نوچەنێت . رووداو
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان پەیامێکی تەلەڤزیۆنی بڵاوکردەوەو رایگەیاند:” لەم رۆژانەدا خۆپیشاندانی ئاشتیانە و رەوا لەلایەن بەرژەوەندی تەسکی سیاسییەوە رفێندرا”. گوتیشی:” بەراشکاوانە دەڵێم رادەربڕین لەڕێی خۆپیشاندانی ئاشتییانەوە مافی بنەڕەتیی هاووڵاتییە و بەشێکی گرنگی دیموکراسیی ئەم هەرێمەیە”.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەی خۆیدا باس لەوە دەکات کە” ئێستا کاتی خۆیەتی هەڵسەنگاندنێک بۆ وڵاتەکەمان بکەین. وەک سەرۆکوەزیران دەمەوێ روونکردنەوەیەک لەبارەی رووداوەکانی هەفتەی رابردوو بدەم و پاشان باس لەوە بکەین کە چی بکەین”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر خۆپیشاندانەکان لە هەفتەی رابردوودا و رایگەیاند:” لەمڕۆژانەدا خۆپیشاندانی ئاشتییانە و رەوا لەلایەن بەرژەوەندیی تەسکی سیاسییەوە رفێندرا. ئەو دەستە نابەرپرس و بێ لێپرسینەوانە هەوڵیاندا پێکهاتەی هەرێمی کوردستان لەبەر یەک هەڵوەشێنن”.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد کە” ئەگەرچی ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی تووڕەیی لای گروپێکی بچووک، بەڵام بڕیاری بەرپرسانە و میانەڕەوانەی زۆرینە سەرکەوت. چونکە ئێمە بە قۆناخێکی سەختی ژیانی سیاسیماندا تێدەپەڕین”.
بە بڕوای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان” جێی سەرسووڕمان نییە کە هەندێککەس دەیانەوێ دەنگی ناڕەزایی خۆیان بەرزبکەنەوە. ئەوەی جێی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە زۆرینەی گەلی کوردستان لەهەمانکاتدا پەیامی خۆڕاگری دووبارە دەکاتەوە”.
نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی ، ئێمە لە رابردووی دوور و نزیکماندا بە قۆناخی زۆر لەوە سەختتردا تێپەڕیوین رایگەیاند” لەو بڕوایەدام ئەگەر نەهامەتیی ئێمە بەسەر میللەتێکی دیکەدا بهاتبووایە، چۆکی پێ دادەدا. ئێمە کاروانی خۆڕاگریمان هەر بەردەوامە”.
سەبارەی بە خۆپیشاندانەکانیش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی:” دەمەوێت دەربارەی خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردوو راشکاو بم. رادەربڕین لەڕێی خۆپیشاندانی ئاشتییانەوە مافی بنەڕەتیی هاووڵاتییە و بەشێکی گرنگی دیموکراسیی ئەم هەرێمەیە، بەڵام منیش وەک گشت هاووڵاتی و سەرۆکایەتیی بەرپرس، زۆر دڵتەنگم بە رووداوەکانی قەڵادزێ و کەلار و شار و شارۆچکەکانی دیکە. لە ناخی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خێزانی ئەو شەهیدانە دەکەم و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم، کە بەبێ گوناه کەوتنە بەر هێرشی ناڕەوا”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە:” ئەمجۆرە هەڵسوکەوتە گەل دابەش دەکات. دوژمنەکانمان، کە بەئاشکرا پیرۆزباییان لە خۆیان و لەو نابەرپرسانە دەکرد، زیاتر خۆشحاڵ دەکات. بەڵام من بەئاشکرایی دەیبینم کە هاووڵاتی و سەرکردایەتیی بەرپرس دەڵێن دەبێ ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە ناسکەدا بکەین، فیتنەگێڕی لە هەر لایەک و کەسێکەوە رووبدات نابێ ببێتە هۆی زیادەڕەوی”.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هەڵویستی فەرماندە سەربازییەکان و پیاوانی ئایینی کرد و گوتی:” لێرەوە دەمەوێ سوپاسی فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە و رێکخراوە ناحکومییەکان و پیاوانی ئایینی بکەم کە داوای پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەن. سوپاسی ئەوانەش دەکەم کە خۆیان لە شەڕی میدیایی و تۆڕی کۆمەڵایەتی دووردەخەنەوە تا رێ لە دابەشکردنی پتری هاووڵاتییان بگرن”.
لە هەمانکاتدا گوتیشی:” بەڵام ناکرێت ئەو هێز و بەرژەوەندییە سیاسییانە لەبیربکەین کە بەمەبەستی سوودی کورتخایەنی خۆیان ئاگریان خستە ماڵی هاوبەشمان”.
نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستەسەر سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی 8-ی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گوتی:” کاتی پێکهێنانی ئەم کابینەیە بەوپەڕی باوەڕەوە کارم بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیمان لە چوارچێوەی رێککەوتنی حکومەتێکی هاوبەشدا کرد. بەداخەوە ئەوانەی قسەی شیرینیان بۆ پاراستن و پتەوکردنی دیموکراسی و چوار ساڵی حوکمڕانیی ئارام و بەرپرسانە دەکرد لە رێککەوتنی هاوبەشمان لایاندا. هەندێکیان نائارامییان گەیاندە ئەوپەڕی نابەرپرسی و بڵاوکردنەوەی دەنگوباسی بێ بنەما و دوور لە راستی”.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە هۆکارەکانی دوورخستنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەت کرد و گوتی:” هەروەک دەزانن بارودۆخی نائارام و هێرشی ناڕەوا وایکرد کە داوا لە چوار وەزیر بکەم حکومەت بەجێبهێڵن. لەڕاستیدا ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ خودی وەزیرەکان زۆر باش بوو، بەڵام هەڵسوکەوتی سەرکردایەتییان بەردەوام خەریکی بنکۆڵکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون. وەک سەرۆکوەزیران نەدەکرا ئەو بڕیارە نەدەم. من دەزانم و تێدەگەم خەڵک نائومێدە لەوەی سیاسییەکانمان کاتێکی زۆریان بەسەربردووە لەسەر وردەکاریی سەرۆکایەتیی هەرێم. لەوەی کە ئێمە لەبری حوکمڕانی پتر سیاسەت دەکەین”.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:” وەک سەرۆکوەزیران نەدەکرا ئەو بڕیارە نەدەم. من دەزانم و تێدەگەم خەڵک نائومێدە لەوەی سیاسییەکانمان کاتێکی زۆریان بەسەربردووە لەسەر وردەکاریی سەرۆکایەتیی هەرێم. لەوەی کە ئێمە لەبری حوکمڕانی پتر سیاسەت دەکەین. هەندێک دەڵێن دەبێ لەسەر گشت وردەکارییەکان رێککەوین، هەندێک دەڵێن با هاووڵاتی بڕیاربدات. هەموومان نیگەرانی ئەم دۆخە نالەبارەین”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رای حیزبەکەی دەخاتەڕوو لە سەر رووداوەکان و رایگەیاند:” حیزبی ئێمەش بەوپەڕی توانای خۆیەوە هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لەم بوارەدا، بەڵام نەک هەر چارەسەرێک کە لە قەیرانێکەوە بمانخاتە قەیرانێکی تر”.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند:” من باوەڕی تەواوم هەیە کە دەبێ هاووڵاتی بە دەنگی خۆی بڕیار لەسەر پرسی سەرۆکایەتی بدات. ئەمە مافی بنەڕەتیی هەموومانە، ئەگەرنا بڕیار دەدەینە دەست کەسانێک کە گەل ناتوانن لێیان بکۆڵنەوە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:” منیش وەک ئێوە لەو بڕوایەدام کە خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرکردایەتییەکی بەهێزی دەوێت. بەهێزی نەک بەو مانایەی کە خۆیان لە گرفت و کێشەکان گێل بکەن. نە بەو مانایەش کە گرفت و کێشەکان لە هەموو شوێنێکدا بدۆزینەوە، بێ دەستنیشانکردنی چارەسەری گونجاو و بونیادنەرانە. بەهێزی واتە بوێرانە و بە باوەڕ بەخۆبوونەوە دان بە گرفتەکان و کێشەکانماندا بنێین، رووبەڕوویان ببینەوە و چارەسەری گونجاویان بۆ دیاری بکەین”.
نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان دەڵێت:” بێگومان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا دەنگی ناڕەزایی خەڵکم بیستووە. ئێمە بەردەوام گوێمان لێگرتوون. دەزانین کە فەرمانبەران و کارمەندانی بەوەفای حکومەت چەندین مانگە مووچەی رەوای خۆیان وەرنەگرتووە. سەرباری مەترسی و هێرشی دەرەکی بەوپەڕی توانامانەوە هەوڵمانداوە سەرچاوەی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین”.
ئامانجی سەرەکیی نێچیرڤان بارزانی وەک خۆی دەڵێت سەربەخۆیی ئابوورییە، ئەو دەڵێت:” ئامانجی سەرەکی من وەک سەرۆکوەزیران سەربەخۆیی ئابووریی هەرێمی کوردستانە. تا ئێمە بەهێزەوە لەسەر پێی خۆمان بوەستین. هەندێک سیاسەتمەدار هەوڵیاندا ئەم گەشتەمان سەختتر بکەن. بەڵام بەدڵنیاییەوە دەڵێم سەرباری دروستکردنی رێگری لە گەشە و گۆڕانکاریمان، ئێمە هەر دەگەینە ئامانجمان”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە قۆناخی دووەمی حکومەت کرد و رایگەیاند:” ئا لەم کاتە ناسکەدا ئێمە پێویستیمان بە حکومەتێکی سەقامگیر و کارا هەیە بۆ بەڕێکردنی خزمەتگوزاری و کاری رۆژانەی هاووڵاتییان. لە چەند هەفتەی داهاتوودا قۆناخی دووەمی حکومەت و کارە سەرەکییەکانی دەستنیشان دەکەین. هەروەها بەئاسانی واز لە داخوازیی یەکڕیزیی گەلەکەمان ناهێنین”.
نێچیرڤان بارزانی گوتی:” خوێنی پێشمەرگە نە زەردە و نە سەوز. ئەوان هەرێمی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانییەوە دەپارێزن. شەونخونی و ژیانبەخشیی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان بۆ ئایندەیەکی گەشە، بێ جیاوازی ئایدیۆلۆژی و حیزبی و ناوچەگەری و کۆمەڵایەتی و ئایینی”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی:” وەک زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئەم وڵاتە خۆشەویستە دەزانم کە بەرژەوەندی و خاڵی هاوبەشمان گرنگترە لە جیاوازیی بچووکمان. مێژووی خەبات و قوربانیمان هاوبەشە. داهاتووی گەشمان پێکەوە بەهێزترە لە خواستی ناحەزانمان. با پێکەوە هەموومان مەرجی سەختی ئەمڕۆمان بەکاربهێنین بۆ دروستکردنی ئایندەیەکی گەش و هاوبەش بۆ خۆمان و نەوەی نوێمان. لە قووڵایی دڵمەوە سوپاسی خۆڕاگریتان دەکەم”.