نوچەنێت.هەولێر:
سەرۆكی هەرێم و ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانی عێراق لەكۆبونەوەی نێوانیان ئەوەیان دووپاتكردەوە كە پێویستە هەموو ناوچەكان لەژێر دەستی تیرۆریستان دەربهێندرێن و پێكهاتەكانی عێراقیش ڕۆڵیان لە ئاییندەی ناوچە ئازادكراوەكانی خۆیان هەبێت”.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردوەتەوە”ڕۆژی سێشەممە 15ـی 12ـی 2015 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فاڵح فەیاز ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق كرد”.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق سڵاو و ڕێزی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بە بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە بۆ جاری دووەمە كە لە نزیك بەرەكانی جەنگ لەگەڵ بارزانی كۆدەبێتەوە.هەروەها پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالیشی لە سەرۆك بارزانی كرد”.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەروەها پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی عێراق و دراوسێكان و بابەتی هاتنی سوپاس توركیا بۆ نزیك موسڵ تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە سەرجەم كێشەكانی نێوان عێراق و دراوسێكانی لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت و هەوڵیش بدرێت پەیوەندیی نێوان عێراق و دراوسێكانی پەیوەندییەكی باش بێت”.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە دوا پەرەسەندنە مەیدانییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و هەروەها سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە عێراقییەكان لە بەرەكانی شەڕ و پلانی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای شەڕی داعش كرا و ئەوە دووپاتكرایەوە كە پێویستە هەموو ناوچەكان لەژێر دەستی تیرۆریستان دەربهێندرێن و پێكهاتەكانی عێراقیش ڕۆڵیان لە ئاییندەی ناوچە ئازادكراوەكانی خۆیان هەبێت”.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە دیالۆگ و دانیشتن بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام بێت”.