نوچە-شفقنا
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: لە ئەگەری دژایەتی تورکیا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە موسڵ ، بەرامبەر بە ئەنقەرە بژاردەی بەرگری دەگرینە بەر.
بە پێی ماڵپەڕی ئیسنا، ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق لە وتووێژ لە گەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، جەخت لەوە دەکاتەوە ئێمە لە گەڵ شەڕ نین، بەڵام ئەگەر بەرامبەرەکەمان پێداگری بکات بژاردەی دیکەمان بە دەستەوەیە.
ئیبراهیم جەعفەری گوتویەتی، عێراق پابەندە بە رێکاری ئاشتیخوازانە و نایەوێ دۆخەکە لەوە ئاڵۆزتر بکات، بەڵام ئەگەر بەرامبەرەکەمان لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگری بکات بژاردەی بەرگری رەچا ودەکەین. بەرگریش کاتێک کە سەروەریمان پێشێلبکرێت ،کردەوەیەکی یاساییە و شەرعییەتی هەیە.
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوە هاتووە کە بەغداد داوای لە کۆمکاری عەرەبی کردووە، لە دژی هاتنی سوپای تورکیا بۆ موسڵ بڕیارنامەیەک دەربکات.
جەعفەری ئەوەشی خستۆتە روو: تا ئیستا تورکیا داوای ئێمەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی بێ وەڵام هێشتووەتەوە، بەڵام بە گوتنی ئەوەی کە هێزەکانی خۆی سەر لە نوێ جێگیر دەکاتەوە، جۆرێکە لەئاژاوەگێڕان. گواستنەوەی هێزەکانی تورکیا لە شوێنێکی عێراق بۆ شوێنێکی دیکەی ئەم وڵاتە چ مانایەکی هەیە، سەروەری و خاک یەکە و ئەمەش جۆرێکە لە پێشێلکردن.
ئیبراهیم جەعفەری لە درێژەدا بە رۆیتەری گوتوە: هیوادارم تورکیا عاقڵانە مامەڵە لە گەڵ ئەم بابەتە بکات و تووشی ئەم هەڵەیە نەبێت.
هاوکات هۆشداری داوە، ئەگەر تورکیا ئەم هەڵەیە بکات،خەڵک و دەوڵەتی عێراق بێ دەنگ نابن ،ئەگەریش بڕیار وایە شەڕێک روو بدات، بەرەنگاری ئەم شەڕە دەبینەوە.
جەعفەری لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی دەڵێت: ئێمە خوازیاری پەیوەندییەکی باشین لە گەڵ تورکیا، بەڵام ئەگەر تورکیا نەیەوێ رێوشوێنی و رێکاری دیکەمان بە دەستەوەیە.