لە سلێمانی پێشمەرگەیەک بەدەستڕێژی گولـلە کوژرا
سەرچاوە : تۆڕی هەواڵی سلێمانی
بەیانی ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی پێشمەرگەیەکی خانەنشین بەدەستڕێژی گوللە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا کوژرا، پۆلیس ڕایدەگەیەنێت، تائێستا کەس لەسەر کوژرانی دەستگیر نەکراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەپۆلیسی سلێمانی بەSNN دراوە، کەمێک پێش ئيَستا پێشمەرگەیەکی خانەشینکراو لەگەڕەکی زەرگەتەی کۆن شاری سلێمانی لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو بەدەستڕێژی گوللە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا کوژرا.
پۆلیس ئەوەش ئاشکرادەکات، ھاوڵاتییەکە لەڕەگەزی نێرەو پێشمەرگەی خانە نشینە و ناوی ( ا، ح، م)ەو لەدایکبووی ساڵی (١٩٦٥)ی سلێمانیە، ماڵیشیان لەنزیک سەرقەبرانی شێخ ئەحمەدی ھندی شاری سلێمانییە، لەئێستادا تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادی سلێمانی گوازراوەتەوە.
سەرچاوەکەی پۆلیس جەختیکردەوە، تیمەکانی بەڵگەی تاوان گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکەو پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە، بەڵام تائێستا نازانرێت ئەو کەسانە کێبوون کە ھاوڵاتیەکەیان کوشتوەو کەسیش دەستگیر نەکراوە.


