له هه‌رێمی كوردستان كار به یاسای ریشه‌كێش كردنی به‌عس ناكرێت
ده‌یان فه‌رمانده و ئه‌فسه‌رى به‌عسی له ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌دان
راپۆرتی: رێبوار ره‌زا چوچانی
له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس له‌عێراق، یاسای ریشه‌كێش كردنی ئه‌و حیزبه ده‌رچوو و به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ش، هه‌موو كارێكی سیاسی و سه‌ربازی له‌به‌عسییه‌كان قه‌ده‌غه‌كراوه، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان كار به‌و یاسایه ناكرێت و ده‌یان فه‌رمانده و ئه‌فسه‌ری به‌عسی، خزێنراونه‌ته ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
ئه‌گه‌رچی نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌رێمی كوردستان، زۆرترین تاوانی له‌لایه‌ن سوپای پێشووی رژێمی به‌عسه‌وه ده‌رهه‌ق كراوه، به‌ڵام تا ئێستا كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و هه‌رێمه، كار به یاسای ریشه‌كێش كردنی به‌عس ناكه‌ن، كه ئه‌و یاسایه له پاش روخاندنی رژێمی به‌عس و داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن هێزی هاوپه‌یمانانه‌وه، ده‌رچووه، تا ئێستاش له ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا، به ده‌یان ئه‌فسه‌ری به‌عسی بوونیان هه‌یه، ئه‌مه‌ش بۆته جێگه‌ی پرسیاری كورده‌كان، چونكه گومان ده‌كرێت، به‌شێك له‌و ئه‌فسه‌رانه، به‌شداری چالاكییه‌كانی دژ به كوردی‌یان كرد بێت.
به گوێره‌ی لیستێك كه له هه‌یئه‌ی ئه‌ركانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه ئاماده كراوه و كاری پێده‌كرێت، به‌شێك له ئه‌فسه‌ره عه‌ره‌به‌كان له ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی فه‌رمانده و ئه‌فسه‌ر و پله باڵاكانی هێزی پێشمه‌رگه‌ن، ئه‌و لیسته كه له به‌رده‌سماندایه ده‌ریده‌خات، ئه‌و ئه‌فسه‌رانه لیوا روكن و عه‌مید روكنیشیان تێدایه، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، كه ژماره‌یه‌كی زۆر له ئه‌فسه‌ره‌كانی به‌عس له ناو ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌دان، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌له‌مانی كوردستان ئاشكراشی ده‌كات، كه له هه‌رێمی كوردستان كار به یاسای به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی به‌عس ناكرێت.
له لێدوانێكدا لیوا جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌میداری وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه، بوونی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی پشت راست كرده‌وه، به‌ڵام به وته‌ی ئه‌و، له ساڵی (1991) كاتێك راپه‌ڕین كرا و دوای ئه‌وه‌ش كۆلێژی ئه‌ركان دامه‌زراوه، هه‌وڵ دراوه سود له توانای ئه‌و ئه‌فسه‌ره عه‌ره‌بانه وه‌ربگیردرێت “وه‌ك مامۆستا”، ئه‌وه‌ش راده‌گه‌یه‌نێت، كه هه‌ر كه‌س به‌ڵگه‌ی هه‌یه له‌سه‌ر تێوه‌گلانی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه به كاری دژ به كورد، “بابچێت له دادگا داوا تۆمار بكات”.
یاسای ریشه‌كێش كردنی به‌عس، كه له (3ی مایسی 2003) له‌لایه‌ن پۆلبرێمه‌ر حاكمی مه‌ده‌نی ئه‌مریكا له عێراق ده‌رچووه، ئه‌م یاسایه‌ش به بنه‌مایه‌ك داده‌نرێت، بۆ دامه‌زراندنی (ده‌زگای ریشه‌كێش كردنی به‌عس) كه دواتر دامه‌زرا، چونكه حیزبی به‌عس به سه‌رۆكایه‌تی سه‌ددام حسێن، بۆ ماوه‌ی (35) ساڵ حوكمڕأنی عێراقییان ده‌كرد، له ماوه‌ی حوكمڕانیشییاندا، به گوێره‌ی دیوكیۆمێنته‌كان، چه‌ندین تاوانییان دژ به گه‌لانی عێراق ئه‌نجامداوه، كه هه‌ر ئه‌و دیوكیۆمێنتانه، دواتر بوونه پاڵشپت بۆ ساغ كردنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی سه‌رانی ئه‌و رژێمه و سه‌پاندنی سزای له سێدره‌دان بۆ سه‌ركرده دیاره‌كانییان.
به‌ڵام تا ئێستا نه ئه‌و یاسایه له هه‌رێمی كوردستان كاری پێده‌كرێت و نه ئه‌و ده‌زگایه‌ش توانیویه‌تی به‌رپرسه كۆنه به‌عسییه‌كانی هه‌رێم له كاره‌كانییان دروو بخاته‌وه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، كه به‌رپرسانی هه‌رێم زۆرجار عه‌ره‌به‌كان به كۆنه به‌عسی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و …..، پێیوایه به‌شێك له هۆكاره‌كانی پشته‌وه‌ی پێدانی پله و پایه به ئه‌فسه‌ره به‌عسییه‌كان له ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ په‌یڕه‌و كردنی ئه‌و یاسا سه‌ربازییانه‌ی، كه ماوه‌یان به‌سه‌رچووه، نه‌ریمان ده‌ڵێت “ئه‌و یاسا سه‌ربازییانه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان كاری پێده‌كرێت، ده‌مێكه پێویستیان به هه‌موار كردنه‌وه هه‌یه، چونكه ئه‌و یاسایانه كۆنن و هی ساڵانی چله‌كانی تێدایه و له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریی كۆندایه”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكراشی ده‌كات، كه ئه‌وان زانیاری‌یان هه‌یه، له ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا، “ئه‌فسه‌ری به‌عسی بوونی هه‌یه”، ده‌ڵێت “له ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و داموده‌زگاكانی تریشدا، به‌عسییه‌كان زۆر هه‌ن، كه ئێستا كۆلێژه‌كانی سه‌ربازی به‌ڕێوه ده‌به‌ن بۆ مه‌شق و راهێنان، جگه له‌مه‌ش هه‌ر كه‌سێك ئه‌فسه‌ر بووبێت له‌سه‌رده‌می به‌عسدا، كه هاتۆته‌وه و ته‌قدیمی كردووه، وه‌رگیراوه‌ته‌وه و هیچیان ره‌ت نه‌كراونه‌ته‌وه”، سه‌باره به یاسای ریشه‌كێش كردنی به‌عسیش وتی “ئه‌و یاسایه له هه‌رێمی كوردستان كاری پێنه‌كراوه، چونكه له ساڵی (1991)ه‌وه هه‌رێمی كوردستان ئازاده، تا ئێستاش به یاسای سه‌ربازی سه‌رده‌می سه‌دام حسێن كار ده‌كرێت”.
له‌لایه‌كی تره‌وه جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه، سه‌باره‌ت به‌و ئه‌فسه‌ره عه‌ره‌بانه وتی “ئه‌وانه له كولییه‌ی ئه‌ركانن، له ساڵی (1991) كه كولییه‌ی ئه‌ركان دامه‌زراوه، تا ئێستا ئه‌وان له‌وێن، له‌وێش سود له شاره‌زایی ئه‌وان وه‌رگیراوه و وه‌ك مامۆستا له‌وێ ده‌وام ده‌كه‌ن”، وتیشی “ئێستا له ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا، زۆر ئه‌فسه‌ر هه‌ن كه كورد نین، ئه‌فسه‌ری عه‌ره‌ب و توركمانیشمان هه‌یه، چونكه له ناو هه‌رێمی كوردستاندا، خه‌ڵك ده‌ژی كه عه‌ره‌به و خه‌ڵك ده‌ژی كه توركمانیشه، هه‌یه مه‌سیحییه و هه‌یه ئێزیدیشه، بۆیه له ناو هێزی پێشمه‌رگه‌شدا، هه‌موو ره‌نگه‌كانی تێدایه، به‌پێی بوونییان له هه‌رێمی كوردستاندا”، سه‌باره‌ت به یاسای ریشه‌كێش كردنی به‌عسیش ده‌ڵێت “هه‌ر كاتێك تۆمه‌ته‌كانی به‌عسیبوون ساغكرایه‌وه به‌سه‌رییاندا و ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌تان هێنا كه به‌عسی بوون و ده‌ستییان به خوێنی خه‌ڵك سوور بووه، ئێمه ئاماده‌ین دادگاییان بكه‌ین”.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌رده‌ستمان كه‌وتوون، ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری پێشووی سوپای عێراق له ناو ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانیدا كار ده‌كه‌ن، ئه‌و ئه‌فسه‌رانه هه‌شیانه پله‌ی باڵای هه‌یه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌و فه‌رمانده‌ییه فه‌وجێكییان هه‌یه به ناوی فه‌وجی برایه‌تی و له‌و عه‌ره‌بانه پێكدێن، كه خه‌ڵكی ناوچه‌كانی مه‌خموور و تكریتن، له لێدوانێكدا لیوا عه‌زیز وه‌یسی بانی فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی ره‌تی نه‌كرده‌وه كه ئه‌و ئه‌فسه‌رانه له ناو هێزه‌كانی ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌دا بوونیان هه‌یه، به‌ڵام به وته‌ی ئه‌و “هه‌ر كه‌سێك به‌ڵگه‌ی هه‌یه له‌سه‌رییان، ده‌توانێت له دادگا شكاتییان لێبكات”، وتیشی “هه‌ر كه‌سێكیش داوایه‌كی یاسایی هه‌یه له‌سه‌رییان كه ده‌ستییان به خوێنی خه‌ڵك سوربووبێت، ئه‌وا من وه‌ك فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی، ئاماده‌م له‌سه‌ر بودجه‌ی ئه‌م فه‌رمانده‌ییه، پارێزه‌رییان بۆ ده‌گرم له دژی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی خۆمان”.
له سڤیله‌وه