نوچە.نێت
دوای ماوەیەکی زۆر دابران لە کاری هونەری دەرهێنەرو سینارێستی بەتوانا جەلیل زەنگەنە دەستی بەنوسینی بەشی چوارەمی درامی گەردەلول کردوە وەک خۆی دەڵێت: بۆ بەشی چوارەمی درامای گەردەلول ئامادە کاری باشم کردوە.
ئەو هونەرمەندە لە لێدوانێکدا بە چاودێر-ی راگەیاند” ئامادەکاریم بۆ بەشی جوارەمی گەردەلول کردوە، بەڵام بەهۆی تێكچونی باری تەندروستیم ناتوانم بینوسمەوەو بەردەوامیی بدەمێ”.
ئەو هونەرمەندە پێی وایە: بەڕاستی بۆ درامایەكی لەوشێوەیە تواناو تاقەتی زۆری دەوێ، لەهەمانكاتدا پێویستی بە بەڵگەنامەو ئەرشیفی مێژویی زۆر هەیە، واتە تواناو هێزی زۆری دەوێ، بەڵام هەمو دەمێ حەزو خولیام بۆ هونەرەكەم هەیەو هەرگیز فەرامۆشی ناكەم.
زەنگنە دەشڵێت: توانای جارانم نەماوە، ماوەی ساڵێكیشە یەك دوجار زیاتر نەچومەتە دەرەوە، واتا بۆ ناو شار، ئێستا لەماڵەوە لەسەر قەرەوێڵەكەم دەستم بەنوسینی دو دراما كردوە ئەوانیش: ساتێك بۆ خۆشەویستی، گورگەكانی وڵاتەكەم، كە هەردوكیان باس لەئێستای كوردستانو بارودۆخەكەی دەكات.
سەبارەت بە لایەنی دارایی ئەم درامیانە رایگەیاند” زۆرم پێخۆشە كە هەردو دراماكە تەواو بكەمو گەركرا یەكێكیان لەرەمەزاندا نیشانبدرێت، بەڵام بەداخەوە هیچ كەناڵێك نایەنە ژێر بارو نایانەوێ بودجەی بۆ دابین بكەنو ئامادەی بكەن، بەداخیشەوە كە ئێستا كوردستان لەم قەیرانەدایە، ئەبێ هەموشمان ئەوە بزانین كە ئەگەر دراما نەبێت ئەو وڵاتە تاریكستانە”.
