نوچه‌نیت- ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیم
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی وڵاتانی كه‌نداو رایانگه‌یاند كه وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو ، له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه سعودیه ده‌یانه‌وێت عێراق بێته ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو له پێناو دوور خستنه‌وه‌ی له هه‌ژموونی ئیران . ئه‌و سه‌رچاوانه پێیان وایه گۆڕانكاری له هاوكێشه‌ی حوكمڕانی عێراقدا رووده‌دات له رێگه‌ی پشتیوانی كردنی ئه‌مریكا و وڵاتانی كه‌نداو له حكومه‌تێكی نوێ له به‌غدا كه دوور بێت له كۆماری ئیسلامی ئێران . له به‌رامبه‌ردا عێراق ده‌بێته ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو.
سه‌رچاوه‌یه‌كی كه‌نداو بۆ رۆژنامه‌ی ” ره‌ئی عام” ده‌ڵێت ، ئه‌مریكیه‌كان قۆناغێكی باشیان بڕیوه له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه كاریگه‌ره‌كانی نه‌جه‌ف و مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه و پێشنیاری دانانی سه‌رۆكوه‌زیرانێكی نوێ و حكومه‌تێكی نوێیان كردوه كه مه‌رجه‌عیه‌ت پاڵپشتی بكات.
به‌پێی زانیارییه‌كان ده‌بێت دوور كه‌وتنه‌وه له هه‌ژموونی ئێران یه‌كێك بێت له گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تیه‌كان، له به‌رامبه‌ریشدا وڵاتانی كه‌نداو هاریكاری بێ چه‌ندوچوونی عێراق ده‌كه‌ن بۆ گێرأنه‌وه‌ی یه‌كگرتووییی و سه‌روه‌ری عێراق و له‌ناوبردنی داعش و ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی له‌سه‌ر بنه‌مای دروست و نه‌هێشتنی ئاگری تایفه‌گه‌ری و ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی ئێستا له عێراقدا هه‌یه.
ئه‌و سه‌رۆكوه‌زیرانه نوێیه‌ی واشنتن پێشنیاری كردوه ناوی ” عیماد ئه‌لخرسان” ه و ئه‌ندازیارێكی عێراقیه و هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكیه، له‌ناو ئه‌و تیمه راوێژكاره كاری ده‌كرد كه له‌گه‌ڵ پۆل بریمه‌ر حاكمی مه‌ده‌نی ئه‌مریكی له عێراق هاتبوونه عێراق، دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق.
زانیارییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ” خرسان” بڕوای به دروست كردنی فیدرالیزمی یه‌كپارچه‌ی عێراق هه‌یه له‌گه‌ڵ دروست كردنی په‌یوه‌ندی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاته‌كان به تایبه‌تی وڵاتانی كه‌نداو ، ئه‌و پێیوایه كه عێراق به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه بوه‌ته پاشكۆ و سێبه‌ری ئێران تووشی زیانی زۆر بوه ، به‌ڵكو ئێران خاكی عێراقی كردوه‌ته مه‌یدانی جه‌نگ له نێوان لایه‌نه دژبه‌یه‌كه‌كانی ناوچه‌كه.
جێگه‌ی باسه سێشه‌ممه‌ی پێشوو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ” عیماد ئه‌لخرسان” ی وه‌ك ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دامه‌زراند، كه چاودێران پێیانوایه ئه‌مه هه‌نگاوێكه بۆ جێبه‌جێ كردنی داواكارییه‌كه‌ی ئه‌مریكا.