نوچەنێت
رۆژی 17 ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێك وەك رۆژی ئاڵا دیاریكراوە، لەكاتێكدا یادی رۆژی ئاڵا دەكرێتەوە جەنگ بەرۆكی باشووری كوردستانی گرتووە، ئەوەشبووەتە هۆی ئەوەی هاونیشتیمانیان بەجۆشتر ئەو یادە بکەن.
سەیزادە خانم، بە دایكی ئاڵای كوردستان نێودەبریت. ئەو، كچی كەریم ئەحمەدی، وەزیری پۆست و تەلەگرافی كۆماری كوردستانە، بە دەست و پەنجەكانی ئەو ئاڵای كوردستان چنراوە، لە بەروار 17/12 /1945 لە كۆماری كوردستان هەڵدرا، هەر بەوهۆیەوە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2009 بڕیاریدا 17 /12 هەموو ساڵێك بكرێتە رۆژی ئاڵای كوردستان.
بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی کوردستان، باس لە بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەکات، لەو کاتەی سەرۆکی حکومەت بووە، بە تۆڕی میدیایی روداوی گوت” بیرمە دوای رووخانی حكومەتی عێراق لە ساڵی 2003 ئەو كاتەی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووم، بڕیاردرا لەسەر فەرمانگەكانی حكومەت ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت، ئەمە یەكێكە لە خۆشترین رووداوەكانی ژیانی من. تەمەننا دەكەم رۆژێك لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت، بەهۆی تێكۆشانی پێشمەرگە و شەرڤانان وڵاتەكەمان لە دەستی داعش پارێزراوە و، ئێمە دەبێت جیاوازییەكانمان وەلانێن و لە ژێر ئاڵای كوردستان كۆببینەوە”.
ئەگەرچی كورد خاوەنی خاك و ئاڵای خۆیەتی، بەڵام هیشتا وەك دەوڵەتیك، لەسەر نەخشەی جیهان نییە، تەنانەت لە نێوان پارچەكانی دیكەی كوردستانیشدا ئاڵای كوردستان چەندین رەنگی جیاوازی هەیە.