مەسعود بارزانی پیرۆزبایی جەژنی رۆژو لە کوردانی ئێزدی دەکات

0

نوچەنێت

مه‌سعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ڕۆژوو په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی كوردانی ئێزدی ده‌كات و دەڵێت، باشترین پەیامی پیرۆزبایی بۆ شنگالییەکان، ئازادکردنی شنگالە.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

خۆشحاڵم كە ئەمساڵ لەکاتێکدا جەژنی ڕۆژووی خوشك و برایانی ئێزیدی پیرۆز دەکەین کە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، ئازادکردنەوەی شنگالیان وەک دیاری پێشكەشی خوشك و برایانی ئێزیدی و گەلی کوردستان کردووە. ئازادکردنەوەی شنگال شیاوترین پیرۆزباییە بۆ خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و سەراسەری دنیا و ساڕێژی برینی ئێمە و ئەو ئازیزانەیە.

پەیامم بۆ خوشک و برایانی ئێزدی و هەموو پێکهاتەکانی شنگال ئەوەیە کە ناوچەکەیان بە درێژایی مێژوو نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینیی پێكهاتە جیاوازەكان بووە و پێویستە ئەو فەرهەنگەی پێكەوەژیان قووڵتر و دەوڵەمەندتر بكرێت لە دەڤەری شنگال و هەموو كوردستان و ڕێگە نەدرێت كە بە هیچ شێوەیەك زیان بە ئاسوودەیی خەڵك و فەرهەنگی پێكەوەژیانی كوردستانیان و خەڵكی شنگال بگەیەندرێت. هەروەها هیوادارم هەموو پێكهاتەكانی شنگال لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم كار بۆ ئەوە بكەن كە شنگال بە باشترین شێوە ئاوەدان بكرێت و هەروەها كاریش بۆ ئەوە بكرێت كە لەڕووی ئیدارییەوە ناوچەی شنگال تایبەتمەندیی خۆی هەبێت و بكرێتە پارێزگا.

لێرەوە خوشک و برایانی ئێزدی دڵنیا دەکەینەوە کە خەڵکی کوردستان پشتوپەنای ئێوەن و هیچ هێزێک ناتوانێت ئێوە لە گەلەکەمان داببڕێت و هەموو توانامان بۆ دابینکردنی ئایندەیەکی گەش بۆ ئێوەی خۆشەویست شان بە شانی گەلەی کوردستان، دەخەیەنە گەڕ.

هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی خێر و خۆشیی زیاتر بۆ خوشک و برایانی کوردی ئێزدی و ساڵ لەدوای ساڵ لە سایەی کوردستانێکی ئارام و ئازاددا و به‌خێروخۆشی و كامه‌رانی جەژنەکانیان پیرۆز بکەن.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

17ـی 12ـی 2015

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com