د. فایەق گوڵپی: گه‌لی كورد به دوای هێزێكی سیاسی‌دا ده‌گه‌رێت ترس و له‌رز و بێ به‌رنامه‌یی ئۆپۆزسیۆنی تێپه‌راندبێت، تا له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌نگی بۆ بدات
زۆرانبازی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كوردستاندا
فائیق محه‌مه‌د گوڵپی / تایبەت بەنوچەنێت
له درێژه‌ی ململانێ و ناكۆكیه‌كانی هه‌ردو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار و هه‌رسێ حزبی ئۆپۆزسیۆندا، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان نزیك ده‌بێته‌وه،شانبه‌شانی ماملانێ گشتیه‌كان، هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی خۆی بۆ ململانێی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ئاماده ده‌كات، تا له سه‌نگ و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی تێبگات، هه‌رچی لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانن، ده‌یانه‌وێت درێژه به بونی خۆیان بده‌ن و پێگه‌ی خۆیان قایمتر بكه‌ن،لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی هه‌رێمیش له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا سه‌ركه‌وتن به ده‌ستبێنن و ببنه حوكمرانی پارێزگاكان.
پێشبینی كردن سه‌باره‌ت به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان،ئایالایه‌نی ده‌سه‌ڵات یان لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن سه‌ركه‌وتو ده‌بن،پێوه‌ندی به كۆمه‌ڵێك فاكته‌ره‌وه هه‌یه، به بۆچونی من ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی هه‌رێم له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی 2009 و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عراقی 2010 لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن هێنده دور ناكه‌وێته‌وه،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌وه تا ئه‌مرۆ له روی یاسایی و ئیداری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، گۆرانكاریه‌كی جدی به‌سه‌ر سیسته‌می حوكمرانی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌هاتوه.
خاڵێكی تر كه كاریگه‌ری له سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه، ئه‌وه‌یه كه ئایا حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان(پارتی و یه‌كێـتی) به یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن یان به لیستی سه‌ربه‌خۆ؟،وه هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كه ئایا به یه‌ك لیستی هاوبه‌ش به‌شداری خۆپیشاندان ده‌كه‌ن یان به لیستی سه‌ربه‌خۆ؟،ئایا شانبه‌شانی لیسته‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، لیستی تر به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌كه‌ن؟.
بابه‌تێكی تر كه كاریگه‌ری له سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگاكانی هه‌رێم ده‌بێت،كه‌سێتی و به‌رنامه‌ی پاڵێوراوانی پارێزگا وئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه،وه ئایا شێوازی هه‌ڵبژاردن چۆنه،لیستی داخراوه،لیستی كراوه‌یه یان تێكه‌ڵه‌یه له كراوه و داخراو.
له كاتێكدا كه ره‌وشی یاسایی و ئیداری و شێوازی هاوپه‌یمانی لیسته‌كان و شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاسایی بێت،لایه‌نه ركه‌به‌ره‌كانی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن (ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن) هه‌ر یه‌كه و خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خاڵی لاواز و خاڵی به‌هێزن،خاڵه لاوازه‌كان له دۆڕاندن نزیكیان ده‌كاته‌وه و خاڵه به‌هێزه‌كان له سه‌ركه‌وتن نزیكیان ده‌كاته‌وه.
خاڵه به‌هێزه‌كانی به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات،هێزی سه‌ربازی و پاره و دادگا و پێوه‌ندی دبلۆماسیه،خاڵه لاوازه‌كانی به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری بێ سه‌روه‌ری سیسته‌می حوكمرانی هه‌رێمی كوردستانه.له هه‌رێمی كوردستاندا هێزی پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه ده‌زگای حزبین، هێزێكی پرۆفیشناڵ و یاسایی نین،بۆ پاراستنی یاسا و سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێم و سه‌ر و ماڵی هاوڵاتیان ئاماده نه‌كراون،بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی به‌رپرس و حزب و بۆ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵك و لایه‌نی نارازی كوردستان ئاماده‌كراون،له كاتی هه‌ر شكستێكی لیستی ده‌سه‌ڵاتدا له هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكاندا،ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه هێزی سه‌ربازی حزب ده‌ست بخاته ناو ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه.
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌توانن یاری به داهاتی حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن و به پاره‌ی حكومه‌ت ده‌نگ بۆ خۆیان بكرن،هه‌ردو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار له حزبه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی جیهانن و به به‌خشین و به به‌رتیل برێك له سامانه‌كه‌ی خۆیان بۆ كرینی ده‌نگی خه‌ڵك به‌كارده‌هێنن.
یه‌ك له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وه‌یه كه دادگاكان به ده‌ستی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌ن وله بریارداندا سه‌ربه‌خۆ نین،بۆیه له كاتی پێشێلكردنی یاسا‌و رێسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا له لایه‌ن لیستی ده‌سه‌ڵاته‌وه،دادگا و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، هیچ به‌دواداچونێكێیان نابێت و هه‌ر كارێكی ته‌زویر و نایاسایی بكه‌ن له لای دادگاوه وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رده‌چن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیارده‌ی ئۆپۆزیسۆن بون له هه‌رێمی كوردستان و له عراق و له ناوچه‌كه‌دا له هه‌نگاوی سه‌ره‌تادایه،هێزه كوردستانی و عراقی و ناوچه‌ییه‌كان له ململانێی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆندا پشتیوانی له ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن .
سه‌ره‌رای خاڵه لاوازه بونیادیه‌كانی سیسته‌می حوكمرانی هه‌رێمی كوردستان،وه‌ك نه‌بونی ده‌ستور،پابه‌ندنه‌بون به یاساكانی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌وه،یه‌كنه‌خستنه‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و به حزبیكردنی دام و ده‌زگاكان و قۆرخكردنی سامان و راگه‌یاندنی هه‌ریم له لایه‌ن حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه،له دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عراقه‌وه تا ئه‌مرۆ،رۆژ له دوای رۆژ هه‌ردو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان له كیس ده‌ده‌ن،شه‌هیدكردنی سه‌رده‌شت عوسمانی خوێنكار و رۆژنامه‌نوس ناره‌زاییه‌كی زۆری خه‌ڵكی كوردستانی لێكه‌وته‌وه به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم،هه‌ردو كۆنگره‌ی (ی ن ك) و(پ د ك) له هاوین و پایزی ساڵی 2010 به‌ستران،خه‌ڵكێكی زۆری نائۆمێدكرد به ئاینده‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان،به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌و دو كۆنگره‌یه‌دا ده‌سه‌ڵاتی ره‌های تاكه كه‌سی سكرتێر و سه‌رۆكی ئه‌و دو حزبه له جاران زیاتری كرد،به بنه‌ماڵه‌ییكردنی یه‌كێتی هه‌نگاوی جدی بۆ نرا و بنه‌ماڵه‌ییكردنی پارتی زیاتر پێشخرا،ئه‌و دو كۆنگره‌یه دۆزه‌خی رۆشنبیرانی ئه‌و حزبانه بو وئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن و به‌هه‌شتی كادره ئه‌منی و سه‌ربازیه‌كان بو،ئه‌و دو كۆنگره‌یه پێشبینی وچاوه‌روانی و هیوای خه‌ڵكی كوردستان و لایه‌نگرانی ئه‌و دو حزبه‌ی به به‌خۆداچونه‌وه‌ی حزبدا پوچه‌ڵ كرده‌وه.خۆپیشاندان و ناره‌زاییه‌كانی 17 شوبات و رۆژانی دوایی،كه خه‌ڵكی كوردستان تیایدا دژی گه‌نده‌ڵی و ناداپه‌روه‌ری خۆیان نیشاندا،ده‌سه‌ڵات به گولله و راونان و زیندانیكردن وه‌ڵامی خه‌ڵكی نارازی دایه‌وه،له ئه‌نجامدا 10 گه‌نج شه‌هید بون و سه‌دان كه‌س برنیدار بون و ده‌یان رۆشنبیر و كه‌سایه‌تی سیاسی خرانه زیندانه‌وه،هێنده‌ی تر چاره‌ی ده‌سه‌لاتی له لای خه‌ڵكی كوردستان گران كرد.به‌و شێوه‌یه له 6-5 -2010 تا 19-4-2011 ده‌سه‌ڵات دوچاری كۆمه‌ڵێك شكستی جه‌ماوه‌ری بوه،ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی كوردستان به نا له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كوردستاندا وه‌ڵامی لیستی ده‌سه‌ڵات بده‌نه‌وه.
ئۆپۆزسیۆن وه‌ك ده‌سه‌ڵات خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خاڵی به‌هێز وخاڵی لاوازه،له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و له پرۆسه‌ی ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا كاریگه‌ریان له سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆپۆزسیۆنده‌بێت، گرنكترین خاڵی به‌هێزی ئۆپۆزسیۆن خاڵه لاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵاته،خه‌ڵكێكی زۆر له ده‌سه‌ڵات نارازیه،ئه‌و خه‌ڵكه نارازیه به گوێره‌ی لۆجیك ده‌بێته دۆست و پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن،وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد له دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عراقه‌وه به ماوه‌یه‌ك تا ئه‌مرۆ ده‌سه‌ڵات رۆژ له دوای رۆژ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی له كیس ده‌دات،ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر هاویشتونی،به‌شی ئه‌وه ناكه‌ن خه‌ڵكی پێ ئاشتبكاته‌وه وخه‌ڵك له ئۆپزسیۆن دوربخاته‌وه،ده‌سه‌ڵات نه‌ك هه‌ر بكوژه‌كانی سه‌رده‌شت عوسمانی نه‌دۆزیه‌وه و سزای نه‌دان،به‌ڵكو له رێگه‌ی لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاته‌وه سه‌رده‌شت عوسمان وه‌ك تیرۆریست ناسێنرا،خه‌ڵكی كوردستان بریاری لێژنه‌كه‌یان به دوباره‌كوشتنه‌وه‌ی سه‌رده‌شت له قه‌ڵه‌مدا.له باتی ئه‌وه‌ی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی راپه‌راندنی هه‌رێم بكوژانی خۆپیشانده‌رانی 17 شوبات و رۆژانی دوایی بده‌نه دادگا،ئه‌و خه‌ڵكانه ده‌ده‌نه دادگا كه له به‌ارامبه‌ر گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵات په‌نایان بۆ چالاكی مه‌ده‌نی بردوه،ئه‌م جۆره ره‌فتارانه‌ی ده‌سه‌لات هێنده‌ی تر خه‌ڵك توره ده‌كه‌ن .ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له ماوه‌ی دواییدا سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پێشخستنی دادپه‌روه‌ری هاویشتویانه،كه‌من و بونیاده نه‌خۆشه‌كه‌ی سیسته‌می حوكمرانی هه‌رێم ساغ ناكه‌نه‌وه، تینوێتی خه‌ڵك ناشكێنێ و توڕه‌بونی خه‌ڵك له ده‌سه‌ڵات كه‌م ناكاته‌وه.ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن له كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی هه‌رێمدا بزانێت چۆن سود له‌خاڵه لاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت سه‌ركه‌وتن به ده‌ستده‌هێنێت.
خاڵه‌لاوازه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بریتیه له‌وه‌ی كه ئه‌ورێكه‌وتنه ستراتیجیه‌ی له نێوان حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا هه‌یه له نێوان لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆندا نیه،ستراتیجی ئۆپۆزسیۆن رون نیه،تا كه‌ی پێكه‌وه ده‌بن دیار نیه،پێكه‌وه به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن یان نا دیار نیه.
لایه‌نێكی تری لاوازی ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌یه كه كڵتور و هزری سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌ڵاتیان تێنه‌په‌راندوه، ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن خاوه‌نی یه‌ك كڵتور و یه‌ك هزرن،به ته‌نها له به‌رنامه‌ی سیاسی‌دا ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات له یه‌كتر جیاوازن،ئه‌م یه‌ك عه‌قڵیه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن بروای خه‌ڵكی به ئۆپۆزسیۆن لاواز كردوه كه ئاخۆ ئۆپۆزسیۆن بتوانێت گۆڕانكاری جدی له بونیادی سیسته‌می حوكمرانی هه‌رێمدا بكات؟.خاڵێكی تری لاوازی ئۆپزسیۆن ئه‌وه‌یه كه نه‌یتوانی ببێته پشتیوانێكی باشی خۆپیشاندان و ناره‌زاییه‌كانی 17 شوبات و رۆژانی دوایی،له كاتی كۆبونه‌وه و خۆپیشاندانه‌كاندا ئۆپۆزسیۆن به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ خۆی نه‌كرد به خاوه‌نی شه‌قام و كاری نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان هه‌مو شاره‌كانی هه‌رێم بگرێته‌وه و گۆرانكاری جدی له هه‌رێمی كوردستاندا بكرێت،ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئۆپۆزسیۆن پێكهاته‌یه‌كی نارازی خه‌ڵكی كوردستانی له ئۆپۆزسیۆن نیگه‌ران كرد،به‌ڵام نیگه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان له ئۆپۆزسیۆن هێنده نیه خه‌ڵكی نارازی كوردستان له هه‌ڵبژاردندا پشتی ئۆپۆزسیۆن به‌ربده‌ن و پشتی ده‌سه‌ڵات بگرن.
له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكدا كه ئیراده‌ی گۆرانكاری نیه،له ته‌نشتی ئۆپۆزسیۆنێكدا كه ستراتیج و به‌رنامه‌ی رون نیه و هێزی ئازایی به‌شی ئه‌وه ناكات روبه‌روی ده‌سه‌ڵات ببێته‌وه،گه‌لی كورد دێت و ده‌چێت، به‌دوای هێزێكی سیاسی‌دا ده‌گه‌رێت به بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا روبه‌روی ده‌سه‌ڵات ببێته‌وه و ترس و له‌رز و بێ به‌رنامه‌یی ئۆپۆزسیۆنی تێپه‌راندبێت، تا له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمدا ده‌نگی بۆ بدات،به‌ڵام ئه‌و هێزه تا ئێسته نه‌هاتۆته مه‌یدانی هه‌ڵبژاردنه‌وه و له ئه‌ندێشه‌ی سیاسی خه‌ڵكدا ده‌ژیت.