نوچەنێت
بەپێی هەواڵەكان دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، تاكوئێستا بەشێك لە بەرپرسی فەرمانگەكانی نەگەڕاونەتەوە سەركارەكانیان. سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزاكە دەڵێت، بەشێك لەوانەی نەگەڕاونەتەوە بوونەتە داعش.
22بەڕێوەبەرایەتی حكوومی لەشنگال هەن. بەڵام تاكوئێستا نیوەیان دەوامی رۆژانەیان تێداناكرێت، چونكە چوونەتە ناو ریزەكانی داعش. قائیمقامی قەزاكەش دەڵێت، هەربەرپرسێك نەگەڕێتەوە سەركارەكەی دەردەكرێت.
وەیس نایف سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای شنگال بەتۆڕی میدیایی روداوی راگەیاندووە: پێش داگیركردنی قەزاكەیان لەلایەن داعش، 22 فەرمانگەی حكوومی لەشارۆچكەكە هەبوون. دوای ئەوەی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی كردەوە، زۆربەی بەڕێوەبەرەكان لەگەڵ قائیمقام دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن. بەڵام 11 لەبەڕێوەبەرەكان تاكو ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەركارەكانیان.
سەبارەت بە نەگەڕانەوەی ئەو 11بەڕێوەبەرە بۆسەركارەكانیان وەسی نایف گوتویەتی”ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین پێنج لەو بەڕێوەبەرانە عەرەب بوون. كە داعش هاتە ناو شنگال، چوونە پاڵ داعش. كاتێك پێشمەرگە شنگالی كۆنتڕۆڵكردەوە، ئەوانیش لەگەڵ چەكدارانی داعش هەڵاتوون”.
هەروەها وەیس نایف ئەوەشی ئاشكراكردووەكە” دەملیار دینار لەبانكی رەشید هەبووە. ئەویشیان لەگەڵ خۆیان بردووە”.
سەبارەت بە ئیجرائات لەگەڵ ئەو بەڕێوەبەرانەی كە تائێستا نەگەڕاونەتەوە، قائیمقامی شنگال گوتویەتی” دوای رەزامەندی ئەنجوومەنی قەزای شنگال، ئێمە موچەی ئەو بەڕێوەبەرانەمان راگرتووە. ئەگەر نەگەڕانەوە ئەوان فەسڵ دەكرێن”.
مەحما خەلیل ناوی هەندێك لەو بەرپرسانەی فەرمانگەكانی شنگالی ئاشكراكردووە، كە تائێستا نەگەڕاونەتەوە، ئەوانیش، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی، بەڕێوەبەری شارەوانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار، پەروەردەی عەرەبی، كارەباو ناسنامەی شنگال.
پێنج بەڕێوەبەری عەرەبی قەزای شنگال بونەتە داعش
0
Share.