نوچە-ئاژانسەکانی هەواڵ
احمد علم الهدی،خەتیبی نوێژی هەینی مەشهەد و مەهدی تائێب فەرماندەی قەرارگای عەمار لە دوو لێدوانی وەکیەک دەڵێن:هێرشە تیرۆریستیەکەی ئەم دواییانەی شاری پاریس”سیناریۆیە و مەبەست ئەوەیە کە ناکۆکی بخەنە نیوان موسوڵمانان و مەسیحیەکان.
گوتاربێژی نوێژی هەینی مەشهەد وێڕای ئیدانە کردنی هێرشە تیرۆریستیەکەی پاریس،چوار گریمانە دەخاتە بەرباس و دەڵێ:ئەگەری ئەوە هەیە کە رووداوەکەی دەستکرد بێت تا بواری لەشکەرکێشی و ناردنی هێز بۆ ناوچەکە فەراهەم بکرێ،دواتر لەم رێگەوە سەهیۆنی و ئەمریکیەکان جینایەت بەڕێوەببەن وپاساو بۆ پلانی جەنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێننەوە.
علم الهدی،دەشڵێ:رەنگە رووداوەکە”ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیلی”بێت،بە دڵنیاییەوە لە پشتەوەی پەردە شتی شاراوە هەیە و دەیانهەوێ ئیسلام بەدناو بکەن.
مەهدی تائێب،فەرماندەی قەرارگای عەمار لە لێدوانێکی سەبارەت بە رووداوەکەی پاریس گوتویەتی:ئایا دەزگا ئەمنی و زانیاریەکانی فەڕەنسە بەو رادەیە لاوازن؟ئەمە بەڵگەیەکە بۆئەوەی بڵێین ئەم رووداوە تەنها یارییە وهیچی دیکە.یاریەکەش بەم شێوەیە کە شەڕ لە نێوان موسوڵمانان و مەسیحیەکان ساز بکەن.
پێشووتریش هەندێ لە بەرپرسانی ئێرانی،رووداوی ١١ی سێبتامبری ئەمریکایان بە سیناریۆ و دەستکرد وەسف کردبوو.