نوچه‌نێت- حه‌مرین نیوز
سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق رایگه‌یاند هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆلێرا له عێراق ، گرێبه‌ستی كلۆری ئێرانیی ماوه به‌سه‌رچووه به‌پێی ئه‌وه‌ی كه لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندی له چاره‌سه‌ر كردنی ئاو‌و ژینگه رایگه‌یاندوه.
به‌پێی زانیارییه‌كان، زۆر به نهێنی لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه له وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق و ئه‌مانه‌ی به‌غدا و ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌تی تر بۆ سوتاندنی چه‌ندین تۆن له كلۆری ئێرانیی ماوه‌به‌سه‌رچوو . له‌پێناو ئه‌وه‌ی تیشك نه‌خرێته سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و ئه‌و به‌رپرسه‌ی له‌پشت ئه‌م كاره‌وه‌یه بپارێزرێت، به گوته‌ی چه‌ند ئه‌ندامێكی ئه‌و لیژنه‌یه.
یه‌كێك له ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دۆسیه‌ی كلۆره‌كه كه له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت گوتی ” لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كه له ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌تی وه‌ك ته‌ندروستی و سه‌رچاوه ئاوییه‌كان و ئه‌مانه‌ی به‌غدا پێكهاتوه، پشكنینییان بۆ نمونه‌یه‌ك له كلۆره‌كه كردوه و ده‌ركه‌وتوه ئێكسپایه‌ربوه و به‌كه‌ڵكی چاره‌سه‌ر كردنی ئاو نایه‌ت،ده‌ركه‌وتنی ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆی توڕه‌یی یوروژانی یه‌كێك له بازرگانه‌كان و به‌رپرسی ئه‌م گرێبه‌سته”.
سه‌رچاوه‌كه باسی تێوه‌گلانی چه‌ند ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراقی كرد و به تاوان ناوی برد ، كه ئه‌وان هاوبه‌شی سه‌ره‌كین له‌و گرێبه‌سته‌ی كه به ملیۆنان دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێـت، ئه‌مه جگه له چه‌ندین گرێبه‌ستی گوماناوی تر له هاورده كردنی وێستگه‌ی پاككردنه‌وه‌ی ئاو و كه‌لوپه‌لی تاقیگه‌یی بۆ پاككردنه‌وه‌ی ئاوی خواردنه‌وه.
گه‌نده‌ڵی له وێستگه‌كانی پاككردنه‌وه‌ی ئاودا ته‌نها له گرێبه‌ستی كلۆری ئێرانی‌دا نه‌وه‌ستاوه ، به‌ڵكو پسپۆرانی وێستگه‌ی پاككردنه‌وه‌ی ئاو دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه چه‌ندین كه‌لوپه‌لی خراپ و كوالیتی نزمی ئێرانی به نرخی زۆر و خه‌یاڵی هاورده كراون كه ئه‌مه‌ش چوستی كاری وێستگه‌كانی كه‌م كردوه‌ته‌وه