سةلاح مەزن: بزووتنەوەی گۆڕان بە تەوژمێكی كاریگەرتر لە هەولێر دێـتە مەیدان
ديدار: رێبوار رەزا چوچانی
بەرپرسی رێكخستنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەشاری هەولێر تیشك دەخاتە سەر هەلومەرجی ئێستای شاری هەولێر، بۆ رێكخستنەكانی ئەو بزووتنەوەیە و ئەوەش ئاشكرا دەكات، بزووتنەوەكەیان لەداهاتوودا، بە گوڕوتینی زیاترەوە، لەشاری هەولێر دەست بەكار دەبێت.
رووداوەكانی (17ی شوباتی 2011) و رۆژانی دواتر، بارودۆخی هەرێمی كوردستانی بەرەو ئاڕاستەی توندوتیژی برد، كە ئەمەش بۆ زۆر لەحیزبەكان، باودۆخێكی سەخت بوو، چونكە لەهەرێمی كوردستان، زۆرجار ململانێ سیاسییەكان دەرگا بەرووی كاری توندوتیژی دەكەنەوە.
ئەگەرچی رووداوەكان لەشاری سلێمانییەوە دەستییان پێكرد و تێیدا خۆپیشاندانەكان كە بۆ پشتگیری لەگەلانی تونس و میسر رێكخران و دواتر ئاڕاستەكەی گۆڕدرا بەرەو بارەگای لقی چواری پارتی و لەوێشدا بەهۆی تەقەكردنی پاسەوانەكانی ئەو لقەوە كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، بەڵام لەشاری هەولێریش كاردانەوەی هەبوو و هەرزوو دەستگیرا بەسەر بارەگاكانی بزووتنەوەی گۆڕان و سوتێندران، ئەمەش مەودای كاركردن و ئازادییەكانی بۆ هەڵسوڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە بەرتەسك كردەوە، كە بەوتەی سەڵاح مەزن، بەرپرسی یەكەمی رێكخستنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەشاری هەولێر “لەو قۆناغانەدا بزووتنەوەی گۆڕان، دەچێتە دۆخی سڕبوونەوە، چونكە گوشار بۆ سەر هەڵسوراوەكانمان زۆربوون و هەڕەشەی كوشتنییان لەسەر بوو و بارەگاكانمان سوتێنران”.
هەرچەندە لەخۆپیشاندانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بارەگاكانی پارتی دەكرانە ئامانج، بەڵام مەزن رەتی دەكاتەوە چالاكییەكانی بزووتنەوەكەی بەئامانجكردنی پارتی بووبێت، “هەڵسوراوەكانمان چۆن لەلایەن هێزەكانی پارتی رووبەڕووی هەڕەشە و لێدان بوونەوە، لەلایەن یەكێتیشەوە بەتوندتر لەمە رووبەڕووی هەڕەشە و لێدان بوونەوە”، وتیشی “بزووتنەوەی گۆڕان لەشاری هەولێر، كار و چالاكی ماوە، رێكخستنەكانی بەباشی بەڕێوەدەچن، ئێستا سەر لەنوێ بزووتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی تر ناوماڵی خۆی رێكدەخاتەوە، “لەوەش دڵنیابن، كە بزووتنەوەی گۆڕان، بەتەوژمێكی كاریگەرتر دێتە مەیدان”.
سەبارەت بە شكستهێنانی خۆپیشاندنەكەی (18/4/2011)، مەزن ئاماژە بەوە دەدات، كە خۆپیشاندان و كاری مەدەنی لەسایەی رەوشی ئازاد و مەدەنی بەڕێوەدەچێت، نەك لەسایەی توندوتیژی و چاودێریكردنی پۆلیس و دەزگاكانی ئاسایش، وتیشی “ئەو خۆپیشاندانەش پێشوەخت لەلایەن دامودەزگاكانی ئاسایش و پیاوەكانی سەر بەدەسەڵاتەوە ئابڵۆقە درابوو، بەر لەدەستپێكردنیشی بەشێوازی توندوتیژی وەڵام درایەوە”، هەروەها دەڵێت “ئەو خۆپیشاندانانەی ئێمە كردمان، چ ئەوەی بەردەم باغی شار و چ ئەوەی بەردەم كۆلێژی زانستی، بەرای من ئامانجی خۆیان پێكا، لەبەر ئەوەی لەهەولێر خەڵكێك هات و بەشداری كرد لەم خۆپیشاندانەدا، لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنەوە هیچ توندوتیژییەك تێیدا رووی نەدا، تەنها داواكارییەكان ئەوە بوون، كە رەوشەكە ئاسایی بكرێتەوە و مافی خۆپیشاندان بەخەڵك بدرێت و داكۆكی لەو مافانەش بكەین، كە لەشاری هەلێر لێمان زەوت كراوە”.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان نایشارێتەوە كە لەناو بزووتنەوەكەیان ململانێ بوونی هەیە و ئەو ململانێیەش بە “پۆزەتیڤ” وەسف دەكات، وتی “بزووتنەوەی گۆڕان تەجاوزی ئەوەی كردووە، كە هەموو ئەندامەكانی ملكەچی یەك ئایدیۆلۆژیا بن، لەناو گۆڕاندا ئاساییە بیروبۆچوونی جیاواز هەبێت و شێوازی جیاوازی كاركردن هەبێت، بەڵام لەچوارچێوەی ئامانجەكانی گۆڕاندا بێت، ئاساییە ناكۆكیش هەبێت، بەڵام ناكۆكییەكان لەرێی گفتوگۆ و ئالۆگۆڕكردنی بیروراوە بێت، ئەوكاتیش ناكۆكییەكان بەرەو چارەسەربوون دەچێت”.
سەبارەت بەو زانیارییانەش كە باس لەوە دەكەن، بزووتنەوەی گۆڕان گرەو لەسەر دەستپێكردنەوەی دەوامی زانكۆكان دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان، مەزن دەڵێت “شاری هەولێر ژمارەیەكی زۆر خەڵكی تێدا نیشتەجێیە، لەرووی چڕی دانیشتوانەوە زۆر فراوان بووە، لەگەڵ ئەمەشدا كێشەی خەڵك زۆرتر بووە، داواكارییەكانی خەڵك زیادبوون و دامودەزگاكانی حكومەتیش ناتوانن وەك پێویست خزمەتگوزاری بگەیەننە ئەو شوێنانە، هەر شوێنێكیش كێشەی هەبوو، ئێمە دەتوانین بەپیریانەوە بچین، جاری واهەیە كێشەكان بەشێوەی میدیا و لەكەناڵەكانی راگەیاندن دەیخەنەڕوو و چارەسەری بۆ دەدۆزینەوە، بۆیە زانكۆ تاكە جێگەیەك نیە، كە ئێمە پشتی پێ ببەستین، ئێمە بۆ هەر داخوازییەك دەتوانین، بەپێی حەجمی داخوازییەكە خەڵكی بۆ دابین بكەین، ئەگەر داواكارییەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكان بێت، ئەوكاتە ئێمە لەسەر ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكان كاری بۆ دەكەین، بۆیە دەمانەوێت زانكۆ وەك دامەزراوەیەكی زانستی و كەلتووری رۆڵی خۆی هەبێت لەناو كۆمەڵگەدا، كە هەماهەنگی و پەیوەندی بەهێز دروست بكەین، لەنێوان خوێندكارانی زانكۆ و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵ”.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاشكراشی دەكات، كە لەداهاتوودا رەنگە بارەگا لەشاری هەولێر بكەنەوە. سەبارەت بەكۆنگرەی بزووتنەوەكەشیان دەڵێت “ئامادەیی كراوە بۆ بەستنی كۆنگرەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ چەند مانگی داهاتوو كە گرێ بدرێت، پارێزگای هەولێریش بەپێی قەبارەی خۆی نوێنەری دەبێت لەو كۆنگرەیەدا، بەپێی نوێنەرەكانیشی، كورسییەكانی خۆی لەنێو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕاندا دەبینێتەوە”، سەبارەت بەئایندەی هەر یەكە لەعوسمان بانیمارانی و سەفین مەلا قەرە، كە دوو سەركردەی بزووتنەوەی گۆڕانن لەشاری هەولێر، سەڵاح مەزن دەڵێت “بزووتنەوەی گۆڕان موڵكی تاكە كەسێك و گروپێكی دیاریكراو نیە، كە سەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان داگیربكات و قۆرغی بكات تەنها بۆ خۆی، بەپێی ئەو دەستوورەی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەخشەی بۆ كێشراوە، ئێمە بوار بەهەموو كەسێك دەدەین بێت كار و چالاكی بكات، كەواتە تەجاوزی هەموو ئەو قەیرانانە دەكەین، كە لەرابردوودا هەبووبێت، ئەو دوو بەڕێزەش كە رۆڵی شایستەیان هەبووە لەشاری هەولێر و لەسەرەتای لەدایكبوونی ئەم بزووتنەوەیە و بەشداری كردنییان لەدوو پرۆسیسی هەڵبژاردن لەشاری هەولێر، ئێستا لەشوێنی دیكە خەریكی كاری رێكخراوەیی خۆیانن، لەسنووری شاری هەولێر ئێمە هەمیشە پرس و رایان لەگەڵ دەكەین، بەڵام لەسنووری شاری شارەوانی هەولێر هیچیان نەماوە، چونكە لەو سنوورە ئەنجومەنێكی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی گۆڕان هەیە، ئەم دوو بەڕێزەش لەدەرەوەی ئەم ئەنجومەنەن، بەڵام لەئاستێكی دیكەی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوانە خەریكی كار و چالاكین و ئایندەیان لەناو بزووتنەوەی گۆڕان روونە، چونكە نە ئەوان دەتوانن دەستبەرداری بزووتنەوەی گۆڕان ببن، نەبزووتنەوەی گۆڕانیش دەتوانێت دەستبەرداری ئەم دوو بەڕێزە بێت”.
له سڤیلهوه…