* * *
جگەرەیەك دادەگیرسێنم و
بە دیار دروستكردنەوەی گەردوونەوە دادەنیشم.
دەزانم چیتر ڕوناكیی مردن نابینمەوە.
چیتر تاریكی ژیان گەمارۆم دەدات و
لێناگەڕێت پڕ بە دڵی خۆم بمرم!!
چیتر پیاسەی سەنگەرەكانم لێ تێكدەدات.
دەرفەتێكی ترم پێنادات
بە دڵی خۆم بۆنی فیشەكێكی گڕدار هەڵمژم و
تا كۆتایی مردنم بە سینەمدا هەڵیواسم!!
دەزانم ژیان دێت و دەمكاتە شەڕوانی باخچەكان
گوڵێك دەچەقێنێت بە سەر دڵمدا و
خوێنمان تێكەڵ بە خوێنی یەكتر دەكات!
دەمخاتە بەر پرژەی نافورەكان و
خەیاڵەكانم هەنجن هەنجن دەكات!
دەزانم ژیان دەمخاتە ناو ئۆتۆمبێلێكی قەرەباڵغ و
پیاسەی شەقامە چۆڵەكانم پێ دەكات!!
* * *
مردن… ترسە لە ژیان!
* * *
ژوورەكەم پڕ بوو لە گەڵا و حەوشەكەم پڕ لە تەنهایی!!
تەرمەكەم با بردی و مێش دایە كڵاوەكەم!!
تۆزی جلەكانم بەسەر ڕێ دوورەكانەوە بەجێمان.
لە سەر تەوێڵم نووسراوە: ئەسەف… مردنێكی خراپ مرد!!
ئەسەف… ژیان لە ساتێكی ناسكدا بردییەوە و
لێنەگەڕا پڕ بە دڵی خۆی بمرێت!!
* * *
ژیان… هەنگاوە بەرەو مردن!
* * *
هەست دەكەم شێواوم
ڕوم لە كاتژمێرەكەمدا نابینم و
ئاوێنەكەم لە سەر ژمارەیەك ڕاوەستاوە!!
ئاوێنەكەم زەنگ لێدەدات.
لە تێپەڕینی ساتەكانی مردن ئاگادارم دەكاتەوە!
دەزانم ژیان دوام دەكەوێت
لە فارگۆنی شەمەندەفەرەكاندا، لە تەنیشتمەوە دادەنیشێت!
لە سەفەرەكاندا، شوێن پێكانم هەڵدەگرێت
لەبەردەم هۆتێلەكاندا چاوەڕێم دەكات.
لە باخچەكاندا خۆی مەڵاس دەدات و
دەیەوێت گەمارۆم بدات!
دەزانم مردن دەستم لێ بەردەدات و
وەك غەریبەیەكی بێ ماڵ
پەڕاگەندەی دونیایەكی تاریكم دەكات!
دەزانم ژیان ماناكانم لێدەسێنێتەوە و
دەمكاتە پاڵەوانی ناو یادەوەرییە تاڵەكان!
* * *
مردن.. زیندووبوونەوەیە، لە ناو یادەوەریدا!
* * *
كارەساتێك بەڕێوەیە.. من چیتر نامرم!!
لەبەر خۆمەوە دەڵێم: بە درێژایی بوونم، چاوم بەم زەوییەدا گێڕا و
تارمایی مرۆڤێكم نەبینی!!
گوێم بۆ دەنگی مرۆڤ هەڵخست و هیچ وشەیەكم نەبیست!!
چاوم بۆ ڕوناكیی مردن گێڕا
كەچی بێجگە لە تاریكی ژیان هیچی ترم نەبینی!!
ئەسەف تازە ژیان گەمارۆی داوم
تازە ژیان لێناگەڕێ پڕ بە دڵی خۆم بمرم!!