نوچەنێت تایبەت
کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستان و گرفتەکانی ئەمرۆی بزوتنەوەکە بێ ئەنجام کۆتایی هات و نەگەشت بەهیچ بڕیارێک، سەرچاوەیەکیش لەبزوتنەوەی گۆڕان رادەگەیەنێت، دوا بڕیار لای نەوشیروان مستەفایە، تا ئەویش نەگەڕێتەوە هیچ ناوەندێکی گۆڕان ناتوانێ بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.
ئەمرۆ 15 -10- 2015 بەبێ ئامادەبوونی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە و بەسەرپەرشتی عومەری سەید عەلی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەسەر کێشەو قەیرانەکانی کوردستان و دەرکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرۆکایەتی پەڕلەمان و حکومەتی کوردستان کۆبوەوە.
جیاواز لەکۆبونەوەکانی پێشووتری جڤات، لەکۆتایی ئەم کۆبونەوەدا، هیچ راگەیەنراوێک بڵاو نەکرایەوەو تەنها ئەوە نەبێ، کە حەمە تۆفیق رەحیم بەرپرسی پەیوەندییە سیاسییەکانی گۆڕان بۆ راگەیاندنەکان، وتی”کۆبونەوەکەمان سبەینێش بەردەوامی دەبێت”.
سەرچاوەیەکی ئامادەبوو لەکۆبونەوەکەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەنوچەنێتی راگەیاند”هۆکاری سەرەکی لە نەگەشتنە هیچ بڕیارێک ئەوەیە، کەدەبێ باشترین بژاردەو کارت هەڵبژێرین، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو سەپاندنەی پارتی کردی، هەڵبژاردەکانی بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان زۆرن، بەڵام لێبڕاوی دەوێت لەهەڵبژاردنی هەر بڕیارێک، چونکە پەنا بۆ هەرکامیان ببەی دۆخی سیاسی کوردستان ئاڵۆزتر دەکات، ناشکرێ گۆڕان بێ دەنگ دابنیشێ بەرانبەر ئەوەی پارتی دەیکات، بەڵام دیارە رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەکوردستان نییە و لەدەرەوەی وڵاتە، بۆیە رایەک لەناو گۆڕان هەیە کەچاوەڕوان بکرێت تا کاک نەوشیروان دەگەڕێتەوە، بێگومان دوا بڕیاریش لای ئەوە، تا ئەو نەگەڕێتەوە هیچ ناوەندێکی گۆڕان ناتوانێ بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات”.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت”راستە نەوشیروان مستەفا بەردەوام لەپەیوەندیدایە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و ئاگاداری هەموو شتە، بەڵام هێشتاش باشترە خۆی لێرەبێ، چونکە ئەو بڕیارەی دەیدەین بەرپرسیارەتی دەوێت و دەبێ وردبین، ئێمە دەگەینە بڕیار، دواجار بەرپرسیار ئەوەیە کە ئەو دۆخەی خولقاند”.