جیاوازی له‌ زیاد كردنی موچه‌ی هێزه‌كانی زێره‌ڤانیدا ده‌كرێت

0

جیاوازی له‌ زیاد كردنی موچه‌ی هێزه‌كانی زێره‌ڤانیدا ده‌كرێت

ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ خۆپیشاندانی لێبكه‌وێته‌وه‌

راپۆت: رێبوار رەزا چوچانی

لەزیادكردنی موچەی هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانیدا، جیاوازی دەكرێت و بەشێك لەو پێشمەرگانەش كە موچە زیادكراوەكانیان وەرنەگرتووە، هەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەن، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت “ئەو پێشمەرگانە دەتوانن داواكانیان ببەنە دادگا”.
ماوەیەكە زیادكردنی موچەی هێزەكانی پاسەوانی و بەرگری و هێزەكانی زێرەڤانی و هێزەكانی ناوخۆ، یەكێكە لەباسە گەرموگوڕەكانی ناو هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام سەرەڕای زیادكردنی موچەی ئەو هێزانە، كەچی تا ئێستا موچەی بەشێكی زۆری هێزەكانی زێرەڤانی زیادی نەكردووە، كە ئەوانیش پێشمەرگەكانی یەكەی پاسەوانی و ئەو پێشمەرگانەش كە ماوەیەكە خانەنشین كراون، ئەمەش بەیەكێك لەو گرفتانە دادەنرێت، كە لەداهاتوودا رووبەڕووی ئەو فەرماندەییە دەبێتەوە.
فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، پێكهاتووە لەپاشماوەی هێزە پەرت و بڵاوەكانی فەرماندەیی لەشكری پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەدوای ساڵی (2003) كە هاوكات بوو لەگەڵ هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق و داگیركردنی ئەو وڵاتەو روخاندنی رژێمی بەعس، ئەو هێزانە هەڵوەشانەوەو دابەشكران بەسەر چەند جۆرێكی یەكەی سەربازیدا، زێرەڤانیش یەكێكە لەو شێوازە نوێیانەی سەربازی كە لەو سەردەمەدا دروست بوون.
بەگوێرەی زانیاریه‌كان، بەهۆی زیادكردنی موچەی بەشێك لەپێشمەرگەكانی ئەو فەرماندەییەوە، نیگەرانی لای ئەو پێشمەرگانە دروست بووە، كە بێبەش بوون لەو زیادكردنە، (س) تەمەن (42) ساڵ، یەكێكە لەو پێشمەرگانەی كە بەگوتەی خۆی ماوەی دوو مانگە خانەنشین كراوە، ئەو ئەگەرچی لەتەمەنێكی مامناوەندایەو هێشتا توانای كاركردنی هەیە لەبواری پێشمەرگایەتیدا، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، بەهۆی زۆری ماوەی خزمەتی پێشمەرگایەتییەوە خانەنشین كراوە، بەنیگەرانییەوە گوتی “من ماوەی زیاتر لەبیست ساڵە پێشمەرگەی پارتیم، لەدوای پرۆسەی ئازادیشەوە پێشمەرگەی زێرەڤانیم، ئەوە ماوەی چەند مانگێكە خانەنشین كراوم، بەڵام ئەم زیادكردنە ئێمەی نەگرتۆتەوە، من چومەتە لای بەرپرسانی خۆم، پێموتون كاكە موچەكەم بخەنە سەر بانق، ئیتر هیچم لەئێوە ناوێت، بەڵام مەعقولە موچە لەفەرماندەیی وەردەگرم و زیادیشی نەكردووە”، ئەو پێشمەرگە خانەنشینە ئەوەشی خستەڕوو، كە خۆی و هاوڕێكانی و هەموو ئەو پێشمەرگانەی كە وەك ئەو زیادەی موچە نەیگرتوونەتەوە، رێككەوتوون بۆ گردبوونەوە و خۆپیشاندان و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵیان داوە، بەڵام وەك ئەو گوتی “ئێمە چەند جارێك گردبووینەوە كە بەبەرچاو راگەیاندنەكانەوە خۆپیشاندان بكەین، بەڵام سەرەوەمان ئاگادار كرد، بەتەلەفۆن قسەمان لەگەڵ یەكێك لەبەرپرسە باڵاكانی پارتی كرد، ئەویش بەڵێنی پێداین كێشەكەمان بگەیەنێتە لای جەنابی سەرۆك و بۆمان چارەسەر بكات، ئێمەش چاوەڕوانی ئەو بەڵێنەین”.
ئەگەرچی ئەو پێشمەرگەیە و پێشمەرگەكانی تریش بەدیار بەڵێنی ئەو بەرپرسەی حیزبەكەیانەوە ئومێدیان دروست كردووەو لەچاوەڕوانیدا كاتەكان دەژمێرن، بەڵام بەرپرسێكی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە هەرگیز موچەی خانەنشینكراوەكان زیاد ناكرێت، تا یاسای راژەی خانەنشینی كاری پێنەكرێت، عەمید ئازاد حەوێزی بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، دەڵێت “ئەو (210) هەزار دینارە موچە نییەو بۆ خۆراك خەرج كراوە، بۆ ئەو پێشمەرگانەی كە لەئەركی پێشمەرگایەتیدان، بۆیە ئەو خانەنشینانە هەتا یاسای راژەی خانەنشینی كە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە، جێبەجێ نەكرێت، ئەو (210) هەزار دینارەیان بۆ زیاد ناكرێت، بەڵام كە ئەو یاسایە جێبەجێ كرا، رەنگە موچەیان زۆر لەئێستا زیاد بكات”.
زیادكردنی بڕی (210) هەزار دینار بۆ سەر موچەی هێزەكانی ناوخۆ و بەرگری و پاسەوانی و هێزەكانی زێرەڤانی، لەدوای پەسەندكردنی بڕیاری ئەو زیادكردنەوە دێت لەپەرلەمانی كوردستان، نەریمان عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت “ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان پاڵپشتی هەموو ئەو پێشمەرگانە دەكەین كە مافیان خورابێت، ئەو پێشمەرگانەش كە لەدوای (1/1/2011) خانەنشین كراون، مافی خۆیانە داوای ئەو بڕە پارە زیادكراوە بكەن، راستە ئەو پارەیە بۆ خواردنە، بەڵام ئەو كەسانە كە خانەنشین كراون لەدوای ئەو رێككەوتەوە، هەموو مافێك دەیان گرێتەوە، بۆیە پێویستە ئەگەر ئەو مافەیان بۆ نەگەڕایەوە، ئەو داوایەیان ببەنە دادگاو لەوێ داوای مافی خۆیان بكەن”.
بەگوێرەی زانیارییەكان، جگە لەخانەنشینەكان، پاسەوانەكانی بارەگا حیزبی و حكومییەكانیش، ئەوانەی كە لەسەر یەكەی پاسەوانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانین، موچەكەیان زیادی نەكردووەو نیگەرانی ئەوانیشی گرتۆتەوە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە، كە ئەوانیش وەك پێشمەرگەكانی سوپای یەكی زێرەڤانی و پێشمەرگە خانەنشینەكان هەڵوێست وەرگرن، بەڵام بەوتەی ئازاد حەوێزی، لەهەوڵ دان بۆ چارەسەركردنی گرفتی موچەی ئەو پێشمەرگانەش، دەڵێت “ئێمە هەوڵدەدەین گرفتی ئەو پێشمەرگانەی سەر بەیەكەی پاسەوانی چارەسەر بكەین، بەتایبەت ئەوانەی كە پاسەوانی بارەگای حیزب و لایەنەكانن، بەڵام ئەوانەی كە ئەركیان لەسەر نییە، بۆیان زیاد ناكرێت، ئەوانەش كە ئەركیان لەسەر نییە، پاسەوانەكانی ئەشخاسن”.
لەلایەكی ترەوە نەریمان عەبدوڵلا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، گوتی “ئێمە لەلیژنەكەی خۆمان لەپەرلەمان، لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئەو پێشمەرگانەی كە پاسەوانن، قسەمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری ناوخۆ كردووە، ئەو بەڵێنی پێداوین دوای رێكخستنەوەی ئەو پاسەوانەنانە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، چونكە ئەو دەڵێت، بارەگای وا هەیە، 10 پاسەوانی پێویستە، بەڵام 20 پاسەوانیان نوسیووە، بۆیە دەبێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت”.

له‌ سڤیله‌وه‌

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com