نوچەنێت: تایبەت
تەنیا قوتابخانەیەکی قەزای خورماتو توانیویەتی، یادی رۆژی ئاڵای کوردستان بکاتەوە، ئەویش بە نهێنی.
بەهۆی ئاڵۆزی بارودۆخی قەزای خورماتوو ، هەبوونی میلیشیای حەشدی شەعبی، بە ئازادی یادە نەتەوەییەكانی گەلی كورد ناكەنەوە، ئەوەش بەجۆرێك لە رۆژی ئاڵای كوردستاندا، لە خورماتوو تەنیا لەیەک قوتابخانە یادی ئاڵای کوردستان کراوەتەوە، ئەویش بە نهێنی.
لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا لە شارۆچکەی خورماتوو ئاڵای کوردستان، زۆر بە کەمی بەدی دەکرا، بەڵام شارۆچکەکە بە ژمارەیەکی زۆر لە ئاڵای شیعە مەزهەبەكان داپۆشرابوو. هاونیشتمانیانی خورماتوو دەڵێن “هەستیان بە رۆژی ئاڵای کوردستان نەکردووە”.
وێڕای ئەوەی ماوەی ساڵێك و شەش مانگە هێزەكانی پێشمەرگە، رووبەرێكی زۆری شارۆچكەی خورماتوو دەپارێزێن، بەڵام هێشتا هاونیشتمانیانی ئەو شارۆچكەیە بە ئازادی یادە نەتەوەییەكان ناكەنەوە.
لە رۆژی ئاڵای كوردستاندا، شارۆچكەی خورماتوو كە 70 كیلۆمەتر دەكەوێـتە باشوری پارێزگای كەركووك، لە هەندێك شوێن تاكە تاكە ئاڵای كوردستان بەدی دەكرا، بەڵام بە ئاڵای شیعە مەزهەبەكان داپۆشرابوو.
بەوپێیەی هێشتا خورماتوو لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە حكومەتی عێراقە، لە یەك قوتابخانەدا بە نهێنی یادی ئاڵای كورستان كراوەتەوە. مامۆستایەكی ئەو قوتابخانەیەش لەلێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی روداوی گوتووە “ئێمە هێشتا لە قۆناخی خەباتی نهێنی داین”.
شیعەكانی خورماتوو لە هەر دوو دەروازەی شارۆچكەكە، ئاڵای شیعەكانیان هەڵداوە و لەسەر زۆربەی خانووەكانیش ئاڵایان هەیە. ئیدارەی خورماتووش هۆكاری نەبوونی ئاڵای كوردستان دەخاتە ئەستۆی پارت و لایەنە سیاسییەكانی ئەو شارۆچكەكە.
رۆژنامەنوسێکی کورد لە خورماتوو بە نوچەنێتی راگەیاند” کورد لە قەزای خورماتو بێ خاوەنە. شیعەکان وا هەڵسوکەوت دەکەن، ئێمە بەسەر خاک و ئاوی ئەوانەوە بین. ئیدارەی خورماتوو، بە ئاشکرا و نهێنی بەرگری لە هەڵسو کەوتەکانی ئەوان دەکەنو هەموو شتێکیان لێ قبوڵ دەکرێت”.
ئەو رۆژنامە نوسە کە بەهۆی دۆخی خورماتوو نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە دەڵێت” چۆن دەبێت لە قەزایەکی کوردستان، خەڵک نەتوانێت یادی ئاڵای کوردستان بکاتەوە؟ ئەوە تەعریبێکی ترە و دەیانەوێت کوردەکان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبێڵن.