نوچەنێت – دیگربان
غوڵام حسێن موحسنی ئژەیی، جێگری یەکەمی وەزیری دادوەری ئێران، وێڕای وەسفکردنی حەسەن روحانی بە “دووڕوو” بەڵێنی دەستگیر کردنی “دووڕووەکان” و “سیخوڕ”ەکان دەدات و دەڵێت، ئەم جۆرە کەسانە بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.
موحسنی ئژەیی دەڵێت: دووڕووەکان، شانازی بە دانیشتن و وتووێژ لە گەڵ شەیتانی گەورە دەکەن و سووکایەتی بە پاڵەوانان و گیانفیدایانی ناو کۆمەڵگای خۆیان دەکەن. بە نەخوێندەوار و دواکەوتوو ناویان دەبەن.
حەسەن روحانی و هاشمی رەفسەنجانی لە ماوەی رابردوودا، رەخنەگرانی کۆنەپارێزی خۆیان بە نەخوێندەوار و بێکار ناوبردووە، ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایەتی هەندێک لە لایەنەکان.
موحسنی ئژەیی، بە وەسفکردنی روحانی و رەفسەنجانی بە”دووڕوو” گوتویەتی: بە رواڵەت هیچ جیاوازییەک لە نێوان من وئێوە نابیندرێت.
لە تایبەتیەکانی خەڵکی دووڕوو ئەوەیە کە هەم لە گەل خەڵکی ئیماندار و باوەڕمەند هەڵسوکەوت دەکەن، هەم لە گەل دوژمنان و نەیارەکان.
وتەبێژی دەزگای دادوەری ئێران، ئاماژەی بەوە کردووە: دووڕوو، ئەو کەسانەن کە لە بەرامبەر زۆرداران و دوژمنان نەرمی دەنوێنن و باس لە زمانی دپلۆماسی دەکەن و بەدەمیانەوە پێدەکەنن.