قەزافی شەڕی گواستەوە تەرابلوس
نوچەنێت / ئاژانسەکان
حکومەتی کاتی لیبیا رایدەگەیەنێت شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی قەزافی بەرەوکۆتایی دەروات، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ئەمرۆ لایەنگرانی قەزافی شەڕەکانیان گواستەوە شاری تەرابلوس و هێزەکانی حکومەتی کاتی لیبیاش لەچەند جێیەکی شاری سرت پاشەکشەیان کرد.
هێزە شۆڕشگێڕەکانی لیبیا بەهاوکاری و پاڵپشتی مادی و سەربازی رۆژئاوا، توانیان شکستی گەورە بەهێزەکانی موعەمەر قەزافی بهێینن و قەزافی لەدەسەڵاتی ئەو وڵاتە دورر بخەنەوە، بەڵام تاکو ئەمرۆش هێزەکانی قەزافی لەهەندێک لەشارەکانی لیبیا دەسەڵات بەدەستن و لە شەڕێکی سەختدان لەگەڵ هێزهکانی حکومهتی کاتی لیبیا.
ئەگەرچی هێزەکانی حکومەتی کاتی لیبیا سەرکەوتنیان بەسەر بەشی هەرەزۆری شاری سرت جێی لەدایک بونی قەزافی راگەیاند، بەڵام ئەمرۆ بەهۆی بەرگری سەختی هێزەکانی قەزافی ناچاربوون پاشکشە لەبەشی زۆری ئەو شارە بکەن و بەرەو جێی پێشتریان بگەڕێنەوە، وەک رایانگەیاندووە هۆکاری پاشکشەکەیان بۆ هونەری سەربازی و بەمەبەستی رێکخستنەوەی هێزەکانیانە.
لایەکی ترەوە بەپێی هەواڵی کەناڵی رای نزیک لە قەزافی جموجوڵی هێزەکانی قەزافی بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بەرەو هەموو شارە لەدەستچووەکانیان هەنگاو دەنێت، بەشی زۆری گەنجانی شاری بەنی وەلید کەلەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی قەزافیدایە خۆ بەخشانە دەستیان داوەتە چەک و ئامادەی بەرگری و هێرشن.
هەربەپێی ئاژانسەکانی هەواڵ، دوای ئەوەی قەزافی لەڕێگای تۆمارێکی دەنگییەوە داوای لەلایەنگرانی کرد دەست بەچالاکییەکانیان بکەن، ئەمرۆ دوای ماوەیەکی زۆر لە دوورکەوتنەوەی دەسەڵاتی قەزافی لە شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا، جارێکی تر شەڕو پێکدادانی قورس لەنێوان لانگرانی قەزافی و هێزەکانی حکومەتی کاتی لیبیا لەو شارەدا سەریهەڵدایەوە و لەئەنجامدا زیاتر لە ٣ کوژراوو دەیان بریندار هەیە، لەبارەی پێکدادانەکانی تەرابلوسەوە کەناڵی رای نزیک لە قەزافی گرتەیەکی ڤیدیۆی بڵاوکردەو رایگەیاند، کە هێزەکانی پشتیوانی قەزافی فرۆکەیەکی سەربازییان لەئاسمانی تەرابلوس خستۆتە خوارەوە، بەڵام لایەنە بەرپرسەکان کەوتنە خوارەی ئەو فرۆکەیان بەدروستبونی کێشەی تەکنیکی فرۆکەکە زانیوە.
بەپێی رای چاودێرانیش شەڕوو پێکدادانەکانی لیبیا لەگەڵ هێزەکانی قەزافی بەرەو کۆتا دەچێت و سەرجەم ئەو وڵاتە بەهاوکاری فرۆکەکانی ناتۆ لە ژێر دەستی قەزافی دەردەهێنرێت، بەڵام چاوەڕوانی سەرهەڵدانی شەڕی تائیفی گەورە و کێشەی چەکداری لەنێوان هێزەکانی حکومەتی کاتی و هێزەکانی لایەنە ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتە دەکرێت، کەبەشی هەرەزۆری هێزەکانی حکومەتی کاتی لەوان پێکدێت، ئەم چاوەڕوانیەش گەورەبوونی زیاتری بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی هێزە ئیسلامییەکان بەهێزێکی زۆرو چەکی قورسەوە هەڵیان کوتایە سەر مەزارگەی پیاوە ئاینییەکانی ئەو وڵاتەو روفاتەکانیان بۆ شوێنی نادیار گواستنەوەو سوتاندنیان، ئەوەش بووە جێی ناڕەزایی حکومەتی کاتی و نیگەرانی خەڵکی ئەو وڵاتە.
