پیاوێكی كورد لە سوید چیرۆكی ژیانی دەگێڕیتەوە … لێرە ژن پیاوی داغان كردووە

0

پیاوێكی كورد لە سوید چیرۆكی ژیانی دەگێڕیتەوە … لێرە ژن پیاوی داغان كردووە

من هەڵە بووم كە دەمویست هەمان پیاوە بەبڕیارەكەی كوردستان بم، بەڵام ژنەكەشم هەڵەبوو كە لەپڕێك خۆی لێگۆڕا

رزگار رەزا چوچانی ــ سوید

نوچەنێت/ گۆڤاری سڤیل

شەوێكی درەنگ لەڕێگای ئیمەیلەوە نامەیەكم بۆ هات، نوسرابوو كە ئیمەیلەكەت خوێندەوە بێ بیركردنەوە، بەم ژمارە تەلەفۆنە پەیوەندیم پێوەبكە، ژمارە تەلەفۆنەكە سوید بوو، بۆیە نەمتوانی نامەكە وەك خۆی جێبەجێبكەم، چونكە لێرە ناتوانی لەكاتی خۆی دەرچوو پەیوەندی بكەیت، ترساشم ژمارەی كەسێكی دیكە بەهەڵە نێردرابێت، چونكە كورد لێرەش هەمان كاردەكەن.

بەیانییەكەی تەلەفۆنم كرد، دەنگێكی ماندوو وەڵامی دامەوە، خۆم ناساند، گوتی شەو هەر چاوەڕێ بووم. گوتی دەیەوێت كێشەكەی خۆیم بۆ باس بكات وەك ئەوانی دیكە كە كێشەكانیانم بڵاو كردۆتەوە. ئەو پێشتر لەمنی پرسی بوو، لەچ شارێكم، كاتمان دانا، چاوەڕێی كەسێكی گەنج بووم، بەڵام پیاوێكی بەتەمەن بەرەو رووم هات، كە سەر و سمێڵێكی بۆیاخكراوی هەبوو، بەروخساریشیدا ماندووتر دیاربوو لەوەی من تەسەورم دەكرد. ئەو لەمن شارەزاتر بوو، بەدەستەكانی ئاماژەی بۆ جێگایەك كرد كە دەتوانین هەر بەپیاسە بڕۆین و قسەبكەین.

لەڕێگا دەستی بەقسەكرد، بێزاری خۆی دەبڕی لەو كەسانەی لەم وڵاتە كاری رۆژنامەوانی دەكەن و گوتی “كاكە لەم وڵاتە قەڵەم بەدەست زۆرە، بەڵام هەمووی خۆی كردووە بەسیاسی و جوێن بەسیاسەت دەدات، هەمووی خۆی كردووە بەخەبیر و قسەی زڵ بەوڵات دەڵێن، زۆربەشیان نەك باشتر نین لەسیاسییەكانی ئەوێ، بەڵكو ئەوەندە ماڵوێرانن ئێستاش لەسەر سۆسیال دەژین، خۆیان لەوە بەگەورەتر دەزانن كە كار لەسەر كێشە كۆمەڵایەتیەكان بكەن، كە ماڵی زۆر كوردی وەك منی وێران كردووە”. گوتی “لەڕێگای نێتەوە جاروبار تۆ دەبینم كاردەكەیت، بەڵام تۆش كەوتوویتە ژێر كاریگەری ژن و هەر سوكانەكە بەلای ئەوان دەشكێنیتەوە”. من پێكەنیم، پێیگوتم “پێمەكەنە بەجددیمە، لەم وڵاتە ژن پیاوی داغان كردووە، تۆش بەدوو قسەی ئەوان تێدەكەوی، كێشەی ناكێشەی ئەوان دەنوسیت، هەزارانی وەك من هەن بەسەریان ناكەیتەوە”. گەشتینەجێ، ئاوێكی ساردم بۆ هێنا، گوتم خۆت فێنك بكەرەوە، توڕە دیاری، گوتی “كاكە من رۆحم گڕی گرتووە، ئاو بە من چی؟”.

دەستی بەگێڕانەوەی كێشەكەی كرد “من كاتێك هاتمە دەرەوە، ژنێك و دوو منداڵم هەبوو، دوو منداڵەكەم زۆر خۆش دەویست، بڕوابكە لەگەڵ ژنەكەش كێشەم نەبوو، بەڵام ئەم وڵاتە ئەوانی لەمن كردو منیش لەئەوان، دەزانی نە من بەرگەی ئەو گۆڕانكارییە خێزانییە گەورەم گرت و نە ژنەكەشم، نە من توانیم خۆم بگۆڕم و ببمە پیاوێكی ئەوروپی، نە ژنەكەشم قبوڵی گۆڕانی لەسەرەخۆی منی كرد، ئەو لەپڕێ بووە كوڕێ، لەپڕ لەژنێكی ماڵی كوردەوە، بووە ژنێكی ئەوروپی و بازاڕی و منیش هێندەی دیكە بوومە پیاوێكی داخراو، ئا لەوێوە كێشەكانی من دەستیپێكرد”، دەڵێت “كاكە لەم وڵاتە بەدەست خۆت نییە، سیستەمەكە ژنەكەت دەكاتە ژنی دەرەوە، دەبێ ژنەكەش وەك تۆ ماندووبێت، تۆش وەك ژنەكەت ماندوو، كاتت بۆ نامێنێتەوە وەك پێویست پێكەوەبن، ژن چاوی دەكرێتەوە، ئیدی قبوڵی نییە پیاو وەك ئاغا دابنیشێت و ئەویش خزمەتی بكات، بەڵام كێشەی من لەوە نەبوو كە دەبێت هەمان ئاغای جاران بم، كێشەی من لەوەدا بوو ژنەكەم لەپڕێ بووە كوڕێ، خۆی لێگۆڕا و بووە ژنێك كە منی بەپیاوێكی دواكەوتوو، نەزان دەهاتە بەرچاو و خۆی بەمەغدوور دەزانی لەگەڵ من بژی”. ئەو پیاوە دەڵێت “من دەمزانی مەسەلە چییە؟ ژنەكەم لەجێگایەك كاری دەكرد، دوو ژنی كوردی لەگەڵ بوو، ئەوەندەیان پێگوتبوو كە ئەوان لەچەند پیاوێك جیابوونەتەوە و منداڵەكانیشیان پەكی نەكەوتووە، بەهەڵەیاندا برد و ژنەكەم بەئاشكرا شەڕی پێدەفرۆشتم تا توشی رەدفعلی كردم، دەستم لێبەرزكردەوە، ئەوە بووە بەڵگەی ئەوەی پێی جیابێتەوە و منداڵەكان ببات لەگەڵ خۆی و من تەنیا بمێنمەوە، دوای ئەوە تەنیای رۆحی خواردم، وام لێهاتبوو خەریكبوو تێكدەچووم، لەوڵاتێكی تاریك و سارد، بەتەنیا و بێكەس، نەخۆش و كەس لێت نەپرسێت، دەزانی ئەوەندە سەختە گێڕانەوەی بەدەم خۆشە”.

ئەو پیاوە بەردەوام بوو لەگێڕانەوەی بەسەرهاتەكانی و سەختی ئەو ماوەی دوای جیابوونەوەی لەمنداڵەكانی بەسەری بردووە، تا ئەوكاتەی بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێكی دیكە دەكات. گوتی “دوای ماوەیەك، لەڕێی كارەوە ژنێكی كوردم ناسی، دواتر بوومە ناسراوی پیاوەكەشی، سەردانیان دەكردم و سەردانم دەكردن، زۆرخۆش بوو بۆ من ماڵە كوردێكم ناسی كە رێز و میوانداریان دەكردم، دوای ئەوە لەڕێی ئەوانەوە ژنێكی دیكەم ناسی، ئەو ژنە لەمێژتر لەمن لەسوید دەژیا، ئەویش تەنیابوو، بیرم كردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو بۆ من باشە، چونكە ژنێك نییە تازە پێگەشتوو، یان ژنێك بێت كە تازە ئەم ئازادییەی ئێرەی دیتبێ، تێمگەیاند كە رەنگە من هەڵە بووبم لەگەڵ ژنی پێشووم كە دەمویست هەمان پیاوە بەبڕیارەكەی كوردستان بم، بەڵام ئەویش هەڵەبوو كە لەپڕێك خۆی لێگۆڕا”. گوتم “پێمخۆشە هاوسەرگیری لەگەڵ تۆ بكەم، ئەویش زۆری پێخۆشبوو، گوتی تەنیایی بۆ منیش ناخۆشە، لەسەر سوننەتی خواو پێغەمبەر زەواجمان كرد و تاماوەیەك بۆ من زۆر خۆش دەگوزەرا، ماڵێكی ئاوەدان، كورە هەموو شتێكی جوان، بەڵام ئەویش كاتی بوو، چۆن لەژنەكەی خۆم توشی شۆك بووم، كە لەناكاو گۆڕا لەمیش وام لێهات، كە دەمبینی ئەو ژنە ماقوڵە تەمسیلی كردووە بۆ من، وردە وردە دەبۆوە موراهیق، پێم سەیربوو، ئێوارەیەك گوتی دەبێت بچینە دیسكۆ، نەمتوانی ئەو هەموو توڕەبوونەی لەناخمایە دەربڕم، بۆ ئەوەی ئەویشم لەدەست نەچێت، پێمگوت من و تۆ موراهیق نین، گوتی ئاوا خۆت دەگۆڕیت و رادێی، بەگوێیم كرد و چووین، لەوێ ئەوەی زیاتر نیگەرانی كردم، زیاد لەپێویست خۆمەستكردنی بوو، بەڕاستی قبوڵكراو نەبوو بۆ من، بەڵام خۆم گرت. تەبیعەتی ئەوەندە دوور كەوتەوە لەمن نەمدەتوانی بەردەوام بم، بەڵام منداڵێكیشم لەگەڵ ئەو بەڕێوەبوو، ناچار بەردەوامیم پێدا. هەستمدەكرد ئازاری نەفسی خۆم زۆر دەدات، بەشێوەیەك كە رەنگدانەوەی هەبوو لەنزیكبوونەوەم لێی وەك هاوسەرێك، كێشەكەمان وایلێهات ئەویش چووە سەر دارێكی بەرز و داوای جیابونەوەی كرد، ئەویش جیابۆوە، منداڵەكەشی لەلایە”.

ئەو پیاوە كوردە بەدوای چارەسەری ژیانی تەنهایی خۆی، ناچار روو لەكوردستان دەكاتەوە، لەوێوە كچێك بەبوكێنی بۆ سوید دەهێنێت. دەڵێت “بیرم لەوەكردەوە بچمەوە و لەكوردستان ژن بهێنم، چونكە پێم وابوو تا ئەو هێدی هێدی لەگەڵ ئێرە دەگونجێت، منیش خۆم رادێنم، چونكە دەمزانی مانەوەم وەك پیاوی كورد موستەحیلە، دەبێت رابێم. چوومەوە و ژنێكم لەلادێ لەخزمەكانی خۆم خواست، هەرچۆن بوو رازیم كردن، ئەوان پێیان باش نەبوو كچیان بێتە غەریبی، هاتە ئێرە بەڵام لەناو ئەو تێكەڵاوییەی لەلادێ و هاتنی بۆ ئەم تەنهاییەی ئێرە، زۆر زەحمەت بوو لەلای، زۆر هەوڵمدا رابێت، سەفەری زۆرم لەگەڵ دەكرد، بەڵام ئەو دەیگوت خۆ تۆ خۆت لێ زیاد نییە، من و تۆ لەم ماڵەدا بمرین، كەس نییە لێمان بپرسێت، ئەمە كەی ژیانە؟ تاماوەی ساڵێك، هەرچیم كرد لەوە زیاتر تەحەمولی نەكرد. ئەو وا راهاتبوو كەسێكی سەری بیەشێت سەردانی بكات، بۆیە لێرەوە كە دەیبیست كەسێكی ناساخە، دایك یان برا و باوك و خوشك، ئاگری دەگرت، زۆر خەریكی بووم، رانەهات و مەرجی یان چوونەوە یان جیابونەوەی هەبوو، راستی من نەمتوانی بچمەوە و نەشمتوانی ئەو بەو شێوەیە بهێڵمەوە”. لەبارەی ژیانی دەرەوە و نەگەڕانەوەی بۆ كوردستان لەگەڵ ژنی سێهەمیشی، گوتی “ئاخر برا دەرەوەش هەر بەقسە خۆشە، بەڵام بۆ ئێمە سەختە بگەڕێینەوە، چونكە هەموو شتمان لەكوردستان لەدەستداوە. تازە بەتاوە بگەڕێینەوە و لەسفرەوە دەستپێبكەینەوە، بەتایبەت بۆ من كە سێ منداڵم لێرەیە، لای دوو ژنەكەی دیكەم”.

ئەم پیاوە مەبەستی قسەكردنەكەی بۆ (سڤیل) وا باسكرد كە “نەمەبەستم ئەوەیە بڵێم، ژنێكم بەقسەی ژنە فاشیلەكانی كرد و خۆی و من و منداڵەكانیشی ماڵوێران كرد، مەبەستم ئەوەش نییە بڵێم ژنی ئێرە خراپن و لەگەڵ پیاوی كورد ناگونجێن. ناشمەوێ بڵێم ژنێك لەوێوە بێت سەركەوتوو نابێت، دەمەوێ سێ مەبەستی خۆم باس بكەم. یەكەم، داوا لەپیاوی خێزاندار بكەم، روو نەكاتە دەرەوە و لەوڵاتەكەی خۆی بمێنێتەوە، با سەر لەخێزان و منداڵەكانی نەشێوێت، دووەم، بەدەزگا كۆمەڵایەتیەكانی كوردستانیش بڵێم، كۆمەڵێكی كوردی زۆر لەم وڵاتانەی ئەوروپا هەیە، پێویستە بەرنامەتان بۆ ئەوانیش هەبێت، خێزانەكانی كورد زۆربەی هەرەزۆریان هەڵوەشاوەن، كێشەیان هەیە، ئەوەش زیانی بۆ ناوبانگی كورد هەبووە، تكایە پشت بەو رێكخراوە كوردانەی كە لێرە دروستكراون مەبەستن بۆ چارەسەری ئەم كێشانەی كە روو لەخێزانی كورد دەكات، ئاخر ئەگەر كێشە بچوكیش بێت ئەوان گەورەی دەكەن، بەس بۆ ئەوەی خۆیانی پێ بژیێنن”.

ئەو پیاوە، بەهەناسە ساردییەوە، رووی دەمی كردە حكومەتی هەرێم و گوتیشی “سێهەم خاڵ كە زۆر گرنگە، تكا دەكەم حكومەتی هەرێم، ئەم هەموو كوردە پەرتەوازە بووە، بیر لەرێكخستنی كۆمەڵایەتیان بكەرەوە، چونكە كێشەی خێزانی كورد وەك كورد دەچێتە سەر راگەیاندنەكانی ئێرە و لەسەر كورد حسابە، تكایە مەڵێن دۆخ گۆڕاوە، ئەی هەر دوێنێ نەبوو، باوكێكی كورد كچەكەی خۆی كوشت و ناوی هەموو كورد زڕا؟ ئەی دوێنێ نەبوو لەنەرویج باوكێكی كورد منداڵەكانی خۆی رفاند و ناوی كورد دیسان زڕا؟. داوا لەوانەش دەكەم كە لەئەوروپان و قەڵەمیان بەدەستە، بەجدی كار لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی كورد بكەن و هەوڵی هۆشیاری ئەو خێزانانە بدەن. ئەوەندەی خۆیان بەدەسەڵاتی كوردی خەریك دەكەن و لێرەوە جنێو دەدەن، نیو ئەوەندە خەریكی باسكردنی كێشەی خێزانی كورد و هۆشیاركردنەوەیان بن لەئەوروپا، چونكە سبەی كە پیاوێكی كورد توندوتیژی بەرانبەر خێزانەكەی یان كچەكەی دەكات، هاوڕێی كارەكەی كە پێیگوت كوردێك كارێكی وایكردووە، زۆر زیاتر لەوە سەرشۆڕ دەبێت، كە پێی بڵێن لەكوردستان ئەوە گوزەراوە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com