نوچەنێت.هەولێر:
قایمقامی شنگال رایدەگەێنێت، یەپەگە و یەپەژە لە ئاوەدانكردنەوە و چۆڵكردنی دامودەستگاكانی میریدا ئاستەنگمان بۆ دروست دەكەن،بە قسە دەڵێن ئەو شوێنانە چۆڵ دەكەین،بەڵام بە كردەوە چۆڵی ناكەن و قسەكانیان ڕاست نین.
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە ماڵپەری فەرمی حیزبەكەی ڕاگەیاندوە:”لە دوای ئازادكردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزی پیشمەرگەوە، بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال هیچ نەكراوە، بەڵام هەوڵەكان بەردەوامن و پلان ئامادە كراوە، بێگومان پێویستیشە پلان و هاوكارییەكی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ ئەوەی ئاوەدان بكرێتەوە و خەڵكی بگەرێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، هەروەك (بارزانی) بەر لە دوو رۆژ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا كە، شنگال 80 لە سەدی وێران بووە و پێویستە پلان و هاریكارییەكی نێودەوڵەتی هەبێت تا شنگال ئاوەدان بكرێتەوە”.
قایمقامی شنگال رونیشیكردەوە”یەپەگە و یەپەژە لە ئاوەدانكردنەوە و چۆڵكردنی دامودەستگاكانی میریدا ئاستەنگمان بۆ دروست دەكەن، هەرچەندە بە قسە دەڵێن ئەو شوێنانە چۆڵ دەكەین، بەڵام بە كردەوە چۆڵی ناكەن و قسەكانیان ڕاست نین”.
وتیشی:”لە رووی ئەمنییەوە شنگال لە بارودۆخێكی زۆر باشدایە و هێزەكانی پێشمەرگەیش كۆنتڕۆڵێكی باشیان كردووە لەو سنوورە بۆ پاراستنی شنگال و، مەترسیی تیرۆریستانی داعشیان نەهێشتووە”.