مه‌لا به‌ختیار: یه‌كێتی ئه‌ركی سیاسی ئه‌م قۆناغه‌ی خۆی ده‌زانێت
سەرچاوە : PUKmedia
مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ وڵاتی سوید و له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌و دیداره تایبه‌ته‌كانیدا له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئه‌وڵاته، دوێنێ 28/10/2015 له‌سێ كۆبوونه‌وه‌ی جیاوازدا له‌گه‌ڵ پارتی لیبراڵ و په‌یه‌ده‌و سۆسیال دیموكرات كۆبووه‌وه.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ئاماده‌بوونی عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و شۆڕش قادر نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌میر ساڵح نوێنه‌ری یه‌كێتیی له‌سوید به‌ڕێوه‌چوو، فرێدریك باسی له‌هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كانی كوردستان كرد‌و رایگه‌یاند: زۆر گرنگه خۆتان كێشه‌كانتان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه كاریگه‌ری له‌سه‌ر پشتیوانی پێشمه‌رگه‌و گه‌لی كوردستان ده‌بێت، هه‌روه‌ك ئاماده‌یی حزبه‌كه‌شی بۆ هاوكاریكردنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی سیاسیش له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خسته‌ڕوو.
له‌به‌رامبه‌ریشدا بۆ نوێنه‌ره‌كه‌ی پارتی لیبراڵ كه سه‌ردانی شوێنی حه‌وانه‌ی لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی كردبوو مه‌لا به‌ختیار رونیكرده‌وه كه یه‌كێتی دركی ئه‌ركی سیاسی ئه‌م قۆناغه‌ی خۆی ده‌زانێت و به‌وپێیه‌ش، بڕیار‌و به‌رنامه‌ی هه‌یه كه سه‌نگ و كاریگه‌ری یه‌كێتی بخرێته بۆته‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و سه‌ره‌نجام چاره‌سه‌ركردنیشیان و جه‌ختیشیكرده‌وه كه بێگومان چاره‌سه‌ری گشتی و هه‌مه‌لایه‌نه ئامانجی یه‌كێتییه.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌و سه‌رله‌به‌یانی هه‌مانڕۆژ لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی به‌هاوڕێیه‌تی عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی چاوی به‌وه‌فدێكی په‌یه‌ده كه‌وت و له‌دانیشتنێكیشدا مه‌لا به‌ختیار دۆخی ئێستای خه‌باتی به‌شه‌كانی كوردستان و لێكه‌وته‌ی هاتنی روسیا‌و هاوكێشه نوێكانی له‌مه‌ودواو كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر خه‌باتی رزگاریی و دیموكراسی سه‌رانسه‌ری كوردستان رونكرده‌وه.
له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌فدی په‌یه‌ده بێڕاده سوپاسی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی یه‌كێتیان كرد له‌به‌رامبه‌ر دۆخی سیاسی و سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگاری رۆژئاوای كوردستان.
هه‌ر له‌درێژه‌ی دیدار‌و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌و وڵاته مه‌لا به‌ختیار به‌یاوه‌ری عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی، شۆڕش قادر، سه‌ردانی باره‌گای سه‌ره‌كی پارتی سۆسیال دیموكراتی كرد‌و چاوی به ڤیرۆنیكا پاڵم به‌رپرسی پارته‌كه له‌پایته‌ختی سوید‌و مانگنوس نیلسۆن به‌رپرسی راگه‌یاندنی پاڵمه سه‌نته‌ر كه‌وت.
چاوپێكه‌وتنه‌كه كه تایبه‌ت به‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی سۆسیال دیموكرات كه به‌پێی ئه‌ركه‌كانی قۆناغه نوێیه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌و كوردستان چۆن په‌ره‌ی پێبدرێت و هه‌روه‌ك هه‌ردوولاش چی بكه‌ن هه‌تا ئه‌ركی دیموكراسی فراوانتر له‌كوردستان و ناوچه‌كه‌دا به‌هه‌ردوولاو لایه‌نه دیموكراسییه‌كانی دیكه رابپه‌ڕێت.
له‌درێژه‌ی گفتوگۆكه‌یدا مه‌لا به‌ختیار به‌ڕوونی له‌وباره‌وه دواو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه په‌یوه‌ندی سیاسی له‌مه‌وبه‌ر تائێستا بۆ هاوكاریی و هاوده‌ردی باشبووه، به‌ڵام چی دیكه له‌مه‌ودوا ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندییه ناتوانێت سودی زیاتر بگه‌یه‌نێت، له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی پێشنیازی كرد كه‌وا پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی پرۆژه‌ی هاوبه‌شیان هه‌بێت كه له‌گه‌ڵ ته‌واوی حزبه سیاسییه‌كانی به‌شه‌كانی كوردستان كۆنفرانس ببه‌ستن و له‌كۆنفرانسه‌كه‌شدا پرۆژه‌ی ستراتیژی دیموكراسی گه‌ڵاڵه بكرێت و هه‌وڵبدرێت ته‌واوی پارته سۆسیالیسته‌كانی رۆژئاوا پشتیوانی ستراتیژێكی ئاوای رزگاریی و دیموكراسی سه‌رانسه‌ری كوردستان بكه‌ن.
مه‌لا به‌ختیار جه‌ختیشیكرده‌وه: هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه سۆسیالیست و دیموكراته‌كانی جیهان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی هێزه كوردستانییه‌كان، چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی شه‌ڕی دژی داعش بن، چونكه هه‌میشه ئه‌نجامی شه‌ڕ ئه‌گه‌ر نه‌به‌سترێته‌وه به‌ئامانجی دیموكراسی دوور نییه ئه‌م شه‌ڕه‌ش وه‌كو جه‌نگه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهان به‌ڕێككه‌وتنی سیاسی نه‌خوازراوی زلهێزه‌كان كۆتایی پێبهێنرێت.
له‌به‌رامبه‌ریشدا پارتی سۆسیالیست به‌ڵێنیدا كه سۆسیال دیموكراتی سوید توانای خۆی بخاته كار بۆ په‌یوه‌ندی باشتری یه‌كێتی و پارتی سۆسیالیست و هه‌ردوولاش توانایان بۆ فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌رانسه‌ری كوردستان و ناوچه‌كه‌و هێزه سیاسییه دیموكرات و سۆسیالیسته‌كانی رۆژئاوا بخه‌نه كار.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنه‌رانی یه‌كێتی بۆ گفتوگۆی هه‌ردوو لایه‌ن و سه‌ره‌نجام كۆبوونه‌وه‌ی باڵاش له‌نێوان لایه‌نه‌كانی دیكه دیاریكران.