نوچەنێت.هەولێر:
وەفدی باڵای یەكێتی لەگەڵ نوری مالیكی كۆبونەوەو هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانو بەردەوامی كۆبوونەوەو چوونە دەرەوەی هێزەكەی توركیا لەناو خاكی عیراق،مالیكیش وتی، پێشوازییەكی گەرم لەو پێشنیارەی براكانمان دەكەین كە پێشكەشیان كردوە.
ئەمڕۆ 2015/12/13 وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەلا بەختیار كە لەشاری بەغدایە سەردانی حزبی دەعوەیان كردو لەلایەن نوری مالیكی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حزبەوە پێشوازییان لێكرا.
بەگوێرەی هەواڵی سایتی فەرمی یەكێتی یەكێتی لەكۆبوونەوەكەدا، بارودۆخی ئەمڕۆی عیراق و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداو لەشكركێشییەكەی توركیا بۆ ناو خاكی عیراق تاوتوێ كرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانو بەردەوامی كۆبوونەوەو چوونە دەرەوەی هێزەكەی توركیا لەناو خاكی عیراق.
دوای كۆبوونەوەكەش، مەلا بەختیار و نوری مالیكی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ رۆژنامەنووسان ئاشكراكرد.
سەرەتا نوری مالیكی، رایگەیاند:ئەوەی ئەمڕۆ عیراق و ناوچەكەی پێیدا تێپەڕ دەبێت وامان لێدەكات كە هاوشێوەی ئەم دیدارو لێكتێگەیشتنانە درێژە پێبدەین و باشترین كار بكەین بۆ دەستبەری داڕێژەری دەسەڵاتداریو پێشكەشكردتنی باشترین خزمەتگوزاری.
وتیشی: پێشوازییەكی گەرم لەو پێشنیارەی براكانمان دەكەین كە پێشكەشیان كردوە.
راشیگەیاند:بڕیاری ئێمەش ئەوەیە كە درێژە بە دیدارو كۆبونەوەكانمان بدەین بۆ پتەوكردنی ئەم پەیوەندیانەو هەروەها لە رێگەشیانەوە بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ هاوبەشەكانی وڵاتدا بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكان.
لای خۆشیەوە،مەلا بەختیار، وتی: لەسەردانمان بۆ بەغدا چەندین پێشنیارمان پێیە بۆ گەیشتن بەلێكتێگەیشتن و رێكەوتن لەسەر ئەو پرسانەی كە تائێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە لەسەر ئاستی نیشتمانیو پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا،بە تەئكیدیش قۆناغەكە قۆناغێكی زۆر هەستیارو چارەنوسسازە بۆ سەرجەم حزبو پێكهاتەكان و گوێبیستی بیرورای زۆرباش بوین بە تایبەت وەڵامدانەوەیان بۆ چۆنیەتی كۆتاییهێنان بەم كێشانەو هەروەها بەتایبەت پێشنیارەكانی كە تاوتوێمان كرد بە تایبەت لەگەڵ فوئاد مەعسوم و كردنەوەی دەرگایەكی نوێ بۆ گفتوگۆی سوننە لەگەڵ حزبی دەعوەو پێكهاتەی شیعە لە وڵاتدا ئەمە خاڵێكی دڵخۆشكەر بوو بۆ ئێمە.
وتیشی: هیواخوازین كە حزبی دەعوەو پێكهاتەی سوننەو پێكاتەكانی ترو گەلی كوردو گەلی عەرەبو توركمان سەرجەم پێكهاتەكانی تر كە عیراقی دیموكراتی راستەقینەیان بەلاوە گرنگە بەخۆماندا بچینەوەو لەوانەكان فێربین بۆ ئەوەی سیاسەتێكی نوێ بنیان بنێین كە خزمەت بە وڵات بكاتو رزگاری بكات لەو قەیرانانەی كە روبەروی دەبێتەوە.