نوچەنێت.هەولێر:
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان،رایگەیاند،لە شەستەکان نامەیان نەدەخوێندینەوە،ئێستاش ئاڵاکەمان لە تورکیا بە فەرمیی دادەنرێت و ئێمە و تورکیا هەمیشە پێویستمان بە یەکدی هەیە.
مەسعود بارزانی،سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەربارەی سەردانی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەدا، ئەمڕۆ لە ئانکارا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز كرد و وتی:”ئێمە و تورکیا هەمیشە پێویستمان بە یەکدی هەیە و ھەموو وڵاتانی دیكەش كە بەشدارن لە شەڕی دژی داعش بە دۆستی خۆمان دەزانین و لە کۆبوونەوەکانی نێوانمان جەختمان لەسەر هاوکاریی یەکدیی کردەوە”.
وتیشی:لەم سەردانە یەكەمجار بوو ئاڵای كوردستان لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ توركیا بە فەرمیی دابنرێت”.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان بەغدا و ئانکارایش، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گتی: “ئێمە لایەنگر نین لەو كێشەیە و پێش سەردانم بۆ توركیا لەگەڵ سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگریی بەغدا بە تەلەفۆن قسەم كرد و، ئەمڕۆش وەفدێكی گرینگی توركیا لە بەغدایە و ھیواخوازین كێشەكان چارەسەر بكرێن، ئامادەنین خاكی كوردستان ببێتە جێگەی تەسفیەكردنی حیسابات”.
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی کرد کە: لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو (بارزانیی نەمر) نامەیەكی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان نووسی و نامەكەی بۆ توركیایش نارد، بەڵام سەرۆكی ئەوكاتی توركیا وەڵامی نەدایەوە، بەڵام ئێستا لەو كۆشكە لە پێشوازیمان دابوون ئەمەش لای من گۆرانكارییەكی گەورەیە.