نوچەنێت.ههولێر:
وەزیرى کۆچ و کۆچبەران،رایگەیاند پلانێکى گشتگیریان بۆ ساڵى داهاتوو داڕشتووەو گەڕاندنەوەى بەزۆرى ئەو هاوڵاتیانەشى رەتکردەوە کە بۆ وڵاتانى ئەوروپا کۆچیان کردووە.
بەپێ راگەیەنراوێكی وەزارەتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران كە وێنەێكی بۆ نوچەنێت نێراوە،دەرباز محەمەد وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق،رایگەیاندوە، پلانێکى گشتگیریان بۆ ساڵى داهاتوو داناوە، کە دوو لایەن دەگرێتەوە، کە یەکەمیان بەردەوامیدانە بە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکانە بۆ خێزانە ئاوارەکان کە یارمەتى دارایى و خزمەتگوزارییە فریا گوزارییەکانە و لایەنى دووەمیشیان گەڕاندنەوەى خێزانە ئاوارەکان دەگرێتەوە کە بۆ ناوچە ئازادکراوەکانیان دواى ئەوەى پێداویستیە بنەڕەتیەکانى ژیانیان بۆ دابین دەکرێت بۆ ئەوەى هانبدرێن بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان.
وەزیرى کۆچ و کۆچبەران لەبارەى کۆچى هاوڵاتیانیشەوە بۆ وڵاتانى ئەوروپا رایگەیاند، کۆچى خێزانەکان بۆ ئەوروپا کێشەیەکى بەردەوامە لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى و پێویستى بە هەوڵى گەورەو هەماهەنگى لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى کە وا ئەکەن ئەو خێزانانە ناچار بن کۆچ بکەن.
دەرباز محەمەد، گەڕانەوەى بەزۆرى ئەو خێزان و هاوڵاتیانەشى رەتکردەوە کە کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا و وڵاتانى تر و رایگەیاند، وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران و حکومەت ئەو دۆسیەیەى لە ئەستۆگرتووە بۆ گەڕانەوەیان بە شێوەیەکى ئارەزوومەندانەو نابێت فشاریان بخرێتە سەر بۆ گەڕانەوەیان و سەربەستن لە مانەوە یان گەڕانەوەیان بۆ عێراق.
ئەم ووتانەى وەزیرى کۆچ و کۆچبەران لە میانەى دیدارى هات لەگەڵ سەرۆکى شاندى رێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى (ıom)لە عێراق، توماس لوسەر.
تۆماس لەسەر پرسى گەڕانەوەى بەزۆرى کۆچبەرانیش هاوڕا بوو لەگەڵ وەزیرى کۆچبەراندا و رایگەیاند هاوشانى ئێوە دژى گەڕانەوەى بەزۆرى کۆچبەران لە وڵاتانى ئەوروپا دەوەستینەوە.
راشیگەیاند رێکخراوەکەیان تیمێکى لەو رێکخراوە نێودەوڵەتیان پێکهێناوە کە لە عێراقدا کاردەکەن بۆ پشتیوانى لە دۆسیەى گەڕانەوەى ئەو ئاوارانەى کە ناوچەکانیان ئازادکراوە.