نوچەنێت
پەرلەمانتارێکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە لێژنەى نەزاهە دەستلەکار دەکێشێتەوە و بەمەش دووەمین پەرلەمانتارى حزبەکەى کە وازیان لەو لێژنە هێناوە.
خەلەف ئەحمەد ئەندام پەرلەمانى کوردستان ،لە فراکسیۆنى سەوز بە نوچەنێتى راگەیاند: لێژنەکە ناتوانێت روبەڕوى گەندەڵییەکان ببێتەوە و هەنگاوێک بنێت بەرەو چاکسازى.
هەروەها وتیشی”لە رابردوو کۆمەڵێک مەلەف هەبوو و کۆکراوەتەوە و دراوە بە لایەنى پەیوەندیدار، کە بریتییە لە دەستەى گشتى نەزاهە، دیوانى رەقابەى مالى و داواکارى گشتی لە هەرێمى کوردستان،بەڵام کە ئەگاتە ئاستێکى بەرز کە گەندەڵییەکان کراون، رادەگیرێت و ناچێتە پێشەوە، بۆیە لەو بڕوایەدام ئەم لێژنەى نەزاهەى ئێستا ناتوانێت ئەو کار و ئەرکانە راپەڕێنێت.
خەلەف ئەحمەد گوتیشى: لە پەرلەمانیش گرینگی ئەو تۆ نادرێ بە لێژنەکە، تاکە لێژنەیەك کە تاکو ئێستا هۆڵى کۆبوونەوەى نەبێ کۆبونەوەى لێبکات لێژنەى نەزاهەیە، ئەگەر ئێمە لە ناو موئەسەسەى خۆمان گرینگیمان پێ نەدرێ ئەبێ چاوەڕێى چى بکەین لە دەسەڵاتى جێبەجێکار.
ئەو پاڕلەمانتارە وتیشی”لەلایەکى تر سەرۆکى لێژنەى نەزاهە مامۆستا عومەر کۆچەر کارەکانى هەڵپەساردووە و ئێمە دوو مانگ و 20 رۆژە کۆبوونەوەى لێژنەى نەزاهەمان نەکردووە، کەواتە ئەم لێژنەیە بەرهەمی نابێت و خۆم عەیبدار ناکەم و دەستلەکاردەکێشمەوە.
خەلەف ئەحمەد ئاماژەى بەوەدا و گوتى: ئیرادەى چاکسازى لە کوردستان نییە، چونکە حکومەتى بنکە فراوانەو بۆ چاکسازی پێویستى بە رێکەوتنى هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان هەیە، بۆیە لە ئێستادا چاکسازی بوونى نییە.