نوچەنێت
ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی تورکیا، داوایەك ئاراستەی سەرکردەی ئەو حزبانە دەکات کەفراکسیۆنی پاڕلەمانییان هەیە لەتورکیا، هەرچی زووە کۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر دەستووری نوێ، بوودجە، چاكسازی و پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی تورکیا.
پارتی دیمۆکراتی گەلان(هادەپە) یەکەم پارتی کوردییە لە ئێستادا لە پاڕلەمانی تورکیا فراکسیۆنی تایبەت بەخۆی هەیە، بەهۆی ئەوەی هاوسەرۆکانی هادەپە لە ئێستادا بەسەردانێك لە ڕوسیان بەفەڕمی وەڵامی داواکارییەکەی ئۆغلۆیان نەداوەتەوە.
ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژی هادەپە (ئایهان بیلگەن)، تایبەت بە داواکارییەکەی ئۆغلۆ دوا و وتی “دوێنێ درەنگانی شەو داواكاریەكەمان بەدەست گەیشتووە، پاش تاوتوێ كردنی ناوەڕۆك، داواكاری و چاوەڕوانیەكانی كۆبوونەوەكە بەپێی یاساكانی پارتەكە، هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە دەكەین”.
ئایهان بیلگەن بە ئەرێنییەوە لە داواکارییەکەی داود ئۆغلۆی ڕوانی و دووپاتی ئەوەشی کردەوە لەنزیكترین کاتدا وەڵامی ئەو داواکارییە دەدەنەوە چونەکە وەك بیلگەن وتی “توركیا پێویستی زۆری بە دەستوررێكی نوێ هەیە”.
بیلگەن لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی “ئەم هەلە نەك تەنیا بۆ قۆناغی بنیاتنانەوەی دەستورێكی ئاسایی گرنگە، بەڵكو قۆناغی بنیاتنانەوەی دەستوور لە هەمان كاتدا لەڕووی چارەسەركردنی قەیرانەكانیشەوە گرنگە. گفتوگۆكان لەبارەی شێوازی بنیاتنانەوە و ناوەرۆكی دەستوورەكە، نابێت قۆناغەكە رابگرێت، نابێت هیچ كەس لەبەر چاوەڕوانیەكانی خۆی كار بكات، بەڵكو لە پێناو پێویستیەكانی كۆمەڵگادا هاوكاری بنیاتنەر پێشكەش بكات”.