نوچەنێت
دوێنێ 24ئەیلول،لە کەمپى ماملیانى سەربە سنوورى قەزاى ئاکرێ شەڕ لە نێوان دانیشتوانى کەمپەکە دوو جار روویدا، ئەندام پەرلەمانێکیش رایدەگەیەنێت، کە کێشەکە کۆنترۆڵکراو بێ هێچ زیانێک کۆتایى هات.
کەمپی ماملیان سێ هەزار خێوەتگە ى تێدایەو لەسەدا حەفتاى دانیشتوانەکەى کوردانى ئێزدین، لە سەدا پانزەى شەبەکن و لە سەدا پانزەى پێکهاتەى ترن.
لە رۆژى 24ى ئەیلولدا، دانیشتوانى کەمپەکە دووجار شەڕ لە نێواندا دروستبوو، بەپێى قسەى نازم کبیر ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، گرفتەکە بێ زیان کۆتایى هات و بە هاوکارى لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگاى ئەمنى چارەسەرکرا.
سەبارەت بە دەنگۆى هەبوونى بریندار و کوژراو لەو شەڕەدا لە هەندێ دەزگاى راگەیاندنەوە نازم کبیر بە نوچەنێتـى گوت” کێشەکە شتێکى زۆربچووک و ئاسایى بوو، بەڵام لایەن هەبوون دەیانویست گەورەى بکەن و ئاژاوەى لێبنێنەوە. بەداخەوە هەندێ دەزگاى راگەیاندنیش دڵەڕاوکێیان بۆ خەڵک دروستکرد، بڵاویان کردەوە کە کوژراو و بریندار هەیە کە هیچ بنەمایەکى راستى نییە و ئەو ئامبولانسانەى دەزگاى میرى کە هاتبوونە بەر دەرگاى کەمپەکە، لە هەمان دەڵەراوکێوە کە درووستببوو هاتبوون بە بێ ئەوەى داوایان لێکرابێ یان بریندارێک هەبێ”.
ئەو ئەندام پەرلەمانە داوا لە خەڵک دەکات” پێویستە تەنیا بە هەواڵى راگەیاندێک باوەڕ نەکەن و تووشى دڵەڕاوکێ نەبن. تاکو راگەیاندنى فەرمى دەبیستن. هەروەها شەو هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوەکردوووە کە، ئەوان خاوەنى یەک دوژمنى هاوبەشن و بەهۆى یەک قەزیەوە ماڵوحاڵى خۆیان بەجێهێشتووەو لەو کەمپەدان”.