نێچیرڤان بارزانی: دەبێ PKK چەك بێدەنگ بكات و كار بۆ دروستكردنەوەی زەمینەی چارەسەری و ئاشتی بكات

0

نێچیرڤان بارزانی: دەبێ PKK چەك بێدەنگ بكات و كار بۆ دروستكردنەوەی زەمینەی چارەسەری و ئاشتی بكات

پەکەکەو پژاک بەهیچ شێوەیەك رەچاوی بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان ناكەن و هەمیشە بیانوو دەدەنە دەست ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی هێرشبكەنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان

نوچەنێت/ رووداو
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە بۆ كۆتاییهێنان بە بۆردوومان و كێشەكانی سەرسنوور، خەریكی جموجۆڵێكی “دیپلۆماسی چڕ” و دانیشتنن لەگەڵ “هەموو لایەنەكان” بۆئەوەی هێزی پێشمەرگە لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران و توركیا جێگیر بكرێن، گوتیشی “ئێمە نامانەوێ كێشە هەبێ و هیچ شەڕێك دروستببێ. ئێستا خەریكی ئەوەین، بەشێوەیەكی هێمنانە و دیپلۆماسیانە هێزەكانی ئێمە لەسەر سنووربن”.

“دەیانگوت ئاو کەم بووە”
نێچیرڤان بارزانی، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو)، باسی دوایین سەردانی خۆی بە سەرۆكایەتی شاندێكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ تاران و گوتی خاڵی سەرەكیی قسەوباسەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئێستای سەرسنوور بوو. رۆژی 24/8/2011 نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی ئێرانی كرد و لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران و وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو وڵاتە كۆبووەوە. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند كە بە جیدی و “پێداگیریەوە” باسی كێشەی بڕینی ئاوی ئەڵوەندیان لەگەڵ سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران كرد و ئەوانیش بەڵێنیانداوە بەدواداچوونی بۆ بكەن “بەڵام دەیانگوت بەگشتی ئاو كەمبووە، بە بڕیارێكی سیاسی نەیانبڕیوە”.

هەوڵە دیپلۆماسییەکان
نێچیرڤان بارزانی، رەخنەی لە سیاسەتی پژاك و PKK گرت كە “بە شەڕەكانیان بەهیچ شێوەیەك رەچاوی بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان ناكەن و هەمیشە بیانوو دەدەنە دەست ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی هێرشبكەنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان”. گوتیشی پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ لەناو هەرێمی كوردستانەوە “بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان قابیلی قبوڵ نییە و هەرێمی كوردستانیش ناكرێ ئەوە قبوڵ بكات”، گوتیشی ئەوان ئێستا حكومەتن نەك حیزبێك كە لە شاخ بێت، بۆیە بەرپرسن لە پاراستنی ژیان و یاسا نێودەوڵەتییەكان و لە نەبوونی هەرێمی كوردستان بە بنكەی پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ.
لەو چوارچێوەیەدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند كە هێزی پاسەوانی سنوور لە ناوچە سنوورییەكان جێگیر دەكەن و گوتی “ئێستا خەریكی جووڵەیەكی دیپلۆماسیی چڕ و دانیشتنین لەگەڵ هەموو لایەنەكان، بۆئەوەی بتوانین بگەینە ئەو ئامانجە”.

PKK دەیتوانی قازانج بکات
هەر لە چوارچێوەی ئەو باسەدا، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی كە PKK بە هێرشەكانی ئەم دواییەی لە سەرسنوور زیانی بە هەوڵەكانی نێوان توركیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەو دەرفەتە سیاسییە گەیاند كە بۆ چارەسەری سیاسی و ئاشتیانەی كێشەی كورد دروستكرابوو، گوتیشی كە پێش ئەو چالاكیانە” PKK لە بارودۆخێكدابوو دەیتوانی زۆر قازانجی لێبكات، بەڵام بەداخەوە دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی توركیا لە 12ی حوزەیرانی ئەمساڵ، PKK سیاسەتێكی هەڵەی پەیڕەو كرد”. بەتووندیش رەخنەی لە كردەوە چەكدارییەكانی ئەو دواییەی PKK گرت و گوتی “هەمیشە دەرفەتی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری هەیە، بەڵام دەرفەتە سیاسی و ئاشتییەكان بە زەحمەت دروستدەكرێنەوە، بەڵام PKK تەحەمولی نەكرد بزانێ ئەردۆغان دوای هەڵبژاردنەكانی 12ی حوزەیران چ دەكات و گەتی “بەداخەوە تێكیاندا”. هەروەها گوتی “گفتوگۆیەكی فراوان لە ئاستێكی باڵادا لەگەڵ ئۆجەلان هەبوو، تەنانەت وەك كاراكتەرێكی سیاسی لەناو كێشەكەدا دەردەكەوت. بەڵام هەڵەكانی PKK پرۆسەكەی تێكدا و هەوڵەكانی نێوان توركیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشی تێكدان”.

قسەکانی ئەردۆغان “هەڵە” بوون
نێچیرڤان بارزانی بایكۆتكردنی پەرلەمانی توركیاشی لەلایەن BDP بە “هەڵەیەكی ستراتیژی” ناوبرد و گوتی كە “نەدەبووایە بیكەن”. نێچیرڤان بارزانی گوتی كە بۆ سەرۆك وەزیرانی توركیا “زۆر پێویستە لەگەڵ BDP و لایەنەكانی دیكە قسە و گفتوگۆ بكات، چونكە ئەوە خێری توركیای تێدایە بەشێوەیەكی گشتی و خێری كوردیشی تێدایە. پێموایە بۆ دەرچوون لەو گرژییە بانگەوازی ئاشتی بكات. بێگومان دەبێ PKKیش چەك بێدەنگ بكات و كار بۆ دروستكردنەوەی زەمینەی چارەسەری و ئاشتی بكات”. هەروەها گوتی ئەردۆغان بەهۆی هەنگاوە بوێرانەكانی رابردووی و بەهێزییەكەی لە توركیا و جیهاندا دەرفەتی ئەوەی هەیە كێشەی كورد چارەسەر بكات، لێدوانەكانی ئەو دواییانەی ئەردۆغانیشی، كە گوتی كێشەی كورد لە توركیا نییە بەڵكو كێشەی تیرۆر هەیە، بە “هەڵە” وەسفكرد.

چەکدانانی
PKK هەروا نابێت
لەبارەی دوایین لێدوانی گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریكاش لە بەغدا بۆ (رووداو) كە گوتی دەبێ PKK بەبێ مەرج چەك دابنێ، نێچیرڤان بارزانی گوتی چەكدانان لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی سیاسی چارەسەری ئەو كێشەیەدا دێت. گوتیشی “دەبێ حكومەتی توركیا پرۆسەی كرانەوەی دیموكراتی گەرم بكاتەوە، دەبێ لە ئەنجامی ئەو پرۆسە سیاسیەش بگاتە ئەوەی كە چەك دابنرێ. دەبێ مرۆڤ هەندێك واقعیانە قسەبكات، هەروا بڵێی چەك دابنێ نابێ. دەبێ پرۆسەیەك دەست پێبكات. لە پرۆسەكەدا بگەیە ئەو قۆناغە”.
هەر لەو رووەوە گوتی: “پێویستە ئەمریكا لەگەڵ توركیا هەوڵبدات بۆ چارەسەرێكی ئاشتیانە، هەوڵدانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد زۆر گرنگترە لەوەی رێگە بە فڕۆكەكانی توركیا بدات بێن ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بۆردومان بكەن”.

تەواوی هەڤپەیڤینەكە لە ژمارە 177ی( رووداو)ی رۆژی یەكشەمەدابخوێنەوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com