ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی نێوان بارزانی و وەزیری بەرگریی ئەمەریكا

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لە كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای دووپاتكردنەوەی دۆستایەتیی و متمانەی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی ئەوەیشی بە بارزانی ڕاگەیاند كە بۆ تۆكمەتركردنی لێكتێگەییشتن و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا سەردانی هەولێری كردووە و وڵاتەكەی ڕەزامەندە لەو متمانە و هەماهەنگییەی كە لەنێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگەدا هەیە.

 

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هه‌رێم بڵاوی کردوەتەوە”ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی 12ـی 2015 لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاشتن كارتر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگری و سوپای ئەمەریكا و باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە عێراق”.

 

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لەم كۆبوونەوەیەدا كە جێگری سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێم و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە بە وەكالەت و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا ئامادە بوون،وەزیری بەرگریی ئەمەریكا سەرسامیی خۆی بە بوێری و ئازایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و شكستدانیان و پێزانینی بۆ قوربانیندانی پێشمەرگە هەبوو و سەرەخۆشیشی لە بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە. هەروەها ستاییشی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لە بەرەكانی شەڕ كرد كە لە ئەنجامی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان هاتووەتە دی. هەروەها باسی لەوەیش كرد كە هەرێمی كوردستان زۆر بە باشی توانیویەتی شەڕ بكات و بەرگری لەخۆی بكات و لە هەمانكاتیشدا خۆیشی بە باشی بەڕێوە ببات و ئەوەیش جێگەی سەرنجی هەموو لایەكە. داوایشی كرد هەموو لایەك سوود لە ئەزموونە گرانبەهاكانی هێزی پێشمەرگە وەربگرن لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا

 

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”وەزیری بەرگریی ئەمەریكا وێڕای دووپاتكردنەوەی دۆستایەتیی و متمانەی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی ئەوەیشی بە بارزانی ڕاگەیاند كە بۆ تۆكمەتركردنی لێكتێگەییشتن و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا سەردانی هەولێری كردووە و وڵاتەكەی ڕەزامەندە لەو متمانە و هەماهەنگییەی كە لەنێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگەدا هەیە”.

 

لەبەرانبەریشدا”بارزانی بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی ئەمەریكای كرد و سوپاسی یەكە و تیمەكانی سوپای ئەمەریكایشی كرد كە هاوكار و یارمەتیدەری پێشمەرگە بوونە و پێزانینی بۆ ماندووبوون و پەرۆشیی ئەوان هەبوو و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكای لە شەڕی تیرۆریستان بە زۆر باش وەسف كرد. لەدرێژەی قسەكانیدا باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ئەولەویەتی گەلی كوردستان بەرگریكردنە لە خۆی و شەڕكردنە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشاندا بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەك لەگەڵ هەر لایەنێك كە شەڕی تیرۆریستان بكات. سەرۆك بارزانی باسی لە هەوڵی هەمەلایەنە كرد بۆ لەناوبردنی تیرۆر لە عێراق و جەختی لەوەیش كردەوە كە پێویستە هاوكات بیر لە چارەسەری بارودۆخی سیاسیی عێراقیش بكرێت. هەروەها ئەوەیشی بە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ڕاگەیاند كە هەرچەندە گەلی كوردستان لەژێر گوشاری شەڕ و قەیرانی ئابووری و بڕینی بوودجە دایە بەڵام خۆڕاگر بووە و خۆڕاگرییەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خاوەنی دۆزی ڕەوای خۆیەتی و لەپێناویدا تێدەكۆشێ و قوربانی دەدات”.

 

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و سووریا و ناوچەكە بە گشتی و پلانی ئازادكردنی شاری موسڵ كرا و هەروەها چۆنییەتی بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هێزە عێراقییەكان و هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان تاوتوێ كرا”.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com