لەسەر خۆپیشاندانەکان و گرژی و بارودۆخی شار و شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و کوژران و بریندار بوونی دەیان خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان، یەکێتی ئاینی ئیسلامی کوردستان ڕاگەیەندراوێك بڵاو دەکاتەوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە “رشتنی خوێنی رۆڵەکانمان و بریندارکردنی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتەو سووتاندن و بەردبارانکردنی بارەگاکان سیمای مەدەنیانەی گەلی کورد دەشێوینێت، دەرەنجامی پشێوی و ئاڵۆزییەکانیش تەنها لە بەرژەوەندی دوژمنانی کوردو کوردستانە”.
ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
(وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ)
مامۆستایاینی ئایینی بەڕێز
هاوڵاتیانی خۆشەویست
ماوەی چەند رۆژێکە لە دەرەنجامی خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لە چەند دەڤەرێکی هەرێمی کوردستان پشێوییەك دروستبووە، کە بەداخەوە ئەنجامی نەخوازراوی لێکەوتەوە.
ئێمە وەك یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان هەر لە سەرەتاوە لە رێگەی لقەکانمان لەم سنوورانەوە هەوڵی تەواومان دەدا بۆ ئەوەی خۆپیشاندان و نارەزاییەکان بەشێوازی تەندروستی خۆیان بڕۆن، بەڵام بەداخەوە بەرەو ئاقارێکی نەخوازراو بردردان، تا گەیشتە خوێنڕشتن و بەردباران و بارەگا سووتاندن، ئەمەش وێڕای لێکترازانی زیاتری رەوشی سیاسی، کاریگەری ناڕاستەوخۆشی بەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە هەیە.
بۆیە لێرەوە دەستخۆشی لەو مامۆستا ئایینیانە دەکەین کە لە وتارەکانی رۆژی هەینی و لە کاتی رووداوەکانیش رۆڵی هێورکردنەوەو گێڕانەوەی ئارامیان دەدیت، بە پێچەوانەوە هەر وتارو قسەیەك لە هەر چین و توێژێکەوە دەرچووبێت کە بۆنی لایەنگیری و خۆشکردنی ئاگری پشێویەکانی لێ بێت کارێکی نا مەسئولانەو ناڕەواو نانیشتیمانیانەو دوورە لە هەموو بەها ئەخلاقیەکانەو، ئەنجامدەرانی دەکەونە بەرلێپرسینەوەی خوایی.
چونکە ئەمڕۆ کوردستان لە حاڵێکدایە کە چواردەوری دەکوڵێت و، پێشمەرگە قارەمانەکانمان بەرەوڕووی دڕندەترین دووژمن وەستاونەتەوە، بۆیە پێویستە مامۆستایانی ئایینی و هاووڵاتیان و لایەنە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و راگەیاندنەکان هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی رەوشەکە هێوربکرێتەوە، بەپێچەوانەوە رشتنی خوێنی رۆڵەکانمان و بریندارکردنی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتەو سووتاندن و بەردبارانکردنی بارەگاکان سیمای مەدەنیانەی گەلی کورد دەشێوینێت، دەرەنجامی پشێوی و ئاڵۆزییەکانیش تەنها لە بەرژەوەندی دوژمنانی کوردو کوردستانە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
11.10.2015