کێشەکە لە چی دایە: سیستەمی حکومەتی، دەسەڵاتی یاسادانان یان کەلەپووریی سیاسی؟

0

کێشە لە چی دایە:

 سیستەمی حکومەتی، دەسەڵاتی یاسادانان یان کەلەپووریی سیاسی؟

* د. سەباح موفیدی

تایبەت بە نوچە.نێت

کێشەو ململانێ ناوخۆیی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، بەرەو ئاقارێک رۆشتووە کە سیستەمی هەنووکەیی کوردستان واتە سیستەمی پاڕلەمانیەکەی، بخاتە ژێر پرسیار و کێشەکان پاڵ بدات بە جۆری ئەم سیستەمەوە و هەندێ جار وەک سەرچاوەی کێشەکان دیاری بکرێت. بەڵام ئاخۆ گۆڕینی سیستەمی حکومەتی هەرێم لە پاڕلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی چارەسەریی کێشەکان دەبێت؟ بۆ وێنە ئاخۆ کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم وەک یەکێک لەو کێشە سیاسییانەی ناوخۆ چەندە پێوەندی بە سیستەمی حکومەتەوە هەیە؟ ئاخۆ گۆڕینی سیستەم کێشەی سەرۆکایەتی و ململانێ لایەنەکان لەسەری چارەسەر دەکات؟ لەم نێوانەدا رۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان چ بووە؟ چ هۆکارگەلێکی تر لە ئارادان؟ لەم کورتە وتارەدا هەوڵ دەدرێت بە دوور لە دادوەریی بەهادارانە واتە باش و خراپ بوونی کردەوە یان یاسایەک، ئاورێک بدرێتەوە سەر ئەم پرسیارانە.

دۆخی ئێستاکەی هەرێم

تا ئێستاکە لە هەرێمدا سێ جۆرە هەڵبژاردن هەبووە؛ لە ئاستی خۆجێیدا بۆ شارەوانیەکان، لە ئاستی هەرێمدا بۆ پاڕلەمان و سەرۆکایەتی و لە ئاستی عێراقدا بۆ پاڕلەمان. ئەوەی پێوەندی بەم باسەی ئێمەوە هەیە، هەڵبژاردنەکان لە ئاستی هەرێم دایە. بە جیا بۆ سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبژاردن هەیە. ئەمە وای کردووە کە هەندێ کەس ئەم سیستەمە وەک نیوە سەرۆکایەتی نیوە پاڕلەمانی بداتە ئەژمێر، کەچی وانییە و باسی پاڕلەمانی یان سەرۆکایەتی بوون زیاتر گرێدراوە بە پێوەندی نێوان دوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان کە لە پاڕلەمانیدا حكومەت متمانە لە پەرلەمان وەردەگرێت و لە بەرامبەریشیدا بەرپرسیارە. سەرۆک دەکرێ بە شێوەی جۆراوجۆر لە ناو پاڕلەمان یان دەرەوەی دیاری بکرێت و سیستەم هەر پاڕلەمانی بێت. بەڵام جیا لە سەرۆکی هەرێم، بۆ پاڕلەمانیش هەڵبژاردن دەکرێت. لە ناو پاڕلەمانەوە بە گوێرەی قورسی حیزبەکان ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەت دیاری دەکرێت و سەرۆکی حکومەت لەلایەن حیزبی زۆرینە یان بە پێکهاتن دیاری دەکرێت. کەواتە لە بۆ هەردووکی سەرۆکی هەرێم و پاڕلەمان، هەڵبژاردن و قورسایی حێزبەکانە کە دیاریکەرە. ئەمە وێنایەکی گشتی لە ئێستاکەی هەرێم لەگەڵ سیستەمی پاڕلەمانییە. بەڵام بەپێچەانەکەیەوە، چۆن دەبێت؟

سێناریۆی بەرانبەر، سیستەمی سەرۆکایەتی

ئەگەر سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ هەرێم دیاری بکرێت، دیسان سەرۆکی وڵات لە رێگای هەڵبژاردنەوە دیاری دەکرێت و دەسەڵاتی جێبەجێكردنی لە دەستدا دەبێت و بە بێ سەرنجدانی ئەوتۆ بە پاڕلەمان، وەزیرەکان دیاری دەکات. ئەگەرچی لە گرنگایەتی پاڕلەمان لە پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردندا کەم دەبێتەوە بەڵام دیسان هەر حیزبەکانن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و بە جۆرێ قورساییان لە هەڵبژاردنەکاندایە کە دیاریکەرە. بۆ وێنە هەروەها کە پێشتر پارتی دێمۆکرات هەم زۆرینەی لە پاڕلەمان دەستەبەر دەکرد و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دەگرتە دەستەوە و هەم دەبووە هۆی سەرکەوتنی سەرکردەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، لەم سێناریۆیەشدا دیسان هەر شتێکی وەها دەقەومێت. حیزبێک کە زۆرینەی دەنگی خەڵکی لا بێت دیسان سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی جێبەجیکردنی بە دەستەوە دەبێت. دیسان بۆی هەیە کە حێزبیکی وەک پارتی کە بە هەرجۆرێک بێت زۆرینەی کۆمەڵگا لە پشتیەو تەشەنەی ناو خەڵکدا هەیە، سەرۆکایەتی و لە ئاکامدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن و و زۆرینەی وەزیرەکان بۆ خۆی تەرخان بکات. بۆیە ئەگەر دەنگی خەڵک نەگۆڕدرێت بە گۆڕانی سیستەم رەنگە سەرۆک نەگۆڕدرێت یان لە دەستی حێزبێکدا بمێنێتەوە. کەواتە ئەم کێشە سیاسییە پێوەندییەکی ئەوتۆی بە سیستەمەوە نییە. بۆیە گۆڕینی سیستەمیش چارەسەریی هەموو کێشە سیاسییەکان نییە.

دەسەڵاتی یاسادانان و سەرۆکایەتی هەرێم

جگە لە سیستەمی سیاسی، هەندێ جاریش باسی سەرپێچی و پێشێلکردنی یاسا دەکرێت وەک سەرچاوەی کێشەکان. بەڵام دۆخی دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێم وا پیشان دەدات کە کێشە نەک لە سەرپێچی بەڵکو لە دەسەڵات و شێوازی یاسادانان دایە. لەم پێوەندییەدا سێ بابەتی گرێدراو بە یاسای بنەڕەتی دێتە ئاراوە:

  • نەبوونی یاسای بنەڕەتی

لە زۆرێک لە وڵاتاندا زۆرینەی کێشە سەرەکی و هەرە گرنگەکان نەک لە یاسای بنەڕەتی و سیستەمی سیاسی بەڵکو لە جێبەجێ نەکردنی یاساوە هەڵدەقوڵێن. کاتێک یاسا و سیستەمی دیمۆکراتیک هەبوو و هەموو لایەنەکان لەسەریان رێکەوتن ئەدی کێشەیەک جگە لە پێڕەوکردنی ئەوانە نییە و زۆربەی کێشەکان دەگەڕێتەوە سەر بابەتگەلێکی وەک دۆخی سیاسی-هێمنایەتی، ئابووریی، لاوازی لە بەڕێوەبەرایەتی و هەڵسووڕانی وڵات، کێشەی تاک و لایەنەکان، کەلەپووریی سیاسی لاواز، گەندەڵی و… کە زۆربەیان بە جۆرێ بنەمای کۆمەڵایەتی-کەلەپوورییان هەیە و لە نەبوونی کۆمەڵگایەکی ئاگا و خاوەن گەشەی مرۆیی و بەتایبەت سیاسییەوە سەرچاوە دەگرن. لە پێوەندی لەگەڵ کوردستاندا، هێشتا یاسای بنەڕەتی پەسەند نەکراوە کە کێشەکان پاڵ بدرێن بە جێبەجێ نەکردنیەوە. ئەگینە لە گەڵاڵەی یاسای بنەڕەتیدا (پڕۆژەی دەستوور) دەسەڵاتەکان دیاری کراون و سەرۆکایەتی هەرێم ماوەی دیاری کراوی هەیە. و هەرچەند بە کورتی بەڵام ئاوریش دراوەتەوە سەر دۆخی فریاکەوتنی کە پێویستە ئاماژەیەکی پێ بکرێت.

  • یاسای ناچاری کاتی فریاکەوتن

ئەگەر سەربەخۆیی، هێمنی و ئاسایش جێگیر بێت، ئەوە سەروەری یاسای هەبووە کە دەبێت رەچاو کرێت و هەمووان پێڕەوی بکەن. بەپێچەوانەوە، نە کۆمەڵگا کۆمەڵگایەکی دێمۆکراتیک دەبێت، نە سەرکردەو بلیمەتەکانی خاوەن زەینییەتی دێمۆکراتیک و نە سیستەم و یاساش گرنگایەتی و کارامەییان دەبێت. بەڵام هەمیشە وەها نییە و رەنگە وڵاتێک تووشی قەیرانی گەورەو گرنگی فریاکەوتنی-سیاسی ببێت و بوونیەتی یان سنوورەکانی بکەوێتە بەر مەترسی. لەم کاتەدا یان یاسای بنەڕەتی پێشبینی کردووە چ بکرێت یان دەسەڵاتی یاسادانان یاسای نوێ و دەسبەجێ دادەنێت و هەروەها رەنگە یاسا بگۆڕێت و هەمواری بکات. بە شێوەی ئاسایی لەو کاتانەدا یاسا دەسەڵاتی رەها بە سەرۆکی وڵات دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەکە تا تێپەڕاندنی و جێگیربوونەوەی دۆخی ئاسایی. بۆ وێنە لە یاسای بنەڕەتی هێندوستاندا دۆخی فریاکەوتنی و قەیرانی گرنگ وەک شەڕ، دەسدرێژی وڵاتانی بیانی و شۆڕشی چەکدارانە لەبەرچاو گیراوە و بەشێکی (بەشی 18، لە خاڵی ٣٥٢ بەدواوە) بۆ تەرخان کراوە و لەو کاتەدا لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە راگەیندراوی دۆخی فریاکەوتن و هەندێ هەلومەرجی تایبەت رادەگەیندرێت و سەرۆک کۆمار هەموو کارەکانی جێبەجێکاری دەگرێتە ئەستۆ.

هەر لەم پێوەندییەدا، ماددەی 68ی پرۆژە یاسای بنەڕەتی هەرێمی کوردستان، دیاریکردووە کە: “ئەگەر ماوەی سەرۆکایەتی تەواو بوو، بەڵام بە هۆی شەڕ یان کارەساتی سروشتییەوە نەکرا هەڵبژاردنێکی نوێ بۆ سەرۆکێکی دیکە بکرێ، سەرۆکی هەرێم لەسەر ئەنجامدانی ئەرک و فەرمانەکانی بەردەوام دەبێ هەتا کۆسپەکان لادەچن و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێ.” بەڵام ئێستا کە هێشتا یاسای بنەڕەتی پەسەند نەکراوە، دەبێت چ بکرێت؟ لەم کاتەدا بە شێوەی ئاسایی پەنا دەبردرێتە بەر یاسای ئاسایی کە بە شێوەی دۆخی یاسای بنەڕەتی نەنووسراوی نەریتی دەبێت.

  • دۆخی یاسای بنەڕەتی نەنووسراو و نەرمونیان

لە نەبوونی یاسای بنەڕەتیدا، دەکرێ دوو رێکار لە پێش گیردرێت؛ یان پشت بە یاسای عێراقی ببەسترێت یان دۆخەکە وەکو هەبوونی یاسای بنەڕەتی نەنووسراوی نەریتی و نەرمونیان (لە چەشنی بەریتانیا) لەبەرچاو گیردرێت، کە وەک یاسا ئاساییەکان بە هاسانی دەگۆڕدرێت. پێشینەی ئەو ساڵانەی دوایی و دۆخی ئێستای کوردستان وادەنوێنێت کە بە هۆی کێشە لەگەڵ بەغدا، زیاتر پشت بە یاسای پاڕلەمانی خۆی دەبەستێت. واتە لە دۆخی ئێستاکەی هەرێمدا کە یاسای بنەڕەتی نووسراو و سەخت بریتی لە رێوشوێنی گۆڕانکاریی تێیدا پەسەند نەکراوە، رێکاری دووەم لە پێش گیراوە.

پاڕلەمان کە لە ژێر کاریگەری حیزبەکان دایە، هەم جێگای یاسادانانە بریتی لە یاسای پێوەندیدار بە کێشە و پرسی نوێ بۆ وێنە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی و هەم جێگای گۆڕین و هەموارکردنی یاساکان. رەنگە یاساکان لەسەر دەنگی زۆرینەی نوێنەران بگۆڕدرێن و هەڵوەشێنەوە. جار وایە یاسایەکی پەسەندکراو بەتەواوی لە دژی یاسای پێشوو لە بواری پێوەندیداردا دەبێت. بۆ وێنە یاسای درێژکردنەوە دەڵێت نابێت چی تر ماوەی سەرۆکایەتی درێژ بکرێتەوە. کەچی رەنگە بە سازان و پێکهاتن و بە هۆ و پاساوی جیاواز بەتایبەت قەیران، یاسایەکی نوێ پەسەند بکرێت یان هەر ئەوە هەموار بێتەوە بە جۆرێ کە لە دۆخی فریاکەوتنیدا دیسان ماوەکەی زیاتر کرێت. هەرچۆنێک بێت ئەو یاسایانەی کە لە پاڕلەماندا وەکو یاسای نوێ دادەنرێن و هەروەها دەسکاری و گۆڕانی یاساکان رەواییان هەیە. کەواتە، بە دوور لە دادوەریی لەسەر دروست یان نادروست بوونی، درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی لە جاری پێشوودا و هەروەها ئەم جارەش ئەگەر بکرێت، بنەمای یاسایی هەیە. بە گشتی رێگای یاسایی کردن داخراو نییە تەنانەت بە بوونی یاسای بنەڕەتی ئەگەرچی لەو کاتەدا بەپێچەوانەی دۆخی ئێستاکە رێکاری تایبەت و سەختی دەبێت.

کەواتە لە پێوەندی لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمدا، بە روونی یەکەم کێشە نەبوونی یاسای بنەڕەتی (هەڵبەت بە شێوەی کاتیی و هەتاکو پەسەند دەکرێت) و کەڵکوەرگرتن لە یاسادانانی ئاسایی لە پەڕلەمان دایە، نەک سەرپێچی لە یاسا. بەڵام جگە لەم کێشەیە کە ساڵانێکە وەک خۆی ماوەتەوە، و ئەگەر کێشەکە لە خودی سیستەمی حکومەتی و سەرپێچی یاساییشدا نەبێت، لە چی دایە؟ لەم پێوەندییەدا دەکرێ بە دوو هۆکاری سەرەکی و زیاتر پێوەندیداری تر ئاماژە بکرێت:

یەکەم: جۆری کەلەپووریی سیاسی کە لەگەڵ سیستەمی حکومەتیدا لە پێوەندی دایە.

دووەم: بوونی دۆخی فریاکەوتن و قەیراناوی کە لەگەڵ یاسا لە پێوەندی دایە.

ئەلف- گۆڕینی کەلەپووریی سیاسی و دەنگی خەڵک: چارەسەریی سەرەکی و هەمیشەیی

بە بەراوردکردنی سێناریۆی سیستەمی سەرۆکایەتی لەگەڵ سیستەمی پاڕلەمانی و هەروەها لێکدانەوەی یاسا، بەو ئاکامەی دەگەین کە چارەسەریەکان تەنیا لە گۆڕینی پەتی سیستەم و یاساکاندا نییە، بەڵکو کێشەکان هۆکاری زۆریان هەیە و چارەسەریی بنەڕەتی پێویستە. جێگیربوونی دێمۆکراسی راستەقینە و گۆڕینی بەرەبەرەی کەلەپووریی سیاسی خەڵک رەنگە لە سەرەتاییترین چارەسەریەکان بن. ئەگەر کۆمەڵگا دێمۆکراتیک بێت، لە ناخیشیەوە حکومەتیکی دێمۆکراتیک دێتە دەرەوە و سەرکردەکانی ئەو کۆمەڵگا کە بەخێوکراو و هەڵقوڵاو لەو کەلەپوورەن دێمۆکرات و خاوەن زەینییەتی دیمۆکراتیک دەبن و لە هەر سیستەمێکدا کە بێت شێوازی دێمۆکراتیک و رای خەڵک و لایەنە جیاوازەکان لەبەرچاو دەگرن. ئەگەر وانەبێت بە هەر سیستەمێکەوە رەنگە رێگای ملهوڕی هەر بدۆزرێتەوە. کەواتە زۆر گرنگە کە کەلەپووریی سیاسی خەڵک و کۆمەڵگا لە کەلەپوورێکی داخراو و هەروەها کەلەپوورێکی خاوەن تاکی ناچالاک کە بەدوای کەس دەکەوێت، بەرەو کەلەپوورێکی بەشدارانە بڕوات واتە تاکەکان چالاکانە لە سیاسەتدا بەشداری بکەن و بڕیاردەر و ئاگا بن و هەست بکەن لەسەر بڕیارەکانی سیستەمی سیاسی کاریگەر دەبن.

ئێستا کوردستان تاڕادەیەک لە کەلەپووری داخراو تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لە کەلەپووری دواکەتندا ماوەتەوە و تاکی کورد زیاتر ناچالاکانە پێڕەوی دەکات و دوای کەس دەکەوێت و دواکەوتنەکەشی کەمتر لە رووی ئاگاییەوەیە. زیاتر هەستی دەمارگرژییان هەیە. وێرای ئەوەی کە دەسەڵاتی کوردی بە رەوا دەزانێت بەڵام پێوەندییەکی یەک لایەنە لە نێوان تاکی کورد و ئەم دەسەڵاتەدا هەیە. گۆڕینی کەلەپووریی سیاسی و گەیشتن بە پلەیەکی بەرز لە گەشەی مرۆیی و سیاسی تاک و کۆمەڵگای کوردی، دەتوانێت چارەسەریەکی سەرەکی و هەمیشەیی بێت بۆ زۆرێک لە کێشەکان و کەمکردنەوەیان. هەڵبەت لە دۆخی ئێستاکەدا رەنگە ئەمەش تاڕادەیەک ئاسایی بێت بەپێی هەڵکەوتی کوردستان لە ناوچەیەکی نادێمۆکراتیک و ئەزموونی زۆر کەمی دەسەڵاتدارێتی.

بەڵام جگە لە کەلەپووریی سیاسی، هەندێ کێشەی تر هەن کە لە کاتە قەیراناویەکاندا سەر هەڵدەدەن. بۆیە دۆخی فریاکەوتن و قەیران دەتوانێت هۆی سەرەکی زۆر کێشەی کاتیی بێت کە رەنگە خەڵکی خاوەن کراوەترین و بەشدارانەترین کەلەپووریی سیاسیش لەو دۆخەدا هەر ئەو کێشەیان هەبێت و هەر ئەو بڕیارەش بدەن. چۆن ئەو دۆخە دەتوانێت تێکدەر و لە نێوبەری گرنگایەتی هەموو پرسەکانی تر بێت. بۆ وێنە ئەگەر بوونی سیستەم و وڵاتێک کەوتە مەترسییەوە ئەدی کێشەی پێوەندیدار بە سەرۆک، سیستەم، یاسا و زۆر شتی تر دەکەونە پەڕاوێزەوە و رەنگە تا تێپەڕاندنی دۆخەکە هەڵاواسرێن.

ب- تێپەڕاندنی قەیران وەک هۆکاری سەرەکی کێشەی ئێستاکە

ئێستا لەلایەکەوە هەرێم هێشتا یاسای بنەڕەتی نییە و لە لایەکی تریشەوە تووشی قەیرانە و بەرەوڕووی دەسدرێژی بۆ سەر خاکی بووە، بۆیە دیسان بە دوور لە دادوەریی لەسەر دروست و نادروست بوونی ئەو کارە، ئەو هەلە رەخساوە کە بە بیانووی هەبوونی دۆخی فریاکەوتنی و قەیران و پەنا بردنە بەر یاسای ئاسایی، درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی پاساوی هەبێت و یاسایی بێت. واتە تا ئێستا بنەمای داواکاریی سەرپێچی لە یاسا و کاری نایاسایی لاوازە.

پاش پتر لە بیست ساڵ حکومەت، هەتاکو ئێستاش مەترسی لەسەر بوونییەتی هەرێم هەیە و نەتواندراوە ئەم قەیرانە تێپەڕێندرێت. لە ناو عێراقدا تازە و ئەویش بە هۆی شەڕی ‘داعش’ەوە توانیویە ناوچە دابڕاوەکان بگەڕێنێتەوە سەر کوردستان و لە دەرەوەش تازە کەوتبووە گڕوگاڵ بۆ رازی کردنی وڵاتان و کەیس پێکهێنان بۆ پاساوی سەربەخۆیی کە تووشیاری پەلاماری ‘داعش’ی پاڵپشتیکراو لەلایەن نەیاران و دژبەرانی سەربەخۆیی کوردەوە بوو. رەنگە ئەگەر کێشەی پەلاماردانی هەرێم نەبایە و زووتر کێشەی مانەوە یان سەربەخۆیی هەرێم دیاری کرایە، ئێستا بۆ وێنە کیشەیەک وەک کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم بوونی نەبوایە. واتە لە کوردستانێکی ئازادی خاوەن هێمنایەتی و ئاسایش کە داواکاریی دێمۆکراتیک بوونی هەبێت چی تر رەنگە هەوڵ بۆ مانەوەی بەردەوام لە سەر کورسی سەرۆکایەتی نەبوایە و هەندێ لایەنی تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش مانەوەی کەسێکیان بە پێویست نەزانیبایە و لە بەرانبەریشدا کەسانێک نەدەبوون کە رەخنە بگرن و کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم بکەنە سەرچاوەی هەموو کێشەکان.

دوا وتە

بۆ دۆزینەوەی کێشەی سەرەکی و چارەسەریی، دەبێت دۆخی هەمەلایەنەی کوردستان رەچاو بکرێت و هەوڵ نەدرێت بابەتێک زەق بکرێتەوە و بکرێتە سەرچاوەی هەموو کێشەکان کەچی بۆخۆی لە کێشەکانی تر وەک قەیرانی سیاسی و هێمنایەتی، نەبوونی کەلەپووریی سیاسی کراوە و بەشدارانە، زەینییەتی نادیمۆکراتیک و… سەرچاوە دەگرێت.

بە گشتی کێشەکان سنووردار ناکرێنەوە بە یەک دوو کەس یان لایەن. بەپێی ئەو باسانەی سەرەوە، کێشەی سیاسی ئێستاکەی کوردستان بە پێی سەرچاوەکانی سێ چارەسەریی سەرەکی هەیە:

یەکەم  لە ئێستادا : تێپەڕاندنی قەیرانی شەڕی ‘داعش’ە کە دۆخێکی قەیراناوی و فریاکەوتنی بۆ پاساوی زۆر کێشەی تر پێکهێناوە.

دووەم: تێپەڕاندن و پەسەندکردنی یاسای بنەڕەتییە، کە لە نەبوونی یاسایەکی بنەڕەتی تەواودا کێشەکانی تر بە یاسای ئاسایی پاڕلەمان چارەسەر دەکرێن و حوکمی یاسای بنەڕەتییان هەیە و بە هاسانیش دەگۆڕدرێن.

بۆیە بە هۆی دۆخی ئێستاکە دەروازەی یاسادانان و گۆڕان تەنانەت لەسەر بابەتێکی گرنگ وەک سەرۆکایەتیش کراوەیە. کەچی بە بوونی یاسای بنەڕەتی لانیکەم کێشەی سەرۆکایەتی و رەنگە دۆخی قەیران یەکلایی و دیار بێت. هەرچەند یاسای بنەڕەتیش بەوجۆرە نابێت کە هەر گۆڕانی بە سەردا نەیەت، بەڵام بە سەختی دەبێت و خودی یاساش دەبێت رێکارەکەی دیاری بکات.

سێهەم: گۆڕانی کەلەپووریی سیاسی چارەسەریی هەمیشەییە چونکە بە هەبوونی روانگەیەکی دروستی هاووڵاتییان لەسەر سیاسەت و کەلەپووریی بەشدارانەیە، کە کۆمەڵگایەکی دێمۆکراتیک و خاوەن سیستەمی سیاسی شیاو بە جۆرێ کە لایەنەکانیش بە شێوازی دێمۆکراتیک مامەڵە بکەن پێکدێت و چاکترین، دڵسۆزترین و کارامەترین تاکەکان هەڵسووڕانی سیستەمی سیاسی بە ئەستۆ دەگرن. ئەم کەلەپوورە لەسەر حێزبەکان و لە ئاکامیشدا لەسەر دەسەڵاتی یاسادانانیش کاریگەری دەبێت و کێشەو ململانێیەکان بە ئاقارێکی دروست و نەتەوەییدا دەڕۆن.

…..

* دکتۆرای زانستە سیاسییەکان و مامۆستای زانکۆ.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com