هادی عامری:كێشەی خورماتو تەگەرە ناخاتە بەردەم ئەو پەیوەندیە مێژوویی و ستراتیجیەی لەگەڵ یەكێتی هەمانە

0

نوچەنێت.هەولێر:

وەفدی یەكێتی و رێكخراوی بەدر كۆبوونەوەو لە كۆبونەوەكەشدا هادی عامری بەگرنگیەوە وەسفی یەكێتی كرد و وتی، سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ ئەو هەڵوێستەی برایانمان لەیەكێتی بۆ ئەو راگەیەنراوە مێژوویەیی لەبارەی هاتنەناوەوەی سوپای توركیا دەریان كردوە.

سایتی فەرمی یەكێتی بڵاوی كردوەتەوە،ئەمڕۆ وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانەی سەردانەكەیاندا بۆ بەغداو كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان، لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر كۆبوونەوەو دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكەش مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە سەرۆكایەتی وەفدەكەی دەكرد لەگەڵ هادی عامری سەرۆك رێكخراوی بەدر لێدوانیان بۆ رۆژنامەنوساندا.

لەسەرەتادا، هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر، رایگەیاند:ئەمڕۆ 2015/12/12 لەگەڵ وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەلا بەختیارو كۆمەڵێك هاوڕێی هاوڕێبازو سەنگەر كۆبووینەوە.

عامری باسی لەوەشكرد هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ وەفدی یەكێتی باسیان لەهاتنەناوەی سوپای توركیامان كرد بۆ ناوچەی بەعشیقەو بەزاندنی سەروەری عیراق، هەردوولا لەسەر ئەو بابەتە هاوهەڵوێست بوون،سوپاس و پێزانینیشمان هەیە بۆ ئەو هەڵوێستەی برایانمان لەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەو راگەیەنراوە مێژوویەیی لەبارەی هاتنەناوەوەی سوپای توركیا دەریان كردوە، ئاماژەی بەوەشدا كە دەبینین لەبەغدا دژی هاتنەناوەوەی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی عیراق خۆپیشاندان دەكرێت، هەروەها لەسلێمانیش بەهەمان شێوە دژی هاتنەناوەوەی سوپای توركیا خۆپیشاندان كرا، ئەمەش ئەوە دەردەخات بۆچونەكان لەسەر ئەو بابەتە وەك یەكە.

لەبارەی ئەو روداوانەشی لەماوەی رابردودا لەقەزای خورماتوو رویانداو چارەسەركردنیان،هادی عامری وتی: لەكۆبوونەوەكەمان گفتوگۆشمان كرد لەبارەی خورماتوەوە، ئومێدی گەورەمان هەیە لەخێرایی لەنێوان ئێمەو برادەرانمان لەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەیەك لەوبارەوە بكرێت و بەمزوانەش كاتەكەی دیاری دەكەینن، ئەمەش لەپێناو گفتوگۆكردن لەبارەی سەرجەم كێشەكانەوەو دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەیی،چونكە نامانەوێت كێشەمان لەگەڵ برایانی كورد هەبێت، ئەو كێشەیە خورماتوش تەگەرە ناخاتە بەردەم ئەو پەیوەندیە مێژوویی و ستراتیجیەی بەشێوەیەكی گشتی لەگەڵ كورد هەمانە، بەتایبەتیش لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

لای خۆشیەوە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی رایگەیاند:كۆبوونەوەكەمان كۆبوونەوەیەكی هاوڕێیانە بوو، گفتوگۆی سەرجەم بابەتەكانمان كرد، كۆبوونەوەیەكی گرنگمان ئەنجامدا هەروەك هادی عامری باسی كرد، ئەو بابەتانەشی قسەمان لەبارەوە كردوە بابەت گەلێكی گرنگ بوون.

مەلا بەختیار تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە هاتنەناوەوەی سوپای توركیا پێشێلكردنی سەروەری خاكی عیراقە، وەك یەكێتیش پێمانوایە دەبێت هەوڵە دبلۆماسی و سیاسیەكان بۆ چارەسەركردنی بخرێنەگەڕ، پێش ئەوەی ئەو بابەتە كاردانەوەی نێگەتیڤی لێبكەوێتەوە.

لەبارەی بارودۆخی خورماتوەوە، مەلا بەختیار وتی: ئێمە بۆچونی خۆمان لەبارەی خورماتوەوە خستۆتەڕوو وەك پێشتریش باسمان كردوە، بەمنزیكانەش كە پێدەچێت لەنێوان 20 بۆ 25ی ئەم مانگە بێت لەسەر ئاستی باڵا كۆدەبینەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو بابەتەو دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی و رێگەنەدان دروستبونی كێشە لەناوچەكەو تێكدانی پەیوەندی مێژوویی نێوان كوردو شیعەو نێوان هێزە سیاسیە عیراقی و كوردستانیەكانی تر.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com