گوڵان ئاڤچی: لەسەر داوای توركیا رێگریم لێكرا بەشداری كۆنفراسێك بكەم لەسوید
وەزیری دەرەوەی سوید رەتی دەكاتەوەو پەرلەمانتارە كوردەكانیش گومانیان هەیە
رزگار رەزا چوچانی- سوید
نوچەنێت.گۆڤاری سڤیل
گوڵان ئاڤچی رایدەگەیەنێت، دوای دوو مانگ لەئاگاداركردنی بۆ بەشداری كۆنفرانسێك لەسەر بارودۆخی ژنانی توركیا، سێ رۆژ پێش كۆنفرانسەكە لەسەر داواو فشاری حكومەتی توركیا رێگری لێكراوە بەشداری بكات، وەزیری دەرەوەی سویدیش رەتی دەكاتەوە. ئەندامێكی پەرلەمانی سویدیش بۆ (سڤیل) ئەوە بەكاری چەند كەسێك ناو دەبات، نەك سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی سوید.
گوڵان ئاڤچی كە خانمە كوردێكی باكوری كوردستانە و پێشتر لەسەر لیستی پارتی گەلی سوید ئەندامی پەڕلەمانی ئەو وڵاتە بووە، لەلێدوانێكدا بە(سڤیل)ی رایگەیاند، لەكۆنفرانسی ژنان كە لەڕۆژی ٢٢/٩/٢٠١١ لەپەڕلەمانی سوید بەسترا، لەسەر داخوازی توركیا، رێگای پێنەدراوە بەشداریبكات، ئەوەشی بۆ پەیوەندی بەهێزی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لەگەڵ حكومەتی توركیا گێڕایەوە. ئاڤچی لەلێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) گوتیشی “دوو مانگ پێش كۆنفرانسەكە، داوای بەشداریكردن لەمن كرا، بەڵام سێ رۆژ پێش بەستنی كۆنفرانس بە منیان گوت، نابێ بەشداری بكەم، بە پاساوی ئەوەی كە من ئێستا ئەندامی پەڕلەمان نیم”. ئاڤچی لەلێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) دژ بەو پاساوە وەستایەوەو دەڵێ خەڵكی تری وەك ئەو هەبوونەو رێگرییان لێ نەكراوە، بۆیە رێگری لەبەشداریكردنی خۆی بۆ ئەكتیڤبوونی لەبەرانبەر پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەتوركیا، بەهۆكار ناو دەبات و دەڵێت “ئەوكاتی كە ئەندامی پەڕلەمان بووم، بەوپەڕی توانام كارم لەسەر پرسی ئەرمەنەكان كردو پرسی كوردیشم پشتگوێ نەخستووە، تورك بەبڕیاری پەڕلەمانی سوید نیگەران بوون لەسەر پرسی ئەرمەنەكان، هەر ئەوكاتیش بەشێوەیەكی زۆر ناشیرن توركەكان دەستیان بەبڵاوكردنەوەی نوسین لەسەرمن كرد، بۆیە لەم كاتەشدا كە تورك دەبینن، سوید كۆنفرانسێك لەسەر پرسی دیموكراتی لەتوركیاو مافی ژن لەو وڵاتە سازدەكات و ناوی منی تێدایە، دەڵێن ئێمە رازی نابین یان نامانەوێ ناوی گوڵانی تێدا بێت، وەزیری دەرەوەی سوید كارەكانی پۆزەتیڤە لەبەرانبەر توركیاو هاوڕێیەكی باشی توركانە، بۆیە ئاساییە بەهۆی ئەوان ناوی من لابدا، چونكە تا ئێستاش كارێكی نەكردووە بەزیانی توركیابێت”.
لەگەڵ ئەوەشدا كە وەزیری دەرەوەی سوید پەیوەندی بەگوڵانەوە دەكات و نیگەرانی خۆی پێی رادەگەیەنێت و رەتی دەكاتەوە كە بەتەدەخولی وڵاتی تر ئەو دوورخرابێتەوە لەبەشداریكردنی كۆنفرانسەكە، بەڵام گوڵان دڵنیایە لەوەی لەسەر داوای توركیا ئەوە كراوەو گوتی “وەزیری دەرەوەی سوید تەلەفۆنی بۆ من كردو رەتیكردەوە شتی وابووبێت و لەسەر داوای وڵاتێكی تر، بەڵام ئەو دەیزانێ ئەگەر وا نەڵێت ئەم زیانە دەكرێت مەزنتر بێت، چونكە ئەو كارە بۆ سوید زیانێكی گەورە بوو كە بەقسەی حكومەتێكی تر ژنێكی كوردی چالاك كە ئەندامی پەڕلەمانی وڵاتەكەی بووە، رێگەی نەدەن لەكۆنفرانسێك بەشداری بكات”. هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كرد “ئەندامانی پارتەكەی و من و گروپی پەرلەمانی پارتەكەم، دڵگرانن بەوەی كە خەرجی كۆنفرانسێك بەزەریبەی ئەم وڵاتە بەڕێوە بچێت و سازبكرێت، بەڵام بەقسەی توركان رێگری لەمن بكرێت، پرسیاریشیان لەوەزارەتی دەرەوەی سوید دەبێت، بۆچی حكومەتی سوید بڕیارەكانی بچێتە بەردەستی تورك، سوید وڵاتێكی ئازادیخوازو دیموكراتە چۆن تورك بتوانن بڵێن نابێ پەڕلەمانتارێكی بەشداری بكات لەكۆنفرانسێك”.
پەرلەمانتارانی كورد لەسوید: بەدوای ئەو پرسەدا دەچین
جەبار ئەمین ئەندامی پەڕلەمانی سوید، لەپارتی ژینگەی سەوز، لەبارەی كێشەی گوڵان ئاڤچیەوە بۆ (سڤیل) دەڵێت “من دڵنیانیم لەوەی كە كێشەكە وایە یان وا نییە، ئەگەر ئەوە كرابێت ئەوە كارێكی چەوتەو قبوڵنەكراوە لەسوید، دەبێت وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە بەهیچ شێوەیەك نەچێتە ژێر باری ئەوەی كە توركیا یان سەفارەت و قونسوڵی توركی بتوانن كاریگەریان لەسەری هەبێت، ئەوە هەڵەیەكە كراوەو هیوادارم دووبارە نەبێتەوە، ئەوەی دەیزانم ئێستا هەندێ كەس لەوەزارەتی دەرەوە پەشیمانی خۆیان دەربڕیووە كە ئەم شتە كراوە، نە دەبوو شتی وابكرێت، ئەم كارە لەكاری چەند كەسێك دەچێت، نەك سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی سوید”. ئەمین پێشیوایە “توركیا دەیەوێت بەهەموو شێوەیەك كاریگەری بخاتە سەر وڵاتانی ئەوروپا، بۆئەوەی بتوانێ كورد دوور بخاتەوە لەڕای گشتی، بەڵام ئەوە سیاسەتی وڵات و سیاسەتی وەزارەتی خاریجی سوید نییە، كە خەڵك بەو شێوەیە دوور بخرێتەوە”. بۆ بەدواداچوونی زیاتری ئەو پرسەش جەبار ئەمین بە (سڤیل)ی گوت “پرسیار ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی سوید دەكەم و داوای وەڵام دەكەم، ئێمە دەزانین توركیا چی سیاسەتێكی هەیە لەبەرانبەر مافی ئەو نەتەوانەی لەو وڵاتە دەژین، بەڵام ئێمە نابێت بهێڵین ئەم وڵاتانەی ئێمە تێیدا دەژین سیاسەتێكی چەوت بەڕێبكەن و دژی خەڵكی دیموكراتیخوازبن، دەتوانین كاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەم وڵاتانە دروستبكەین، كە تێیدا دەژین”.
هەروەها شادیە حەیدەری ئەندامی پەڕلەمانی سوید لەپارتی سۆسیال دیموكرات، بۆ (سڤیل) دەڵێت “بەراستی بۆ منیش سەیر بوو بابەتێكی وام بیست، چونكە لەپەڕلەمانی سوید ئەو هەموو سیمینارە دەكرێت، تا ئێستا دەخالەتێكی وا نەكراوە، سوید وڵاتێكی ئازادەو ئێمە ئەو ئازادیەمان هەیە، من ناتوانم لێدوانێكی تەواو بدەم لەسەر ئەوەی شتی وا بووە یان نەبووە، بەڵام لێكۆڵینەوە دەكرێت و ئێمەش دەپرسین ئایا شتی وا بووە یان نەبووە؟ ئەگەر لەحاڵەتێكدا وەزارەتی دەرەوەی سوید و وەزیر شتی وایان كردبێت، كە من پێموا نیە، ئەوە دەكەونە ژێر پرسیارەوە، من بەدوایدا ئەوەدا دەچم و پرسیار دەكەم”.
لای خۆیەوە ئامینە كاكەباوە ئەندامی پەڕلەمانی سوید لەپارتی چەپ بۆ (سڤیل) دەڵێت “كەم تا زۆر لەڕێی میدیاكانەوە گوێبیستی ئەو باسە بووم، وەزارەتی دەرەوە رەتیانكردەوە و گوتیان شتی وانەبووە، نالین پێكولی، خۆی كە یەكێك لەو ژنانەیە ناوی هاتووە، لەرۆژنامەدا پاكانەی كردووە وتویەتی شتی وانەبووە، كە ئەوان لاببەن یانی ناویشیان نەبووە لەسەرەتاوە، ئەوانەم لەڕۆژنامەكان بینوەو رۆژنامەش درۆ ناكەن، بۆیە نەزەرێكم نیە و لەخۆیان بپرسن، چونكە ئەوە شتێكی گرنگە ئینسان ناتوانێ شتێك بڵێ و دواتر وانەبێت”. لەلێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) كاكە باوە دەشڵێت “من نەمبیستووە لە وڵاتی سوید شتی وا ڕووبدا كە ڕێگری لەخەڵك بكرێت بۆ كۆنفرانس، بەڵام هەر لەسوید ئەوەم لەكورد بینووە، من خۆم لەكۆبوونەوەیەكدا گوتم لەكوردستاندا ماف و ئازادی نییە، پێیان وتم تۆ مافت نییە قسە بكەیت، بۆیە دەكرێ بڵێم ئەوەم لەشوێنی كوردیدا بیستووە لەسوید، ئەگەرنا لەهیچ كوێی تر نەمبیستووە، ئەگەر لەم وڵاتانە ڕێگری لەخەڵك بكرێت بۆ وەها كارێك، ئەوە ئەو پەڕی تەنگ نەزەرییە، بەڵام كاتێك شتەكە وانەبێت ئینسان ناتوانێت لەخۆڕا نەزەری لەسەر بدات”.
ئەگەرچی زۆرێك لەكوردە چالاكەكان باسی پەیوەندی بەهێزی وەزیری دەرەوەی سوید و توركیا دەكەن و بەشێوەیەك كە كاریگەری بەسەر بڕیارەكانەوە هەبێت، بەڵام مەحمود فەهمی كادری پارتی مۆدێراتی دەسەڵاتدار لەحكومەتی سوید و ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی سوید، پێشتر لەدیمانەیەكدا بۆ (سڤیل) هەموو ئەو قسەو باسانەی رەتكردەوەو رایگەیاند، ئەوە تەنها هەندێك لەكوردەكانن كە بۆ دەنگ كۆكردنەوە ئەوە دەڵێن و خۆیان لەوە دەشارنەوە، كە سوید وەك حكومەت پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دنیا هەیە، لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی هاوبەش، نەك چەوساندنەوەی گەلان، فەهمی لەدیمانەیەكی پێشووی (سڤیل) وتیشی، حكومەتی سوید قونسوڵییەی لەهەولێریش هەیە لەپێش زۆر وڵاتی تر، خۆ ناكرێت توركیا بڵێت ئەوە پەیوەندی تایبەتی كوردو وەزیرە، بەڵكو دەبێت خەڵك لەوە تێبگات كە حكومەت دەبێت پەیوەندی دیپلۆماتی هەبێت و پەیوەندی توركیاو سویدیش لەسەر ئەو ئەساسەیە.
