حکومەتی هەرێم: هیچ قەدەغەکردنێک لە سەر هەناردەکردنى نەوتی کوردستان نیە

0

نوچەنێت

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بارەى بڕیارەکەى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ئەمریکا لە سەر کەشتییە نەوتەکەى هەرێم هاتە دەنگ و رایگەیاند دەبێت حکومەتى عێراق واز لە داواکەى بهێنێت چوونکە نەوتەکەى هەرێم فرۆشراوەو تەسلیمکراوەو دەبوایە پێشتریش وازی لێبهێنایە.

لە روونکردنەوەیەکى حکومەتى هەرێمدا کە لە ماڵپەڕى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە ، هیچ قەدەغەکردنێک لە سەر هەناردەکردنى نەوتی کوردستان بۆ ئەمریکا و شوێنەکانى تر نیە و هەرێم بەردەوام دەبێت لە سەر هەناردەکردنى هایدرۆکاربۆنەکان هەروەک لە دەستورى عێراق رێگەى پێدراوە.

دوێنى دادگاى باشوورى تەکساس بڕیاریدا، کەیسى کەشتییە نەوتیەکەى هەرێم(یونایتد کالاڤریتا) لە بەرژەوەندى وەزارەتى نەوتى عێراق یەکلا بکاتەوە.

دادگاى تەکساس رایگەیاندووە، بە هۆى بڕیارى بەتاڵکردنى بارە نەوتەکە لە ئیسرائیل، حکومەتى هەرێم کەیسەکەى ئاڵۆز کردووەو بووەتە هۆی ئەوەى کەیسەکە بدۆرێنێت.

شێرکۆ جەودەت سەرۆکى لێژنەى وزەو سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، بە نوچەنێتى راگەیاند: دادگاى ئەمریکا بڕیارى لە سەر کەیسى کەشتییە نەوتیەکەى هەرێم لە بەرژەوەندى بەغداد داوەو پێویستە هەرێم و بەغداد رێکبکەون تاکو بەغداد سکاڵاى خۆی بکێشێتەوە.

هەروەها ناوبراو گوتى: لەو جورە کێشانە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەکو دەوڵەتى عێراقى مامەڵەى لە گەڵدا دەکرێ و لە بەرژەوندى وڵات بڕیار دەدرێ، بەڵام ئێمە پێمان وایە بۆمان هەیە نەوتى خۆمان بفرۆشین، دەبێ بەپێی یاسای وەزارەتى نەوتى عێراق، هەناردەکرن رێکبخرێ تاکو کێشەى لەو جۆرە دروست نەبێ.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com