نوچەنێت
یەکگرتوو: 19ى ئاب بۆ دواخستنى کۆبونەوە بووە نەک هەموارى یاسای سەرۆکى هەرێم
(سەرۆکى پەرلەمان لە ترسی موزایداتى پەرلەمانتاران نەیویست ئەوئەرکە ئەنجام بدات )
لە کۆبوونەوەى 19ى ئابدا بڕیار بوو بۆ هەموارى یاسای سەرۆکایەتى هەرێم بێت، بەڵام یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، لە کۆی دە پەرلەمانتار تەنها پێنجیان بەشدارییان لە کۆبونەوەى 19ى ئابدا کرد، ئەوەش کاردانەوەى جیاوازى لێکەوتەوە و بەشێک لە لایەنەکان پێیان وابوو، ئەگەر یەکگرتوو بە تەواوى پەرلەمانتارەکانییەوە بەشدارى ئەو کۆبونەوەى بکردایە ئەوا نیسابى یاسایی تەواو دەبوو و دواتر دەستدەکرا بە هەموارى یاسای سەرۆکایەتى هەرێم.
یاریدەرى ئەمیندارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان رایگەیاندوە، کۆبونەوەى 19ى ئابى پەرلەمانى کوردستان تەنها بۆ چۆنیەتى دواخستنى کۆبونەوەکە بووە، کە پێشتر کۆی لایەنە سیاسییەکان لە سەرى رێککەوتبوون، بۆیە تاوانبارکردنى یەکگرتوولە کۆبونەوەى 19ى ئابدا هەڵەیەکى بەبابووە.
محەمەد ئەحمەد، یاریدەرى ئەمیندارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، لە لاپەڕەى تایبەتى خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتى، سەرۆکی پەرلەمان لە ترسی موزایداتى پەرلەمانتاران نەیویست ئەو ئەرکە ئەنجام بدات و فراکسیۆنەکانیش بە هەمان شێوە ویستیان کۆی پەرلەمانتاران کۆببنەوە تا پێکەوە کۆبونەوەکە دوابخەن.
هەروەها نووسیویەتى، کۆبونەوەى 19ى ئابى پەرلەمان بۆ هەموارى یاسا نەبووە و یاساکەش بۆ دواى ساڵى 2017 هەموار دەکرایەوە نەک بۆ ئێستا کەواتە یاساکەش ئەو کاتە هەموار بکرایەتەوە یان لە ئایندەدا بکرێت بۆ دواى 2017 یە بۆیە تاوانبارکردنى یەکگرتوو بەوەى گوایە ئەگەر کۆی پەرلەمانتارانى یەکگرتوو بەشدار بونایە، ئێستا ئاڵوگۆڕى دەسەڵاتى سەرۆکى هەرێم روویدابوو، یان یەکێک لە رێگەى پەرلەمانەوە هەڵبژێردرابوو بۆ سەرۆکایەتى هەرێم و ئێستا قۆناغى دەورە تەسلیم بوو،ئەمە جگە لە هەڵەیەکى بەبابو هیچى تر نیە.
بێستون فایەق، پەرلەمانتارى بزووتنەوەى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان، بە نوچەنێتى راگەیاند: ئەوە رای تایبەتى خۆیەتى و پێدەچێت بەرێز محەمەد ئەحمەد، شارەزایی لە کارى پەرلەمان و پێڕەوى ناخۆی پەرلەمان نەبێت، ئەگەرنا کە نیسابى یاسایی پەرلەمانتاران تەواو بێت کارى یاسایی خۆی دەکات و ئەگەریش یاساکە بەتەواوى هەموار نەکرایەتەوە خوێندنەوەى بۆ دەکرا لانى کەم نیوەى یاساکە هەموار دەکرایەوە.
هەوەها رایگەیاند: لەوانەیە پەرلەمانتارێک داواى دواخستنى کۆبونەوەکەى بکردایە بەڵام بڕیار وابوو ئەگەر نیسابى یاسایی تەواو بێت یاساکە هەموار بکرێتەوە.