لە ستۆکهۆڵم بەهۆی ئەگەری بەزۆر ناردنەوەیان بۆ ئێران 20 کوردی رۆژهەڵات دوو رۆژە مانیانگرتووە
رزگار رەزا چوچانی / سوید
نزیکەی ٢٠ کەس لەکوردانی رۆژهەڵات لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەکۆمەڵ دەستیان بەمانگرتن کرد وتەبێژی کوردە مانگرتووەکان بەنوچەنێتی راگەیاند، تاکو ئێستا هیچ کام لەو حزبانەی کە ئەو کوردانە بەهۆی ئەوانەوە وڵاتیان جێهێشتووە، گرنگیان بەمانگرتنەکەیان نەداوە.
ئەگەرچی لە ئێراندا بەهۆی چالاکی سیاسییەوە بڕیاری لەسێدارەدان بۆ نەیارانی حکومەتی ئەو وڵاتە بەردەوام جێبەجێ دەکرێت، بەڵام حکومەتی سوید داوای مافی پەنابەری چەندین کوردی رۆهەڵات رەتدەکاتەوە، ئێستا بەهۆی هەستکردن بەمەترسی بەزۆر ناردنەوەیان، ئەو کوردانە لە ستتۆکهۆڵمی پایتەختی سوید مانگرتنیان دەستداوەتێ.
ڕێبوار ئیبراهیمزادیان وتەبێژی ئەو کوردانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەهۆی ئەگەری بەزۆر ناردنەوەیان لە سویدەوە بۆ ئێران مانیانگرتووە، بە نوچەنێتی راگەیاند”ئێمە نزیکەی ٢٠ کەس دەبین لە کوردانی رۆژهەڵات، کە ئەندام یان پێشمەرگەی حزبە جۆر بەجۆرەکانی رۆژهەڵاتین، لە ٢٠ ی ئەم مانگەوە دەستمان بەمانگرتن کردووە، چونکە ئێمە دژی کۆماری ئیسلامی ساڵهایەکی زۆر خەباتمانکردووە. هەمان ٢٠ ساڵ خەباتی کردووە، هەمانە ١٠ ساڵ و تادوایی، هاتوین بۆ وڵاتی سوید بەهۆی ئەوەی مەترسی لەسەر گیانمان هەبووە، بەڵام بەداخەوە ئەم وڵاتە هیچ جوابێکی پێنەداوین و پێی وتووین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ وڵاتەکەی خۆمان، ئێستاش ئەوانە ترسێکی زۆریان لەسەرە بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتی ئێران، بۆیە دەستمان بەمانگرتن کردووە، بۆ ئەوەی داوا لە دائیرەی هیجرەی سوید بکەین بەزۆر ناردنەوەی ئەو کوردانەی رۆژهەڵات رابگرێت”.
رێبوار زیاتر ئامانجی مانگرتنەکەیان بۆ نوچەنێت دەخاتەڕوو دەڵێت”جیا لەوەی داوا لە دائیرەی هیجرە دەکەین بەزۆر ناردنەوەمان رابگرن، داواش دەکەین بەرەسمی ناسنامەی ئێمە دیاری بکات و وەک کوردێک بمانناسێت، دائیرەی هیجرەی سوید بەهەندێک لەو هاوڕێیانەی ئێمەیان وتووە ئێمە نازانین ئەسڵەن ئێوە سەر بە چ قەومیەت و میللەتێکن و خەڵکی کوێن، بۆیە ئێمە داوا دەکەین بەهەویەتی خۆمان بناسرێین، ئێمە ئەوەندە دیکۆمێنتمان هەیە کە بیسەلمێنین کە سانێکی سیاسی بوین و ساڵانێکی زۆر خەباتمان لەدژی جمهوری ئیسلامی کردووە، زۆرێکمان چەکمان بەدەستەوە بووە لەدژی ئێران، بەڵام بەداخەوە دائیرەی هیجرەی سوید هیچ لەوانە لەبەرچاو ناگرێت و تەنها بیر لەوە دەکەنەوە بەجۆرێک لەجۆرەکان ئێمە بەزۆر رەوانەی ئێران بکەنەوە”.
وتەبێژی ئەو کوردە مانگرتووانە لەبارەی سەردان و پرسینەوەی بەرپرسانی سوید بۆ جێی مانگرتنەکەیان دەڵێت”تاکو ئێستا نزیکەی دوو یان سێ پەڕلەمانتاری سوید هاتۆتە لامان، بەڵام لەلایەن دائیرەی هیجرەوە هیچ کەس نەهاتووە، ئێمە ئامانجمان ئەوەیە دائیرەی هیجرە بێتە ئیرە ئاگاداری دەردی ئێمە بێت، ئەوان تایبەتن بەم کێشەیە بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا نەهاتوون”.
ئەگەرچی ئەو کوردانە بەهۆی ئەندامێتیان لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئاوارەبوون و وڵاتیان جێهێشتووەم بەڵام وێڕای ئەوەی ماوەی دوو رۆژە ئەو کوردانە مانیانگرتووە، ڕێبوار ئیبراهیمزادیان رەخنەی لەو حزبانە هەیەو دەڵێت”بەداخەوە زۆر کەمتەرخەمبوون، تەنها یەکێک لەحزبەکان زۆر فەعالانە لەگەڵمانە تا ئێستا، بەڵام حزبەکانی تری رۆژهەڵات هیچ کامیان تائێستا نەهاتوون و پەیوەندیشیان پێوە نەکردووین، من نامەوێ ئەمە بکرێتە رێکلام بۆ حزبێک، بەڵام حزبی دیموکراتی کوردستان زۆر بە باشی لەگەڵمان بووە، ئێمە لەم خەڵکەدا ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی تیایە ئەندامی بەشەکانی کۆمەڵەمان لەگەڵە، بەڵام هیچ کام لەوانە تاکو ئێستا مانگرتنی ئێمەیان تەنانەت لە میدیاکانی خۆشیان بڵاو نەکردۆتەوەو نەشهاتوون بۆلامان بزانن ئێمە بۆچی لێرەین، ئەو ئەندامانەیان بۆچی لێرە دانیشتوون و مانیان گرتووە، بڕیارە بێن و پشتگیریمان بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو دوو رۆژە بێجگە لە حزبی دیموکراتی کوردستان هیچ حزبێک نەهاتووە بەلای ئێمەدا”.
رێبوار رەخنەی لە ڕێکخراوەکوردییەکانیش هەیە و وێڕای ئەوەی داوا دەکات پشتیوانیان بکەن دەڵێت”هیچ ڕێکخراوێکی کوردی نەهاتووە بەلاماندا، رەنگە هۆی ئەوە بێت کە میدیاکان گرنگیان پێنەداوین، یان نەمانتوانیوە پەیوەندیان پێوە بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە ڕادیۆی زایەڵە کە رادیۆیەکی کوردیە و لەچەند جێگایەکی تر بڵاوکراوەتەوە، تاکو ئێستا هیچ کام لە ڕێکخراوەکوردییەکان گرنگیان بە ئێمە نەداوە”.
ئەوەش ئاشکرا دەکات کە پۆلیسی سوید بۆ ماوەی مانگێک مۆڵەتی پێداون، بەڵام ئەوان دوای ئەو ماوەش ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە بەردەوام دەبن لەمانگرتن.
