پارتی دیموکراتی کوردستان لاری نەبوونی لە گەڕانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان بۆسەر کارەکانیان نیشان دەدات و پەرلەمانتارێکی ئەو حزبەش ئاشکرای دەکات ئەوەی لای ئەوان ھێڵی سوورە، تەنھا سەرۆکی پەرلەمانە، دەشڵێت:” ھیچ گرفتێکمان لەگەڵ چوار وەزیرەکەی گۆڕان نییەو دەتوانن بگەڕێنەوە”.ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە، بەبڕیارێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەزیرەکانی گۆڕان لە بەجێھێشتنی ھەولێر ئاگادارکرانەوەو ھەر ھەمان ڕۆژیش، لەبازگەی پردێ ڕێگری لەچوونی د. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان بۆ ھەولێر کرا.
تایبەت بەوەڵامی ھەرسێ لایەنی (یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو) بۆ پارتی، کە ڕەتیانکردۆتەوە ھیچ پۆستێکی بزوتنەوەی گۆڕان لەکابینەی ھەشتەم وەربگرن و داواشدەکەن، حکومەت بەپێکھاتەکەی خۆیەوە تاوەکو کۆتایی ئەم کابینەیە بەردەوام بێت، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتی:” وەزیرەکانی گۆڕان ھیچ گرفتێکیان نییەو دەتوانن بگەڕێنەوەو بەبێ ئەوەی ڕێگریان بۆ دروست بکرێت”.
ناوبراو، سوربوونی حزبەکەشی لەسەر گۆڕینی پێکھاتەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەربڕیی و وتی:” ئەوەی لەلای پارتی ھێڵی مەبەستە، گۆڕینی پێکھاتەی سەرۆکی پەرلەمان و لابردنی د. یوسف محەمەدە لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان”.
ئاماژەی بەوەشدا کە بەھیچ جۆرێک پارتی قبوڵ ناکات جارێکی تر د. یوسف محەمەد وەک سەرۆکی پەرلەمان بچێتەوە ھۆڵی پەرلەمان و ئەمەش ھێڵی سوورە، وتی:” بەھیچ جۆرێک ئێمە بەو کابرایە ڕازی نابین”.سەبارەت بەوەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش، پەرلەمانتارەکەی پارتی ڕەتیکردەوە حزبەکەی ئەو پۆستە وەربگرێت، رایگەیاند:” لەبەرئەوەی سەرۆکی حکومەت لەلای پارتیە، ئێمە سەرۆکی پەرلەمان وەرناگرین و بەدڵنیاییشەوە بۆ پارتی نابێت، لەدانوستانی نێوان لایەنەکانیش دیاریدەکرێت کە دەدرێتە چ لایەنێک”