تاڵه‌بانی داوا له یه‌كێتی ده‌كات، له خانه‌قین ئاڵای كوردستان هه‌ڵنه‌كه‌ن، بزوتنەوەی گۆڕان بێ دەنگ نابێت
حاكم شێخ له‌تیف: ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی كردوویه‌تی دژی مادده‌ی سه‌دوچله
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
حاكم شێخ له‌تیف ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ر به فراكسیۆنی گۆڕان، ره‌خنه له بڕیارێكی تاڵه‌بانی ده‌گرێت، كه داوای له حیزبه‌كه‌ی كردووه، له خانه‌قین ئاڵای كوردستان هه‌ڵنه‌كه‌ن، پێشیوایه، ئه‌و بڕیاره دژی مادده‌ی سه‌دوچله.
له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، حاكم شێخ له‌تیف ئاشكرای ده‌كات، كه تاَڵه‌بانی داوای له حیزبه‌كه‌ی كردووه، له خانه‌قین ئاڵای كوردستان هه‌ڵنه‌كه‌ن، حاكم شێخ له‌تیف ئه‌و بڕیاره به “بڕیارێكی خراپ” ده‌زانێت و پێیوایه كه دژی مادده‌ی 140ـــه، وتیشی “تاڵه‌بانی له جیاتی ئه‌وه‌ی كاری بۆ جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140 بكردایه، كه‌چی بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه ده‌رده‌كات، كه دژی مادده‌ی 140ــه”.
له باره‌ی هه‌ڵوێستی فراكسیۆنه‌كه‌ی له به‌رانبه‌ر بڕیاره‌كانی تاڵه‌بانیشدا وتی “ئه‌م بڕیاره له راگه‌یاندنه عه‌ره‌بییه‌كان باس كراوه، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت بڕیاره‌كه راسته، ئه‌وه هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌بێت و بێده‌نگ نابین”.
