نوچه‌نێت- عه‌ره‌بی جه‌دید
ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی راگه‌یه‌نرا له دوزخورماتو ته‌نها چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌می خایاند، پێش ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان دووباره ده‌ستپێبكه‌نه‌وه دوای گه‌یشتنی ئه‌فسه‌رانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ناوچه‌كه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی خۆجێیی ئاگادار رایگه‌یاند ، چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی ئێرانی به هاوڕێیه‌تی زیاتر له 100 سه‌رباز هاتونه ناو میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له شاره‌كه، دووپاتیشی كرده‌وه كه فه‌رمانده ئێرانیه‌كان هه‌موو ئاگربه‌ستێكیان له‌گه‌ڵ لایه‌نی كوردی ره‌تكردوه‌ته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌كیان به‌ره‌و رووی حه‌شدی شه‌عبی كردوه‌ته‌وه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه روونیكرده‌وه كه ئه‌فسه‌ره ئێرانییه‌كان سووربوون له‌سه‌ر به‌رده‌وامی شه‌ڕ هه‌تاكو پێشمه‌رگه به ته‌واوی له دوزخورماتو و سه‌رجه‌م ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ده‌رده‌كرێن ، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه هه‌ندێك له ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی چه‌كی مامناوه‌ند به‌ره‌و ئه‌و شوێنانه‌ی پێشمه‌رگه ده‌هاوێن كه له نزیك هێڵی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ردولان.
له‌لای خۆشییه‌وه محه‌مه‌د قوجا جێگری پارێزگاری سه‌لاحه‌ددین دووپاتی كرده‌وه كه ته‌قه له دوو خاڵی پشكنین كراوه له شاره‌كه ، كه ئه‌مه ده‌ستێكه هه‌وڵ ده‌دات ئاسایشی ناوچه‌كه بشێوێنێت و وا له هه‌ردوولا بگه‌یه‌نێت كه هیچ ئاگربه‌ستێك بوونی نیه ، داواشی له پێكهاته‌كانی دوزخورماتوو كرد ئاگایان له‌و ده‌سته بێت كه ئاسایش و سه‌قامگیری شاره‌كه‌ی ناوێت.
ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی ئێواره‌ی دووشه‌ممه پارتی كرێكارانی كوردستان “په‌كه‌كه” ی به كوشتنی خه‌ڵكی توركمان له دوزخورماتوو تاوانبار كرد.
ئه‌و وتی بوونی ئه‌ندامانی په‌كه‌كه له شاره‌كه مه‌ترسیداره ، داواشی له پێشمه‌رگه كرد راستی بوونی په‌كه‌كه له شاره‌كه روون بكاته‌وه.
پارتی كرێكارانی كوردستانیش بوونی خۆی له دوزخورماتوو پشتڕاست كرده‌وه و رایگه‌یاند كه ئه‌وان بۆ پاراستنی هه‌موو مرۆڤێك هاتوون كه رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه و سته‌م ده‌بنه‌وه ، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه ئه‌وان هه‌ڵگری هیچ پرۆژه‌یه‌كی تایفه‌گه‌ری مه‌زهه‌بی نین هه‌تا ئاژاوه له نێوان پێكهاته‌كانی شاره‌كه بنێنه‌وه.