شەماڵ چیمەنى : ئەم شەو لەیاد ئەچیت
ئەم شەو شەوى کۆتایى یە
ئەسڕێتەوە بەیەکجارى!
تەمەنێک لەعیشق و ئەوین
دواین دێڕو دوا یادگارى!
هەناسەکان لەگەروما
گوزەر ناکەن بەیەکسانى!
ئەمشەو سەراپاى تەمەنم
بۆتە خەم و پەشیمانى !
سەفەرئەکەن ئەمشەو هەموو
ووشەکانى خۆشەویستى !
لەمەیخانە ى تەنیایدا
چاولێک ئەنێن بەسەرمەستى !
لەیاد ئەچن بۆهەتایە
ئەم شەو دوا ژوان دوا دیدار
ئەسڕێتەوە لەتەمەنما
دواین چرۆ دواین بەهار
هەڵئەسێ دەریاى پڕشەپۆل
ئەمشەو بەفرمێسکى چاوم
ئەپسێ لەملوانکەى ملت
دواین ووشەوپیتى ناووم !
لەنگەر ئەگرێ کەشتى ڕقم
ئەم شەو لەڕۆخى دڵى تۆ !
پەشیمانم لەو عەیامەى
بەکاڵفامى بەخشیم بە تۆ !
ئەمە دواین شەوى منە
لەگەڵ تۆداو …دوا کۆتایە
ئەم شەو ئەمرى و جارێکى تر
ناوت بەسەر زارما نایە….!