یه‌كگرتوو به‌شداری كۆبوونه‌وه پێنج قۆڵییه‌كان ده‌كاته‌وه
نوچه‌نێت: هه‌ولێر
وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌وڵی زۆرییان له‌گه‌ڵ دراوه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنه پێنج قۆڵییه‌كان، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “هه‌ركاتێك ئه‌و خاڵانه جێبه‌جێ كران، كه بوونه هۆی هه‌ڵپه‌ساردنی كۆبوونه‌وه‌كان، ئه‌وا به‌شداری ده‌كه‌نه‌وه”.
دكتۆر سه‌لاحه‌دین بابه‌كر وته‌بێژ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت وتی “چه‌نده هه‌وڵێكی ناره‌سمی دراون بۆ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه پێنج قۆڵییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه فه‌رمییه و ئێمه له‌سه‌ری كۆكین، ئه‌وه‌یه، كه ده‌سه‌ڵات واته پارتی و یه‌كێتی پێویسته ئه‌و خاڵانه‌ی كه كۆبوونه‌وه‌كانی له‌سه‌ر هه‌ڵپه‌سێردرابوون، به كرده‌وه جێبه‌جێی بكه‌ن، راسته‌وخۆ كووبونه‌وه‌كان ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه و به‌شداری كۆبوونه‌وه پێنج قۆڵییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه”.
وته‌بێژه‌كه‌ی یه‌كگرتوو ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له هه‌رێمی كوردستان، لیژنه‌یان پێكهێناوه بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، وتی “ئه‌وان ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتییان موكه‌له‌ف كردووه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌كییان هاتبن، به‌ناوی هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌وه هاتوون، له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان هه‌وڵ هه‌یه، واته له‌سه‌ر ئاستی مه‌كته‌ب سیاسییه‌كان و له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كانیش هه‌وڵ هه‌یه، بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان”.