کێشە دەکەوێتە نێوان پارتی و یەکێتی… سەرکردەیەکی پارتی داوای هەڵوێست بەرانبەر تاڵەبانی دەکات
نوچەنێت/ تایبەت
دوای ئەوەی مالیکی هۆکاری جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠ دەخاتە ئەستۆی تاڵەبانی و کێشەکانی نێوان بەغداو هەولێر دەخاتە ئەستۆی بەرپرسانی کورد، گرژی لەنێوان پارتی و یەکێتی دروست دەبێت، سەرکردەیەکی یەکێتی داوای سزادانی مەکتەب سیاسییەکی پارتی دەکات و سەرکردەیەکی پارتیش داوای هەڵوێست لەحزبەکەی دەکات بەرانبەر تاڵەبانی.
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکانی ئەو شاندە سیاسیەی کوردستان کە بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێرو بەغدا بەڕێکەوتن، نوری مالیکی دواکەوتنی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی خستۆتە ئەستۆی تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق و وتویەتی ئەو وەک سەرۆک وەزیر جێجبەجێی ئەو مادە دەستورییەی کردووە و ماوەتەوە سەر تاڵەبانی، هەروەها بەرپرسانی کوردی لەحکومەتی بەغدا بەهۆکاری کیشە ئیدارییەکان ناوبردووە.
پێشتر سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی یەکێتی بەنوچەنێتی راگەیاند”مالیکی کەموکوڕییەکانی خستۆتە ئەستۆی نوێنەرانی کورد لەبەغدا”، هەر ئەو سەرچاوەی نوچەنێت ئەوەشی راگەیاند کە مەلابەختیار داوای سزادانی بابەکر زێباری و رۆژ نوری شاوەیس ئەندام مەکتەب سیاسی پارتی لەبارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە”.
لەبەرانبەردا سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی پارتی بە نوچەنێتی راگەیاند،” قسەکانی مەلا بەختیار دیارە مەبەستی چی بووە و جێی رەخنەیە لام، چونکە مەبەستەکە روون بووە”، سەرچاوەکەی نوچەنێت لە سەرکردایەتی پارتی لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی”ئێمە وەک سەرکردایەتی پارتی مافی خۆمانە داوا لە مەکتەبی سیاسی پارتی بکەین، داوای رونکردنەوە لەتاڵەبانی بکات کە ئایا قسەکانی مالیکی تاچەند بنەمایان هەیە کە مادەی ١٤٠ و کێشەی ناوچەدابڕاوەکان بەهۆی ئیمزا نەکردنی تاڵەبانی پەکی کەوتووە و داوای ئەو رونکردنەوەش دەکەین، هەروەها داوای سزادانی ئەو بەرپرسانەش دەکەین کە سەربەپارتین لە بەغدا ئەگەر کەموکوڕییان هەبێت، من وەک بەپرسێک لەپارتی ئەوە بە ئاشکرا داوا دەکەم بێدەنگی بەرانبەر ئەم پرسە پشتکردنە مەبەدەئی پارتی بوونە، چونکە پارتی مەبەدەئی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەرییە نەک موجامەلاتی سیاسی”.
هەر ئەو سەرچاوەیە لە سەرکردایەتی پارتی هۆشداری دەداتە حزبەکەی و دەڵێت”ئێمە لەوە زیاتر بێ هەڵوێستی نانوێنین ئەگەر پارتی وەک مەکتەبی سیاسیش ئەو مەسەلەیە نەجوڵێنێت، ئێمە لەڕێگای رێکخراوە مەدەنییەکان و لەڕێی پەڕلەمانی کوردستانەوە ئەو باسە دەوروژێنین، کە بۆچی تاڵەبانی ببێتە هۆی پەکخستنی گێڕانەوەی ناوچەدابڕاوەکانی کوردستان”.
هەروەها وتیشی”ئێمە ناڵێین بە بەڕێزتاڵەبانی بۆ ئەوەت کردووە دەڵێین با رونکردنەوە بدات، یان وەڵامی پێویست بداتەوە، چونکە ئەگەر شاندەکەش بەرەسمی ئەوە رانەگەیەنن ئەوە ئەندامانی شاندەکە بۆ راگەیاندن ئەو زانیارییەیان داوە کە مالیکی ئەوەی پێڕاگەیاندوون کێشەکان لە ئەستۆی تاڵەبانی و بەرپرسانی کوردە، ئەمە دووبارەبونەوەی کێشەکانە چونکە لەسەردەمی ئیبراهیم جەعفەری و لای خودی جەعفەری خۆشییەوە تاوانی نەگێڕانەوەی ئەو ناوچانەی خستە ئەستۆی بەرپرسانی کوردو کورد وەڵامی نەبوو، بەڵام ئەم جارە دەبێت وەڵام هەبێت و نابێت سێ بارەبێتەوە”.
سەرسوڕمانی خۆشی راگەیاند بەوەی”مالیکی دەڵێت تاڵەبانی هۆکاری جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠ و لای ئەو کارەکانی تەواو بووە، بەڵام تاڵەبانی تازە بەتازە پرۆژە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک دەخاتە روو، لەکاتێکدا خستنەرووی پرۆژەی نوێ پەکخستنی چارەسەرە دەستورییەکانەو دروستکردنی سەریەشەیەکی نوێ و دروستکردنی شانازییەکی ترە بۆ خۆیان کە ماوەیەک راگەیاندن مەشغوڵ بێت بە دەستپێشخەرییەکەی بەڕێزیان. لە دەستوری عێراقدا رێگا چارە بۆکێشەی ناوچە دابڕاوەکان هەیە و پێویست بەدروستکردنی پرۆژەیەکی تر ناکات ئەم کارە جێی گومان و سەرسوڕمانە، سەرسوڕمان بەوەی چارەسەری دەستوری کە ئەو هەموو ساڵە داوای جێبەجێکردنی دەکرێت بە پرۆژەی نوێ بگۆڕیتەوە و گومان لەوەی ئەم کارە بۆ رێگومکردنی قسەکانی مالیکی بێت، بۆیە تەئکید لەپارتی حزبەکەی خۆم دەکەمەوە کە ئەگەر لەم مەسەلە بێ دەنگ بێت گومان لەسەر دڵسۆزی خۆی بۆ ئەو پرسە دروست دەکات و دڵنیام بێدەنگیش هەڵنابژێرێت و کاری جدی لەسەر دەکات هەروەها وەڵامیشی دەوێت، چونکە پارتیش هاتووەتە بڕوا ئیتر نابێت خۆمان وەک حزب بکەینە قوربانی حزبێکی تر و کەسێکی تر، یان خۆمان بکەینە قوربانی کەمتوانایی بەرپرسە پارتیەکانیش لەبەغدا”.
