کەمال کەرکووکی لە کۆنگرەی شەشەمی پەیەدە:ئێمە هاتووین پشتگیریتان بکەین

0

سەرۆکی شاندی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە ڕمێڵان لە کۆنگرەی شەشەمی پارتی یەکێتی دیمۆکرات وتارێکی پێشکەش کرد.

کەمال کەرکووکی سەرۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی شەشەمی پارتی یەکێتی دیمۆکرات وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند” ئێمە هاتووین پشتگیری لە بەشێكی ئەو گەلە بکەین کە خاکەکەی دابەش کراوە و ئێستا بەسەربەرزییەوە خەریکە خاکی خۆی وەدەست دەهێنێتەوە”

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا کەرکووکی وتی” ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان دابەش کرد مەرامی تایبەتی خۆیان هەبوو،ڕێگەیان نەدا کورد بە ئازادی بژی،بۆیە دابەشیان کرد،ئەوان ویستیان کورد بێدەنگ بکەن و لە مافی سەربەخۆ بوون بێ بەشی بکەن”.

هەر لەو وتارەدا کەرکووکی وتی”بەڵام ئێستا گەلی کورد لە باشووری کوردستان خەریکە تەوواوی خاکی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە،لە کاتێکدا وڵاتانی زلهێز بە زۆرداری لەکۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم بەشێكی زۆری خاکی کوردستانیان لکاند بە عێراقەوە”.

هەروەها وتی”ڕژێمە یەك لە دوای یەکەکانی عێراق بەوپەڕی زۆرداری و دڕندەییەوە ڕووبەڕووی گەلی ئێمە بوونەوە و گەلی کوردیان لەو پارچەیە دووچاری نەهامەتی و دەردەداری کردەوە،هەر بە کیمیا باران کردن و ئەنفال و دەیان شێوەی تری لەناو بردن.

هەروەها وتی”لە ئێستاشدا بوودجە و موچەی کوردستان بڕدراوە و ڕێگە نادرێت کوردستان بەشێویەکی یاسایی هێزی پێشمەرگەی خۆی پڕچەك و تۆکمە تر بکات”.

کەرکووکی وتیشی”بەڵام گەلی کورد هیچ کات نەبووە هۆکاری کێشە و لە ئێستادا لە باشووری کوردستانەوە گەلی ئێمە خەریکی بەدەست هێنانەوەی مافەکانی خۆیەتی”.

لە بەشێكی تری وتارەکەیدا کەمال کەرکووکی وتی”ئێمە دڵنیاین گەلی کوردمان لە ڕۆژئاوای کوردستان،هیچ دوور نییە لە گەیشتن بە بەدەست هێنانی مافەکانی خۆیی .”

لەو وتارەدا کەرکوکی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە”سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەپاڵپشتی کردنی گەلی کورد لە هەر پارچەیەکی تری کوردستان،و لە گرنگترین ساتەوەختدا بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە پاڕلەمان کرد ڕێکاری یاسایی بگرن بەر بۆ ناردنی هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان لە باشووری وڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی هاوکاری کردنی خەباتی گەلی کورد لەو پارچەیە”.

کەمال کەرکووکی لە وتارەکەیدا زیاتر جەختی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان کردەو و وتی” داوا لە هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین کە یەك ڕیزی خۆیان تێك نەدەن و هاوکاری یەکتر بن بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی گەلی کوردستان لەو پارچەیەی کوردستان ، ئێمەش وەك پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە هەموو شێوەیەك ئامادەی هاوکاری کردنی نێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستانین”.

لە کۆتایی وتارەکەیدا کەمال کەرکووکی هیوای خواست کۆنگرەی شەشەمی پارتی یەکێتی دیمۆکرات سەرکەوتوو بێت و لە پێشکەوتنی زیاتر بەردەوام بێت بە مەبەستی بەدەست هێنانی مافەکانی گەلی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com