نوچەنێت.هەولێر:
ئارام شێخ محهمهد دەڵێت،بەرهەمی تەبایی و یەكڕیزی كورد لەبەغدا زامنی پاراستنی مافەكانی خەڵكی كوردستانی كرد،داواش لەلایەنە سیاسیەكانی هەرێم دەكات هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ تا ئەوەی بەدەسهاتووە، لەباشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكدا ڕەنگبداتەوەو كۆتایی بەنەهامەتیەكانیان بێت.
بەپێ راگەیەنراوێكی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆكی پهرلهمانی عێراق كه وێنهیهكی بۆ نوچهنێت نێراوە تێدا هاتووە،ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،سوپاسی هەڵوێستی كوردانەی سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان دەكات كە بەگیانێكی نەتەوەیی كوردانە هاتنە مەیدان و ڕێگەیان نەدا مافە دەستوری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2016ی عێراق دەستكاری بكرێت.
ئارام شێخ محەمەد هاوكات ستایشی ڕۆڵی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و زۆربەی كوتلە سیاسیەكان دەكات كە پشتیوانیی مافەكانی خەڵكی كوردستان بوون.
لەبەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا ناوبراو دەڵێت، ئەوەی لەسەر نوێنەرانی كورد بوو ئەنجامیاندا و ئەوەی ماوە دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێم و بەغدا، تا ئەو سەركەوتنەمان لەسەر زەمینی واقیع ڕەنگدانەوەی هەبێت لەباشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان.