاسیا، روودەدەن.
بە گوێرەی ئاژانسی ئیرنا، حەسەن روحانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەم لێدوانەی لە کاتی بەشداریکردنی لە بیست و نۆیەمین کۆنفڕاسنی نێودەوڵەتی یەکگرتوویی ئیسلامی خستە روو و پرسیار دەکات کەبۆچی بێدەنگییان هەڵبژاردووە” چی رووی داوە کە بەرامبەر بەم هەموو کوشتار وخوێن رشتنە، بێ دەنگیمان هەڵبژاردووە؟”.
روحانی لە درێژەدا دەڵێت: ئایا بۆ جیهانی ئیسلام مایەی شەرمەزاری نییە کە موسوڵمانان و منداڵەکانیان لە ئاوەسار و چۆم و دەریاکان، وەک پەنابەر روودەکەنە وڵاتانی غەیرە ئیسلامی و ئەم وڵاتانەش سنووریان لێ دادەدخەن؟
روحانی سەبارەت بە هۆکارەکانی پەرەسەندنی توندوتیژی لە جیهانی ئیسلام دەڵێت: هەندێک لە خوێندنگاکان کە بە ناوی ئایینەوە دامەزراون. خوێندنەوەیان بۆ ئیسلام، دەقی قورئان و سیرەی پێغەمبەر، خویندنەوەیەکی توندوتیژئامێزە.
پێشتر باراک ئۆباما، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە وتاری ساڵانەی خۆی لە کۆری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، وێڕای ئاماژەدان بە جیهانی ئیسلام، جەختی لەوە کردبووەوە کە نابێ بیروزەینی گەنجەکان بە رق وکینە ئالوودە بکرێ و لەم پیناوە دەبێ ئاشتەوایی و نەرم ە نیانی، لە خوێندگاکانەوە دەست پی بکات.
روحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا،خوازیاری رووبەروو بوونەوەی وڵاتانی ئیسلامییە لە دژی ئیسرائیل “هیچ کات بیرمان لەوە نەدەکردەوە کە ئیسرائیل، وەک داگیرکەری سەرەکی لە یاد بکرێ و تەنانەت لە هەواڵەکانیشدا ناوی نەهێنرێ”.
سەرۆککۆماری ئێران لە کۆتایی قسەکانیداوڵاتانی ئیسلامی، دەکاتە بەردەنگی خۆی و داوادەکات” داوام لە وڵاتانی موسوڵمانی ناوچە و دەرەوەی ناوچەش تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە وڵاتانی دراوسێی خۆیان بۆمباران کردووە، ئەوەیە کە رێگای دروست هەڵبژێرن و دۆخی موسوڵمانان، لە بەرچاو بگرن. ئایا قبووڵ دەکرێت، کە پارەی نەوتی موسوڵمانان بدرێ بە بۆمب وموشەک وبە سەر خەڵکی هەژاری یەمەندا هەڵیرێژین؟”.