فراکسیۆنی پارتی بەڵێن بە شەنگال دەدات

0

نوچەنێت

دوای داگیركردنی شەنگال و ئەو كارەساتەی رووبەڕووی شارەكە بووەوە، ئێستا ئەو قەزایە رزگار كراوە و لە دەست هێزەكانی پێشمەرگەدایە، بەڵام بە هۆی ئەوكاولكارییەی بەسەریدا هاتووە، پێویستی بە كۆمەكی گەورەیە، تا سەرلەنوێ ئاوەدان بكرێتەوە، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، دوای بەسەركردنەوەی قەزاكە رایانگەیاند، ئەوان نوێنەری شەنگالییەكان دەبن و كار بۆ ئەو مەبەستە دەكەن.

رۆژی (3/8/2014) چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر شارۆچكەی شەنگال و داگیریان كرد، لەگەڵ ئەو داگیركردنەدا كارەساتی گەورەی وەك جینۆسایدییان بەسەر دانیشوانە كوردە ئێزدییەكانییدا هێنا، داعش بە گەیشتنی بەو شارۆچكەیە، دەستی دایە تاڵانی و كوشتنی بە كۆمەڵی خەڵكەكەیی و رفاندنی كچان و بە زۆر ئیسلامكردنی ئەو كەسانەی كە فریای هەڵاتن نەكەوتبوون، بەو كارانەشیان تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجامدا.

رۆژی پێنجشەممە (12/11/2015) هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شارەكەیان دەست پێكرد و بەسەركەوتووی ئامانجەكەی خۆی پێكا، ئێستا شەنگال رزگاركراوە، بەڵام بەهۆی شەڕ و كاولكارییەكانییەوە، پێویستی بە ئاوەدانكردنەوەیە، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی (19/11/2015) ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی كوردستان، سەردانی شارۆچكەكەیان كرد و پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنەیان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و شەنگالییەكان گەیاند، لە زاری بەڕێزئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنیشەوە، بەڵێنییان پێدان، كار بۆ ئاوەدان كردنەوەی قەزاكە بكەن.

شاندی فراكسیۆنی پارتی سەرەتا سەردانی بارەگای قائیمقامییەتی قەزاكەیان كرد و لە لایەن مەحما خەلیل قائیمقامی شەنگال و كاربەدەستان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە، پێشوازی كران، لە وتارێكدا كە بەبۆنەی بەخێرهاتنی فراكسیۆنی پارتییەوە پێشكەشی كرد، قائیمقامی شەنگال، ئاماژەی دا بە گەورەیی كارەساتی شەنگال و ئەو وێرانكارییەی بەسەر ناوچەكەدا هاتووە، هەروەها داوای لە فراكسیۆنی پارتی كرد، لە پێناو ئاوەدانكردنەوەی و كەمكردنەوەی خەمی قورسی دانیشتوانەكەی، كاری جدی بكەن، بۆ هاوكاری كردنی ماددی و مەعنەوی شەنگال و زوو ئاوەدانكردنەوەی و بە شەهید تۆماركردنی ئەو شەهیدە خۆبەخشانەی كە لە سەرەتای داگیركردنییەوە تا رۆژی رزگاركردنی، گیانی خۆیان كردۆتە قوربانی،هەروەها داوایشی كرد، هەرچی زووە كار بكرێت بۆ بە پارێزگاكردنی شەنگال كە ببێتە پارێزگایەك لە هەرێمی كوردستان.

لە بەرانبەریشدا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، وەك هەمیشە نوێنەری راستەقینەی شەنگالییەكان دەبن و كار بۆ جێبەجێ كردنی داواكارییەكانییان دەكەن، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، ئاماژەی بەوەیشدا شەنگال هێمای جینۆسایدی گەلی كوردە، بە دەستی تیرۆرستان، ئەو هەوڵانەیشی بە شكستخواردوو وەسفكرد، كە دەیانەوێت لە رووی سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتییەوە، شەنگال لە هەرێمی كوردستان داببڕن.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە بەشێكی تری وتارەكەیدا، وتی:”ئێمە هەست بە ئازارەكانی شەنگال دەكەین و وەك هەمیشە نوێنەری راستەقینەتان دەبین، چونكە شەنگال پارچەیەكە لە رۆحی ئێمە و پارچەیەكە لە هەرێمی كوردستان، هەوڵی تەواو دەدەین، بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە و بە پارێزگا كردنی و هەرچیمان لە توانادا هەبێت بۆخزمەتكردنی شەنگال، درێغی ناكەین”.

دواتر شاندی فراكسیۆنی پارتی، لە مەراسمێكدا بۆ سەركەوتنی شەنگال، تابلۆی قائیمقامییەتی قەزاكەیان لەسەر دیواری بارەگاكەی هەڵواسی و بە رۆژنامەنووسانیشیان راگەیاند، شەنگال ئاوەدان دەكرێتەوە.

هەر لەو سەردانەیاندا بۆ شەنگال، فراكسیۆنی پارتی، بارەگای لقی (17)ی شەنگالی پارتی دیموكراتی كوردستانییان بەسەركردەوە و لەگەڵ بەرپرسی لق و كارگێڕانی لق، ئاوەدان كردنەوەی شارەكە و پتەوكردنی برایەتی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی ناوچەكە بە گرنگ زانی، دوای ئەوەی سەردانێكی مەیدانییان بە ناو شارۆچكەكەدا كرد و وێرانكاری دوای شەڕەكانییان بەسەركردەوە، سەردانی بەشێك سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانییان كرد، لەوێش لەلاپەن سەربەست لەزگین بەرپرسی لقی هەشتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە هاوكات یەكێكە لە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو دەڤەرە، پێشوازی كران، لەزگین باسی گرنگی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و رزگاركردنی ئەو ناوچەیەی كرد، كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بەشێك لە خەمی خەڵكی ناوچەكە، كە بەهۆی كەوتنی شەنگالەوە، تووشی كارەساتی گەورە بووبوون.

دواتر شاندی فراكسیۆنی پارتی، سەردانی فەرماندەیی میحوەری رۆژهەڵات و رۆژئاوای دیجلەیان كرد و لەلایەن زەعیم عەلی فەرماندەی میحوەرەكەوە پێشوازی كران، فەرماندەی میحوەری تیشكی خستە سەر ئەو سەختیانەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕیان لە دژی تیرۆرستانی داعش رووبەڕوویان بووەتەوە، بەڵام وەك ئەو وتی:”سەرەڕای سەختی شەڕەكان و بەكارهێنانی دواترین تەكنیكی تەقینەوە لەلایەن تیرۆرستەكانەوە، ئیرادەی پێشمەرگە بە پتەوی مایەوە، تا سەرەنجام شكستی بە تیرۆرستان هێنا و بەسەریاندا سەركەوت”.

زەعیم عەلی باسی لەو ڕێوشوێنانە كرد، كە بۆ پاراستنی شارەكە گرتوویانەتەبەر و ئەوەیشی راگەیاند، كە چیتر داعش توانای هەستانەوەیان نەماوە، لە بەرانبەریشدا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، وێڕای دەستخۆشی لە پێشمەرگە و ئەفسەر و فەرماندەكانی میحوەرەكە، پاڵپشتی خۆیانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەربڕی و فراكسیۆنەكەی بە داكۆكیكاری مافەكانی ئەوان ناوبرد.

هەر هەمان رۆژ شاندی فراكسیۆنی پارتی، سەردانی سەنگەرەكانی لەشكری تایبەتی یەكییان كرد و پیرۆزبایی سەركەوتنییان لێكردن، دواتر سەردانی فەرماندەیی هێزی پشتیوانییان كرد و لەلایەن سیهاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەییەكە پێشوازییان لێكرا، لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و رزگاركردنی شەنگالییان لە خەڵكی كوردستان پیرۆز كرد، هەروەها پارێزگاریكردن لە شەنگال و ئاوەدانكردنەوەی قەزاكەیان بە گرنگ وەسف كرد.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com