نوچەنێت: تایبەت
دوو ئەندام پەرلەمانی كوردستان راپۆرتێك لەسەر چاكسازی دەدەن بە حكوومەت. بۆئەو مەبەستەش پەرلەمان ئەوانی رانەسپاردووە، بەڵكو خۆیان هەستیان بە زەروریەتی ئەم كارە كردووەو چاوەرێدەكەن بەمزوانە حكووومەت وەڵامیان بداتەوە.
د.فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد، یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی كە كە لەم خولەی پەرلەماندا، زۆرترین لێدوانی لە سەر چاكسازی لە بوارە جیاوازەكاندا داوەو وەك كەسێكی دژە گەندەڵی و لایەنگیری چاكسازی دەردەكەوێت.
ئێستا خۆبەخشانە لە گەڵ پەرلەمانتارێكی دیكەدا، راپۆرتێكیان بۆ حكومەت ئامادە كردووە . بەپێی قسەی خۆی، ئەو راپۆرتە، هەموو سێكتەرەكان لە خۆ دەگرێ بۆ چاكسازییەكی بنەڕەتی لە هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی دەربازبوون لەو قەیرانانەی كە رووبەرووی حكومەتی هەرێم بوونەتەوە.
فرسەت سۆفی لەلێدوانێكی تایبەتدا بەنوچەنێتی راگەیاند: لە گەڵ پەرلەمانتار گۆران ئازاد، راپۆرتێكمان لە سەر چاكسازی داوە بە حكومەتی هەرێم، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان ئێمەی رانەسپاردووە بۆ ئەو راپۆرتەو ئێمە خۆمان پەرلەمان ئاگادار كردەوە. باشترە لەو بارودۆخە چاكسازی رابگەیەندرێت. چاوەڕواندەكرێت بەم نزیكانە هەنگاوی كرداری بنرێت.
سەبارەت بەو راپۆرتەی كە لە سەر چاكسازی رادەستی حكومەتی هەرێمیان كردووە، راگەیاند: لە گەڵ گۆران ئازاد كە ئەندام پەرلەمانی كوردستانە لە فراكسیۆنی سەوز، راپۆرتێكی تێرو تەسەلمان لە سەر سێكتەرە جیاوازەكانی وەك كارەبا، دوو موچەیی، نەوت، داهاتی ناوخۆیی، بەنزین و چەندین بواری دیكە ئامادەكرد و خستمانە بەردەست حكومەت، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەدا” خۆمان بڕیارماندا بەو كارە هەستین، بەڵام ئاگاداری جێگری سەرۆكی پەرلەمانمان كرد،كۆپییەكمان لە راپۆرتەكە بە ئەندامانی پەرلەمان داوە، ئێمە ئەندامی لیژنەی چاكسازی نین و لە رووی یاساییشەوە گونجاو نییە”.
فرسەت سۆفی گوتیشی: زانیاریم لە سەر ئەو پڕۆژە چاكسازیانە نییە كە فراكسیۆنەكان دابێتیان بە پەرلەمان، بەڵام ئێستا حكومەنت جدییە و چاوەڕوان دەكرێ كە لەم نزیكانەدا، كۆمەڵێك هەنگاوی كرداری بنێت.
گوتیشی: پێم باشە لەم بارودۆخەدا ئەو پڕۆژە چاكسازییە جێبەجێ بكرێت. ناكرێت چاكسازی رابگیرێت، دەبێ رێوشوێن توند بگیرێتە بۆ ئەوەی قەیرانەكان كونتڕۆل بكرێن.
پەرلەمانتارێك: بەم نزیكانە حكومەت هەنگاوی كرداری بۆ چاكسازی رادەگەیەنێت
0
Share.