نوچەنێت
لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا لە پارێزگای هەولێر چەند ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕوویداوە کە بوونەتە هۆی ئەوەی ٢١ قوربانی بەدوای خۆیدا جێبهێڵێت.
ئەمڕۆ دوو شەممە وتەبێژانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاماری ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنییان ڕاگەیاند.
لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا کاروان عەبدولکەریم ،وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند”لە هەرچوار رۆژی جەژندا لە نێو شاری هەولێر تەنیا یەک حاڵەتی دزی تۆمارکراوە، کە سێیەم رۆژی جەژن بووە و هێزەکانی پۆلیس سەرقاڵی دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی دزییەکەن”.
وتەبێژەکەی پۆلیسی هەولێر ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”ئەمە یەکەمینجارە کەمترین حاڵەتی دزی لە رۆژانی جەژندا تۆمارکرابێت لە شاری هەولێردا”.
لای خۆشییەوە وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند” لە هەرچوار رۆژی جەژندا ٩ رووداوی هاتووچۆ روویانداوە کە ٦یان وەرگەڕان و ٣یەکەی دیکە پێکدادان بوونە. تەنیا یەکێک لە رووداوەکانیش لە نێو شاری هەولێر بووە، ئەوانی دیکە سەرجەمیان لە رێگاکانی دەرەوە روویانداوە.
فازل حاجی حوسێن،وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر وتیشی” ئەنجامی رووداوەکانی هاتووچۆدا لەماوەی ٤ رۆژی جەژن ٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٧ی دیکە برینداربوون”.